ماكوان عيززهت-هەولێر
ڕەبۆ (Asthma) یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کە ئەگەری هەیە لە هەر تەمەنێكدا بیت تووشی ببیت. ئەم نەخۆشییە بریتییە لە هەوکردنی درێژخایەنی بۆرییەکانی هەوا، کە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسە و سەرهەڵدانی نیشانەکان.
دکتۆر فەرەیدون ئیبراهیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ و ڕەبۆ، لەبارەی ئەم نەخۆشییەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت:
“کاتێک باس لە تەنگەنەفەسی دەکەین، زۆرجار ڕەبۆمان بیردەکەوێتەوە، بەڵام پێویستە بزانرێت کە هەموو تەنگەنەفەسییەک ڕەبۆ نییە، بەڵام هەموو ڕەبۆیەک تەنگەنەفەسی لەگەڵدایە.”
ڕەبۆ نەخۆشییەکی هەستیاریی (Allergic) درێژخایەنە؛ کاتێک ماسولکەکانی دیواری بۆرییەکانی سنگ گرژ دەبن، دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و کێشە لە هەناسەدان بۆ کەسی تووشبوو.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە
نەخۆشینی ڕەبۆ لە جیهاندا زۆر باوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی ڕێژەی شێیان بەرزە. بۆ نموونە لە بەریتانیا (10% بۆ 15%)ی دانیشتووانەکەی پێوەی دەناڵێنن. لە هەرێمی کوردستانیش ئەم نەخۆشییە بوونی هەیە و بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی تووشبوون لە زیادبووندایە.
جۆرەکانی ڕەبۆ
پۆلێنکردنی ڕەبۆ بەپێی قورسییەکەی دەکرێت بۆ چەند ئاستێک:
• ڕەبۆی سادە
• ڕەبۆی مامناوەند
• ڕەبۆی قورس و زۆر قورس
هەروەها دەتوانرێت بەپێی تەمەنیش پۆلێن بکرێت؛ هەندێک جار لە منداڵییەوە (لە تەمەنی شەش مانگییەوە) دەستنیشان دەکرێت، یان لە تەمەنی هەرزەکاری و تەنانەت دوای تەمەنی 50 ساڵانیش سەر هەڵدەدات.
نیشانە سەرەکییەکان
1. کۆکەی وشک (کە هەندێک جار بەڵغەمی لەگەڵدایە).
2. هەناسەتوندی و هەستکردن بە قورسی لەسەر سنگ.
3. تێکچوونی خەو بەهۆی کۆکە و تەنگەنەفەسییەوە.
ڕەبۆی مەترسیدار (Brittle Asthma)
هەندێک جۆری ڕەبۆ هەن کە کۆنترۆڵکردنیان قورسە و مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکەن، کە بە ڕەبۆی شووشەیی (Brittle Asthma) ناسراوە. لەم جۆرەدا، نەخۆشەکە بە کەمترین تەپوتۆز یان پەتایەکی سادە تووشی نۆرەیەکی توندی هەناسەتوندی دەبێت و پێویستی بە نەخۆشخانە دەبێت.
ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی تریان وەک شەکرەیان هەیە، بەهۆی دابەزینی بەرگریی جەستەیان، زیاتر تووشی پەتا دەبن. ئەم پەتایانە دەبنە هۆی دروستبوونی نۆرەی ڕەبۆی توند، کە ئەگەری هەیە کوشندە بێت. بۆیە بوونی نەخۆشینی تر لەگەڵ ڕەبۆدا، بارودۆخی نەخۆشەکە قورستر دەکات.

