بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، جێگرێکی نوێی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەستبەکاربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی تەمووز، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی چەند بەرپرسێکی نوێی پەروەردە کرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، (دلێر عەبدوڵا) وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و (ڕێزان محەمەدئەمین) وەک بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەستبەکاربوونیان ڕاگەیەندرا.
پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە ڕۆڵی بەڕێوەبەری پێشووى پەروەردەی ناوەندیدا و سوپاس و پێزانینی پارێزگای پێشكەش کرد، کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا خزمەتى زۆرى بە پەروەردە و مامۆستایانی سەنتەری شاری هەولێر کردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوى هەبووە لە پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن لە قۆناخە جیاوازەکاندا و هیوای سەرکەوتنى لە کار و پۆستى تازەی وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بۆ خواست.
له بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر كرد و هیوای سەرکەوتنی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا بۆ خواست، هەروەها جەختی لەسەر پاڵپشتی و هاوکاریی بەردەوامی پارێزگای هەولێر کردەوە بۆ سەرکەوتنی ئەرک و كارەكانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە جێبەجێکردنی پلانە پەروەردەییەکانیدا.

