د. بینایی كامەران: پێویستە لەم مانگەدا بایەخی زۆر بە ئاو وشلەمەنییەكان بدرێت لە دوای بەربانگ

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

ئەوانەی دەیانەوێت مانگی ڕەمەزان بكەنە دەرفەتێك بۆ خۆلاوازكردن، چۆن بتوانن كێشیان بە شێوەیەكی تەندروست دابەزێنن، هەروەك ڕوونە هەندێك كەس بە پێچەوانەوە لە بری ئەوەی لاوازبن كێشیان زیاد دەكات. دكتۆرە بینایی كامەزان پزیشكی پسپۆڕی خۆراك تیشك دەخاتە سەر ئەم بابەتەو چەند ڕێنماییەكی گرنگ پێشكەش بە ڕۆژووانان دەكات.

سەرەتا د. بینایی كامەران دەڵێت” دەتواندرێت مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بكرێت بە دەرفەتێك بۆ ئەوەی لەپاڵ ئەركە ئاینیەكە كێشیش داببەزێت، هاوكات چەند خوویەكیش هەیە بگۆڕدرێت، هەروەها چەند خوویەكی خۆراكیش بگۆڕدرێت. ئەگەر چی لەم مانگە بۆ ماوەیەكی باش كەسی ڕۆژوگر خواردن و خواردنەوە ناخوات لە هەندێكیاندا دەبێتە هۆی زیاد بوونی كێش نەوەك بە پێچەوانەوە.”
ئەو گۆڕانكاريیانە چین كەسێكی ڕۆژووگر دەبێت بیكات؟
د. بینایی كامەران: سەرەتا جووڵە و وەرزش، لەو كاتەی كە بەڕۆژوو دەبێت لە بەیانی تا ئێوارە، باشنییە وەرزشی قورس ئەنجامبدرێت ئەوانەی دڵ ئەزیەت دەدات و ئارەقەی زۆر یان پێدەكات، چونكە كەسی ڕۆژوەوان ناتوانێ ئاو بخوات، و تووشی سەرئێشە و بێتاقەتی دەبێت، باشتر وایە لە كاتی بەڕۆژووبووندا ئەگەر كەسێك ویستی وەرزش بكات ئەوا یەك سەعات پێش ڕۆژووشكاندن وەرزش بكات، بە تایبەت ئەوانەی ئەركێكی وایان لەسەر نییە كوڕ یان كچی ماڵەوە، هەروەها ڕۆيشتنی خێرا یان پاسكیل سواری، ئەوانەشی دەیانەوێت لە شەواندا وەرزش ئەنجامبدەن، دوو سەعات دوای ڕۆژووشكاندن دەستپێبكەن، زۆر گرنگە، وەرشی ڕۆيشتنی خێرا یان نیوسەعات ڕاكردنی خێرا و ڕۆشتن بكات، و بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ماسوولكە دروست بكەن ئەم وەرزشكردنە لە ڕەمەزاندا زەحمەتە بۆیان چونكە كێشەی كەمی پرۆتین هەیە و ناتواندرێت عەزەڵە دروست بكرێت.
د. بینایی كامەران دەشڵێت: پێویستە لەم مانگەدا بایەخی زۆر بە ئاو وشلەمەنییەكان بدرێت لە دوای بەربانگ، لە هەمووی گرنگتر بۆ ئەوانەی كە جگەرە كێشن نابێت ڕاستەوخۆ دوای ڕۆژوو شكاندن پەنا ببەن بۆ جگەرەكێشان و نیكۆتینێكی زۆر بدەنە جەستەیان. باشترین شت دوای بەرنانگ خواردنەوەی یەك پەرداخ ئاوە هەروەها یەك دەنكە خوراما، چونكە خورماش زۆر بخورێت دەبێتە هۆی قەڵەوی، وە ئەگەر بشتوانێت ئاوەكە سركەی سێو، ئاوی لیمۆ و هەندێك دارچینی تێدابێت، ئەمە پێش خواردن، پاشان شۆربا بخوات چونكە گەرمی شۆرباو شلەكەی بەسوودە، وە زۆر گرنگە دوای ئەو خواردنەوانە پشویەك بدرێت بە گەدە بۆ ئەوەی خۆ ئامادەكرنێك بكات بۆ خواردن و بە خواردنەكە بێزار نەبێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر بتوانن نوێژبكەن یانیش پشوەیەك وەرگرن بۆ ماوەی دەدەقەیەك.
لە كۆتایی گوتەگانیدا دكتۆرە بینایی كامەران داوای لەو كەسانەكرد كە خویان وا ڕاهێناوە ڕاستەوخۆ دوای نان خواردن چا دەخۆنەوە، ئەو نەریتە هەڵەیە تەرك بكەن و زیاتر لە 45 دەقە دوای نانخواردن ئەوكات چا بخۆنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو خواردنەی كە لە ژەمەكەدا خوراوە ڤیتامین و كانزای تێدایە، بۆیە پێویستە كاتێكی پێبدرێت تاوەك جەستە هەڵیمژێت، هەر بۆیە چای و ئەو خواردنەوانەی مادەی كافاینیان تێدایە وادەكات مژینی ڤیتامینەكان لە نێو ڕیخۆڵەوە بۆ ناو خوێن زۆر زۆر كەمبكاتەوە، بە تایبەت مادەی ئاسن.

ھەواڵی زیاتر