ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
بوونی دەردراوی زەرد و لینج (جیق)، سووربوونەوە و ئاوسانی چاوی منداڵی تازەلەدایکبوو، یەکێکە لەو حاڵەتە باوانەی زۆرجار دەبێتە هۆی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خێزانەکان. پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن کە پشتگوێخستنی ئەم نیشانانە دەکرێت مەترسی لەسەر بینایی کۆرپە دروست بکات.
د. بیلال عەبدوڵڵا محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان، تیشک دەخاتە سەر هۆکار و نیشانەکانی هەوکردنی پێڵو و پەردەی چاو لەنێو کۆرپە و منداڵاندا.
بە وتەی د. بیلال، هۆکارەکانی هەوکردنی چاو هەمەجۆرن و لە چەندین سەرچاوەوە، سەرچاوە دەگرن:
• بەکتریا و ڤایرۆسەکان: هۆکاری سەرەکیی تووشبوونن؛ لە کاتی لەدایکبووندا دەکرێت لە ڕێڕەوی منداڵبوونەوە لە دایکەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆرپە (بەتایبەت ئەگەر دایکەکە هەوکردنی زێی هەبووبێت)، یان دوای لەدایکبوون لە ڕێگەی بەرکەوتنەوە تووشی ببێت.
• هۆکارە ژینگەییەکان و هەستیاری: بەرکەوتن بە تۆز، پەڕ و مووی ئاژەڵ، گژوگیا، هەوای پیس، یان کلۆر و بەکتریای نێو حەوزی مەلەوانی، هۆکارن بۆ هەوکردنی هەستیاریی چاو.
نیشانە دیارەکان
ئەو نیشانانەی دەریدەخەن منداڵەکە تووشی هەوکردنی چاو بووە، بریتین لە:
• گۆڕانی ڕەنگی سپێنەی چاو بۆ سوور یان پەمەیی.
• دەردانی ماددەی زەرد، سپی یان لینج (جیق) و بەستنی برژانگەکان بەتایبەت بەیانیان.
• خورانی چاو و هەستکردن بە بوونی تەنی نامۆ (وەک خۆڵ) لە چاودا.
• ئاوسانی پێڵوی چاو و هەستکردن بە ئازار.
• زۆر فرمێسک ڕژان و هەستیاریی زۆر بە ڕووناکیی بەهێز.
مەترسی و ڕێگاکانی خۆپارێزی
د. بیلال عەبدوڵڵا ڕوونی دەکاتەوە کە هەوکردنی چاو بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆسەوە خێرا دەگوازرێتەوە، نەک تەنها بۆ کۆرپە، بەڵکو لەنێو قوتابخانە و گۆڕەپانی یاریی منداڵان و تەنانەت لەنێو گەورەکانیشدا بڵاو دەبێتەوە.
ئەگەرچی هەندێک جۆری هەوکردن سووکە و خۆی چاک دەبێتەوە، بەڵام بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو پێویستی بە چاودێریی وردی پزیشکی هەیە، چونکە پشتگوێخستنی دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستیی قورس لە چاودا. وەک هەنگاوێکی خۆپارێزیی سەرەتاییش، پزیشکان راستەوخۆ دوای لەدایکبوون، قەترە یان مەڵهەمی تایبەتی دژەبەکتریا لە چاوی کۆرپە دەکەن تا لە هەوکردنە ئەگەرییەکان بپارێزرێت.
لە کۆتاییدا پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە، لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی نائاسایی لە چاوی منداڵدا، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و خۆ لە بەکارهێنانی چارەسەری هەڕەمەکی و دەرمانی بێ ڕاچێتە بەدوور بگرن.

