رۆژنامەی ھەولێر

ســــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــێ بنەمای زێڕین بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە باوەکانی وەرزی سەرما

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە وەرزییەکان و هەوکردنە جیاوازەکان ڕوو لە هەڵکشان دەکات. گۆڕانکاریی لەناکاوی کەشوهەوا لە نێوان ژینگەی دەرەوە و شوێنە داخراوەکان، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆئەندامی هەناسە و بەرگریی لەش دروست بکات. لەم چوارچێوەیەدا، پزیشکانی پسپۆڕ جەخت لە پێویستیی پەیڕەوکردنی سێ بنەمای سەرەکی دەکەنەوە تا بە سەلامەتی ئەم وەرزە ساردە تێپەڕێنرێت.

یەکەم: هاوسەنگکردنی پلەی گەرمای نێو ئۆتۆمبێل
گواستنەوەی لەناکاو لە کەشێکی زۆر ساردەوە بۆ نێو ئۆتۆمبێلێکی زۆر گەرم، یان بەپێچەوانەوە، زيان بە پێست و کۆئەندامی هەناسە دەگەیەنێت. پزیشکان ڕێنوێنی دەدەن لە کاتی سەرکەوتندا نابێت بە خێرایی و بەرزترین ئاست گەرمکەرەوەی ئۆتۆمبێل کار پێبکرێت؛ بەڵکو باشترین پلە ئەوەیە کە نێوان ٢٥ بۆ ٢٧ پلەی سەدی بێت تا جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ کەشی دەرەوە دروست نەکات.
هاوکات هۆشداری دەدرێتە شۆفێران لە ئاراستەکردنی ڕاستەوخۆی هەوای گەرم بۆ دەموچاو؛ چونکە پێست بەهۆی سەرمای دەرەوە سارد هەڵگەڕاوە و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی هەوای گەرم و وشک دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و زیانگەیاندن بە پێست. باشتر وایە ئاراستەی هەواکە بەرەو لایەکان یان خوارەوە بێت و پاش ڕێکبوونی کەشی گشتیی نێو ئۆتۆمبێلەکە، دەست بە شۆفێری بکرێت.

دووەم: شێوازی دروستی چوونە نێو ماڵ و بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە
بەهۆی سەرمای توندی دەرەوە، زۆر کەس هەر دەگەنەوە ماڵ یەکسەر لە بەردەم سۆبادا دادەنیشن، ئەمەش هەڵەیەکی باوی تەندروستییە. شارەزایانی تەندروستی ئامۆژگاری دەکەن کە چەند مەترێک دوورتر لە سۆبا دابنیشن، چونکە ئەو گەرمییەی لە هەندێک سۆبا دەردەچێت ڕەنگە گاز یان دووکەڵی سووتەمەنیی لەگەڵدا بێت و زیان بە بۆرییەکانی هەناسە بگەیەنێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەو کەسانەی لە ماڵ یان لە فەرمانگە سپلیت بەکاردەهێنن، پێویستە پلەی گەرمییەکەی بە شێوازێکی هاوسەنگ دابنێن، چونکە هەوای سپلیت شێی ژوور کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی وشکبوونی ژینگە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆئەندامی هەناسە و پێست دروست دەکات.

سێیەم: ئازاری گەروو (قوڕگ) و جیاکردنەوەی لە هەوکردنی ئاڵووەکان
یەکێکی تر لە کێشە بەربڵاوەکانی زستان، ئازار و کڕانەوەی گەرووە. لە کاتی دروستبوونی ئەم ئازارەدا پێویست ناکات نەخۆش بەپەلە بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی ئاڵووەکان (لەوزەتێن) بدات، چونکە هۆکارەکانی ئازاری گەروو دوو جۆری سەرەکین:
• هۆکاری ڤایرۆسی (باوترین حاڵەت): زۆربەی ئازارەکانی قوڕگ پەیوەستن بە هەڵامەت و سەرمابوونی ئاسایی. نیشانەکانیشی بريتین لە: کڕانەوە و ئازارێکی کەم لە قوڕگ، تای نزم، لووتگیران، سەرئێشە، ئازاری کەمی ماسوولکە، گۆڕانی دەنگ و سووربوونەوەی چاو.
• هۆکاری بەکتریایی: پێویستی بە دەستنیشانکردنی پزیشکی هەیە و نیشانەکانی بریتیین لە: گەورەبوون و هەڵئاوسانی بەرچاوی ئاڵووەکان، بەرزیی پلەی گەرمیی لەش، ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، دەرکەوتنی پەڵەی سپی یان کێم لەسەر ئاڵووەکان، لەگەڵ هەستکردن بە ئازارێکی توند لە کاتی قووتدانی خواردن یان ئاودا.
پزیشکان ئاماژە بەوەش دەدەن هەموو قوڕگ‌ئێشەیەک لەوزەتێن نییە، بەڵکو هەندێک جار هەوکردنی ددانەکانی دواوە یان گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە (ڕیفلاکس) دەبێتە هۆی ئازاری قوڕگ. لە حاڵەتە ئاساییەکاندا، پشوودان و خواردنەوەی شلەمەنییە گەرمەکان باشترین ڕێکارن، بەڵام ئەگەر تای نەخۆشەکە بەرز بوو و پاش سێ ڕۆژ دانەبەزی، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت تا چارەسەری گونجاو وەربگیرێت.