مستەفا مەحمەد مستەفا
لە جیهانی ئەمڕۆماندا، کاتێک باسی تەندروستیی دەروونی دەکەین، زۆرجار تیشک دەخرێتە سەر دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، یان نەخۆشییە دیارەکانی وەک شیزۆفرینیا؛ بەڵام چینێکی شاراوەتر هەیە لە کێشە دەروونییەکان کە بە تێکچوونە کەسایەتییەکان ناسراوە. ئەم تێکچوونە تەنها بارودۆخێکی کاتی نییە، بەڵکو سیستەمێکی ڕەگکێشاوی بیرکردنەوە، هەستکردن و ڕەفتارە، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دەورووبەری دروست دەکات.
کەسایەتی یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، کە شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن، مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی تر و وەڵامدانەوەی بۆ ڕووداوەکانی ژیان دیاری دەکات. بەڵام لە هەندێک کەسدا ئەم شێوازانە بە شێوازێکی جێگیر، توند و نەگونجاو دەردەکەون و دەبنە هۆی دروستبوونی کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی خێزانی، کاروباری ژیانی ڕۆژانە، و تەنانەت تەندروستیی دەروونی. ئەم حاڵەتە لە زانستی پزیشکی و دەروونناسیدا بە نەخۆشییەکانی تێکچوونی کەسایەتی (Personality Disorder) ناسراوە.
نەخۆشیی کەسایەتی بریتییە لە کۆی ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی کە مرۆڤێک لە ئاستی جەستەیی، هۆشیاری و دەروونی-کۆمەڵایەتیدا لە کەسانی دیکە جیا دەکاتەوە؛ بەڵام کاتێک ئەم خەسڵەتانە بەشێوازێکی جێگیر و نەگۆڕ دەبنە هۆی ناسازی لەگەڵ خۆی و دەوروبەر، و ڕەفتارەکە لە چوارچێوەی قبوڵکراوی کەلتووریی کۆمەڵگا لادەدات و ناگونجێت، ئەوا بە کێشەی کەسایەتی یان ناڕێکیی کەسایەتی ناو دەبرێت.
کێشەی کەسایەتی یەکێکە لەو پەشێوییە دەروونییانەی کە ڕەنگە زۆر کەس لە کۆمەڵگەی کوریدا بە دەستییەوە بناڵێنن، بەڵام زۆرجار بەهۆی کەمیی ئاگاداری و ترس لە شەرمەزاری، بە نەخۆشییەکی ڕاستەقینە ناسراو نییە. نەخۆشییەکانی کەسایەتی، کۆمەڵێک نەخۆشیی دەروونیین کە بە شێوازێکی بەردەوام و درێژخایەن کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و ڕەفتاری کەسەکە دەکەن. نیشانەکانی ئەم نەخۆشییانە زۆرجار لە قۆناغی گەنجیدا دەردەکەون و بە درێژاییی کات بەردەوام دەبن، کە دەبنە هۆی ناڕەحەتیی دەروونی، ناکۆکیی خێزانی، شکست لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە لە کاروباری ژیانی ڕۆژانەدا. نەخۆشییەکانی کەسایەتی تەنها جیاوازییەکی نائاسایی لە ڕەفتاری مرۆڤ نییە، بەڵکو کۆمەڵێک دۆخی دەروونیین کە بەشێوازێکی درێژخایەن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ژیانی تاک دەبێت.
گرنگە بزانین هەبوونی هەر تایبەتمەندییەکی کەسایەتی وەک خۆپەرستی، دڵەڕاوکێ یان کەممتمانەیی، مانای هەبوونی نەخۆشیی کەسایەتی نییە، و بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێویستی بە هەڵسەنگاندن و دیاریکردن هەیە لەلایەن پسپۆڕی دەروونییەوە.
نیشانەکان و هۆکارەکان
نیشانەکانی کێشەی کەسایەتی دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاواز بن، بەڵام باوترینیان بریتین لە:
• بیزاربوونی زۆر لە هەستە نەرێنییەکان (وەک تووڕەیی یان خەمۆکی).
• دوورکەوتنەوە لە خەڵک و هەستکردن بە تەنهایی و پچڕانی سۆزداری.
• کێشەی زۆر لە دروستکردن و پاراستنی پەیوەندیدا.
هۆکارەکانی نەخۆشیی کەسایەتی
هۆکارەکان تێکەڵاون، هەم هۆکاری بۆماوەیی و هەم ژینگە ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی ئەم نەخۆشییانە:
1. هۆکاری بۆماوەیی (Genetic): توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە کە هەندێک تایبەتمەندیی کەسایەتی و مەترسیی تووشبوون بە هەندێک جۆری نەخۆشیی کەسایەتی ڕەنگە پەیوەندییان بە جیناتەکانەوە هەبێت.
2. هۆکارە دەمارییەکانی مێشک: جیاوازی لە کارکردنی هەندێک ناوچەی مێشک و سیستەمی ماددە کیمیاییە دەمارییەکان دەکرێت ڕۆڵیان لە ڕێکخستنی هەست، کۆنتڕۆڵی هەڵسوکەوت و بڕیارداندا هەبێت.
3. ژینگە: بەتایبەتی ڕووداوەکانی تەمەنی منداڵی، توندوتیژی، فشارە دەروونییە قورسەکان، لەدەستدانی پشتیوانیی خێزان، خراپ مامەڵەکردن و پشتگوێخستن، ڕۆڵیان دەبێت لە دروستبوونی هەندێک جۆری ئەم نەخۆشییانە.
تێکچوونی کەسایەتی چییە و چۆن دەردەکەوێت؟
کەسایەتیی مرۆڤ بریتییە لەو کۆمەڵە ڕەفتار، شێوازی بیرکردنەوە و تایبەتمەندییە دەروونییانەی کە کەسێک لە کەسێکی دیکە جیاتدەکەنەوە. لە کەسێکی ئاساییدا ئەم سیفاتانە گونجاون لەگەڵ دۆخە جیاوازەکانی ژیاندا، بەڵام لە کەسێکدا کە تووشبووی تێکچوونی کەسایەتییە، ئەم شێواز و بیرکردنەوە و ڕەفتارانە لەگەڵ کەلتووری کۆمەڵگادا ناگونجێن و ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە، بە شێوازێک کە کێشەی گەورە بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی دروست دەکەن.
توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە نزیکەی ١٠٪ی خەڵک لە جیهاندا لە ماوەی ژیانیان تووشی یەکێک لەم نەخۆشییانە دەبن.
پۆلێنکردنی تێکچوونەکان
پسپۆڕانی دەرووناسی ئەم تێکچوونانە دابەش دەکەن بەسەر سێ گرووپی سەرەکیدا:
• گرووپی A (ڕەفتاری سەیر، نامۆ و گوماناوییەکان): ڕەفتاری ئەم کەسانە بەشێوازێکی گشتی لەلایەن دەوروبەرەوە بە سەیر و جیاواز دەبینرێت. لەم گرووپەدا جۆرەکان بریتیین لە:
• کەسایەتیی گوماناوڕەفتار یان پارانۆید (Paranoid): گومانی زۆریان هەیە لە خەڵک و خۆیان بەدوور دەگرن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان بیرکردنەوەی سەیریان هەیە.
• شیزۆید (Schizoid): دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، حەزکردن بە گۆشەگیری و نەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
• شیزۆتایپاڵ (Schizotypal): بیرکردنەوە و ڕەفتاری نامۆ و جێگیر.
• گرووپی B (ڕەفتاری سۆزداری و ناجێگیر): ڕەفتاری ئەم کەسانە زۆرجار ناجێگیر و هەڵچووە، ئەمانە لە خۆ دەگرێت:
• دژە-کۆمەڵایەتی (Antisocial): پێشێلکردنی مافی کەسانی دیکە.
• ناجێگیریی سۆزداری یان بۆردەرلاین (Borderline): ناجێگیریی سۆزداری و پەیوەندیی کەسایەتی، کە بە گۆڕانی خێرای سۆزداری لە پەیوەندییەکاندا دەناسرێتەوە.
• نمایشکاری یان هیسترۆنیک (Histrionic): نمایشکردن و سەرنجڕاکێشانی زۆر و سۆزداریی زیادەڕەو.
• خۆپەرست یان نارسیستیک (Narcissistic): هەستی خۆبەگەورەزانین، کەمیی هاوسۆزی و پێویستی بە سەرنجی بەردەوام.
• گرووپی C (ڕەفتاری پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ): ئەم کەسانە بەزۆری ترس و خەمۆکی زاڵە بەسەریاندا:
• خۆپارێز یان دۆزراوە/دوورکەرەوە (Avoidant): نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە تێیدا نەخۆشەکە خۆی بە کەم دەزانێت، هەستیاریی زۆری دەبێت بەرامبەر دەوروبەرەکەی و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان خۆی بەدوور دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی حەز لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام بەهۆی ترسی بەردەوام لە قبوڵنەکردن و گاڵتەپێکردن لەلایەن دەوروبەرەوە دوورەپەرێز دەبێت.
چارەسەر و هۆشیاریی کۆمەڵگا
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر کەس بەهۆی ترس لە قسەی خەڵک ناتوانن بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان چارەسەر و یارمەتی وەربگرن؛ بۆیە پێویستە ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگا بەرز بکرێتەوە و فێر بکرێن کە نەخۆشییەکانی کەسایەتی وەک هەر نەخۆشییەکی دیکە چارەسەریان هەیە.
• چارەسەر: چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە پێویستی بە بەدواداچوون و پشوودرێژییەکی زۆر هەیە.
• لە هەندێک حاڵەتدا ئەم نەخۆشییانە پێویستیان بە چارەسەری تایبەت هەیە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی دەروونییەوە، بەتایبەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانی وەک دڵەڕاوکێ یان خەمۆکی کە پێویستی بە دەرمان دەبێت.
• چاودێریکردن و گرنگیدان بە نەخۆش لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە.
نیشانەکان دەکرێت جیاواز بن، بەڵام زۆرجار بریتین لە دروستکردنی کێشە لە پەیوەندییە نزیکەکان، هەستی ناجێگیر، ڕەفتاری توند یان خۆکوژانە، و کێشە لە کار و خوێندن. گرنگە بزانرێت کە ئەم نەخۆشییانە «خراپیی کەسایەتی» نین، بەڵکو نەخۆشیی دەروونیین و پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
