ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە دوای پیلانگێرانی و شکستهێنانی عەدنان درجال لە پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رۆژ بە رۆژ تۆپی پێی ئەو وڵاتە دەکەوێتە ژێر فشاری دارایی و دەستێوەردانی سیاسی.
یونس مەحموود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاشکرایکردووە فیدراسیۆنەکە بەدەست کێشەیەکی گەورەی داراییەوە دەناڵێنێت، دووپاتیکردووەتەوە کە مووچەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق، قورساییەکی زۆری خستووەتەسەریان.
یونس نزیکەی شەش مانگ لەمەوپێش، بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێیعێراق هەڵبژێردرا. لە دوای دەستبەکاربوونیەوە، گراهام ئارنۆڵدی راهێنەریهەڵبژاردەکە، رایگەیاند کە زەحمەتە پاش زیاتر لە شەش مانگ، لەمەشقدانی عێراق بەردەوام بێت.
یونس باسی لە قورسایی دارایی دۆسێی راهێنەری هەڵبژاردەکە کردووە و دەڵێت: “فیدراسیۆن مووچەی مانگانەی راهێنەرەکان دەدات کە زیاتر لە400 ملیۆن دیناری مانگانەیە، لە نێویاندا راهێنەرانی هەڵبژاردە جیاوازەکان و یاریدەدەرەکانیان”.
یوونس مەحموود ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق دەشڵێت: مووچەی گراهام ئارنۆڵد بەتەنیا 140 تاوەکو 150 ملیۆن دیناری مانگانەیە، لە کاتێکدا کۆی مووچەی خۆی و یاریدەدەرەکانی دەگاتە 200ملیۆن دینار.
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەوان تەنیا پارەی دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەییەکەم نادەن، بەڵکو هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و هەڵبژاردە تەمەن جیاوازەکانیش دەدەن و هەمووی پێکەوە نزیکەی 400 ملیۆن دینار دەکات.
مەحموود گوتوویەتی کە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران، ساڵانە 5 ملیاردیناری داوەتە فیدراسیۆنەکە، بەڵام ماوەیەکە ئەو پارەیەیان بەدەست ناگات.
یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر دەڵێ، ئێمە دەبێ مانگانە 650 ملیۆن دینارمان بەدەست بگات بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان، بەڵام تەنیا 201 ملیۆنمان بەدەستدەگات و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییە، بودجەی دانراوی فیدراسیۆنەکە دەدەینە مووچە و ئەوەش تووشی کورتهێنانی کردووین.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی، پەنایبردووەتە بەر هەڵوەشاندنەوەی کەمپی مەشقی هەڵبژاردە جیاوازەکان لەدەرەوەی وڵاتەکە.
بەوەش هەڵبژاردەکان تەنیا لە نێو عێراقدا ئامادەسازییەکانیان بۆ یارییەکانی داهاتوو ئەنجامدەدەن. یوونس مەحموود داوا لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و بە هانایان بچێت و تۆپی پێی عێراق لەژێرباری ئەو قەرز و کێشە داراییە سەختە دەربێنێت.
رۆژی 23ـی ئایاری 2026 لە هەڵبژاردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یونس مەحموود زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و لە شوێنی عەدنان درجال بووە سەرۆكی چوار ساڵی داهاتووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
هەڵبژاردنەکە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بەڕێوە چوو. لە قۆناغی یەكەم هەڵبژاردن بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كرا. لە كۆی 60 ئەندام، یونس مەحموود دەنگی 38 ئەندامی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا عەدنان درجال 20 دەنگی بەدەستهێنا، بەمەش یونس مەحموود بە فەرمی بووە سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، لەوەتەی یوونس مەحموود بووەتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، دۆخی هەڵبژاردەی عێراق خراپتر بووە و خولی ئەستێرەکانی عێراقیش لەژێر هەڕەشەی دەستێوەردانێکی زۆری سیاسییەکان دایە و تاڕادەیەکی زۆر فیدراسیۆنەکە کەوتۆتە ژێر چنگی سونەکان و بنەماڵەی حەلبووسی.
لە لایەکی دیکەوە دابەشبوون و لێکترازانێکی زۆر لە نێوان سەرۆک و ئەمیندار و جێگر و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دروست بووە.

