رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵی دۆزینەوەی هۆکاری نەخۆشی ئەلزەهایمەر

ئامێز ئاری ئاغۆک

 

توێژەرانی بواری پزیشکی پێیان وایە، ڕەنگە پڕۆتینێکی باوی مێشک ببێتە هۆی بڵاوبونەوەیەکی پێشبینی نەکراوی نەخۆشی ( ئەلزەهایمەر )، هەڵگرتنی پڕۆتینی ژەهراوی Tau لە دەمارە زیانلێکەوتوەکانەوە بۆ دەمارە تەندروستەکان. بەڕێگرتن لەم پاکێجە پڕۆتینە زیان بەخشانە بەر لەوەی بگەنە خانە نوێیەکان، ئەوا پێیان وایە ڕەنگە ڕۆژێک بتوانرێ تەشەنەسەندی بێ وچانی ئەم نەخۆشیە هێواش بکرێتەوە.
نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە هۆی کۆبوونەوەی پڕۆتینێکی ژەهاری بەناوی Tau دەستنیشان دەکرێت، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە خانەکانی مێشک و دوا بەدوای دا کوشتنی خانەکان، لەگەڵ گواستنەوەی ئەم پڕۆتینە زیان بەخشە بۆ ناوچە نوێیەکانی مێشک، ئەوا نەخۆشییەکە پەرە دەسێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپتر کردنی لەدەستدانی بیرەوەری.
توێژەران پڕۆتینێکی مێشکیان بەناوی Arc دەستنیشان کردوە وەکو هۆکارێکی سەرەکی بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر، لەتوێژینەوەیەک دا کە لەسەر مشک تاقی کرایەوە، ئەم Arcەیان دۆزیوەتەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی یارمەتی پەیوەندی کردنی نێوان خانەکانی مێشک دەدات، هەروەها یارمەتی پڕۆتینە ژەهراوییەکانی Tau دەدات کە لەدەمارە زیانلێکەوتوەکانەوە بگوارێنەوە بۆ دەمارە تەندروستەکان.
پڕۆتینەکانی Tau بە شێوەیەکی ئاسایی پاڵپشتی دەمارەکان دەکەن، بەڵام لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر دا کۆمەڵە چەسپاوێک دروست دەکەن کە پێ دەڵێن (Tau Tangles)، کە زیان بە خانەکانی مێشک دەگەیەنێت و لە کۆتایی دا دەیانکوژێت، پارچە بچوکەکانیش کە ناسراون بە (Tau Seeds) دەتوانن بڵاو ببنەوە بۆ دەمارە تەندروستە نزیکەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر تووش بوون بە نەخۆشییەکە.
توێژینەوەکە دەریخستوە کە Arc لە نێو پێکهاتە بچوکەکانی دا Tauی ژەهراوی هەڵدەگرێ کە پێیان دەگوترێت کیسەی دەرەوەی خانە، ئەم کیسانە Tau لە دەمارێکەوە دەگوازنەوە بۆ دەمارێکی دیکە، بەمەش ڕێگە بە نەخۆشییەکە دەدات کە بەتەواوی مێشک بڵاوبێتەوە.
کاتێک توێژەران Arcیان لە مشک دا لابرد گواستنەوەی Tau نزیکەی بەتەواوی وەستا.

لەهەمانکاتدا Arc ڕۆڵی پارێزەریشی هەیە، یارمەتی دەمارە زیان لێکەوتوەکان دەدات بەلابردنی Tauی ژەهراوی زیادە، ئەمەش رێگەیان پێ دەدات کە زیاتر بژین. بەبێ Tau, Arc لە ناو خانە تووشبوەکان دا بەگیرخواردراوی دا دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خێراتر لە ناو بچن، لەبەر ئەوە زانایان پێیان وایە باشترین چارەسەر ڕەنگە ڕێگریکردن لە خودی Arc نەبێت، بەڵکو ڕێگریکردن بێت لەو کیسە دەرەوە خانەییانەی کە Tauیان تێدایە لە چوونەوە ژوورەوەیان بۆ خانە تەندروستەکانی مێشک.
هەروەها توێژەران Tau و Arcیان بەیەکەوە لەشانەکانی مێشکی مرۆڤ دەستنیشان کردوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بەوەی ڕەنگە هەمان پرۆسە لە مرۆڤ دا ڕووبدات، هەر چەندە توێژینەوەکان ئومێد بەخشن، بەڵام توێژینەوەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دایە، هەر ئەگەرێکی چارەسەریش پێویستی بە لێکۆلینەوەی زیاتر دەبێت.

*سەرچاوە:
https://www.sciencedaily.com/