ماکوان عێزەت – هەولێر
زۆر کەس لە ترسی ئازار و ناڕەحەتی، ئەنجامدانی پشکنینی نازووری گەدە دوادەخەن، بەڵام پزیشکانی پسپۆڕ جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پزیشکی و بەکارهێنانی سڕکەری گونجاو، ئەم پشکنینە بەبێ ئازار ئەنجام دەدرێت و کلیلێکی سەرەکییە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی زۆرێک لە کێشەکانی کۆئەندامی هەرس.
د. جووتیار عەزیز حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس، جگەر و هەناوبینی، کۆمەڵێک زانیاری و ڕێنمایی گرنگ لەبارەی گرنگی و چۆنیەتی ئەنجامدانی نازووری گەدە دەخاتە ڕوو.
نازووری گەدە چییە و کەی پێویست دەکات؟
نازووری بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەرس (Upper Endoscopy) پشکنینێکی وردە و تەنها نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک دەخایەنێت. سەرەڕای کورتخایەنییەکەی، دەتوانێت هۆکاری ڕاستەقینەی زۆرێک لە کێشە تەندروستییەکان دیاری بکات، لەوانە:
• دڵەکزێ و ترشەڵۆکی بەردەوامی گەدە
• ئازاری بەشی سەرەوەی سک و گەدە
• گرفت و قورسی لە قوتدانی خواردندا
• پشکنین و بەدواداچوون بۆ بوونی بەکتریای گەدە (H. pylori)
ئایا پشکنینەکە ئازاری هەیە؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارە باوەدا، د. جووتیار عەزیز ڕوونی دەکاتەوە:
“نەخێر، پشکنینەکە بە بەکارهێنانی سڕکەری ناوچەیی یان بەنجێکی سووک دەکرێت و نەخۆش هەست بە هیچ ئازارێک ناکات. بەداخەوە زۆرێک لە هاووڵاتییان لەبەر ترسی بێبنەما لە ئازار، ئەنجامدانی پشکنینەکە دوادەخەن، ئەمەش دەبێتە هۆی درەنگ دەستنیشانکردنی کێشەکان و ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی تەندروستییان.”
لە ڕاستیدا لەگەڵ پێشکەوتنی ئامێرە پزیشکییەکاندا، نازوور پرۆسەیەکی زۆر سادەیە. ڕەنگە تەنها کەمێک ناڕەحەتیی کاتی(Discomfort) یان هەستکردن بە خورانی سووک لە گەروودا دوای پشکنینەکە دروست ببێت، کە ئەوەش حاڵەتێکی ئاساییە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا نامێنێت.
نیشانەکانی دوای پشکنین: کامەیان ئاساییە و کەی سەردانی پزیشک پێویستە؟
دوای ئەنجامدانی نازووری گەدە، دەرکەوتنی هەندێک نیشانەی کاتیی ئاسایین و مایەی نیگەرانی نین، وەک:
• ئێش یان خورانی گەروو
• قۆڕەی سک و باوبژێکی کەم
• خەواڵوویی، سستی یان ماندوویەتی بە هۆی دەرمانی سڕکردنەکەوە
بەڵام لە ئەگەری دەرکەوتنی هەر یەکێک لەم نیشانە مەترسیدارانەدا، پێویستە نەخۆش دەستبەجێ پەیوەندی بە پزیشکەوە بکات یان سەردانی بەشی فریاکەوتن بکات:
1. خوێنەچۆڕە (یان ڕشانەوەی خوێناوی)
2. ئازاری توند و بەردەوامی سک
3. ڕشانەوەی بەردەوام
4. تای بەرز یان لەرزین
5. تەنگەنەفەسی و قورسی لە هەناسەداندا.

