بەهرە محەمەد
ناونیشانی وتارەکە وتەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کاتێک لێیان پرسی ڕات چیە لەسەر دوو ئیدارەیی؟ لەوەڵامدا گوتی؛ ئەگەر ببینە دوو ئیدارەیی ئەوا دەبینە سفر ئیدارەیی ! بەو واتایەی ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە دوو ئیدارە ئەوا هیچ شتێک نامێنێ بەناوی حکومڕانی کوردی و هەرێمی کوردستان، بەڵکو زۆر ئاسان دەبێت بەرەو نەمانی ئەو قەوارەیەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و قوربانیدانی ئەم خەڵکە دروست بووە . ئێستاش خەڵکی کوردستان بە هەموو ڕەخنەکانیانەوە ئەگەر لە تاکێکی کوردی بپرسی لەبارەی هەرێمی کوردستان ئەوا بێ یەک و دوو دەڵێت هەموومان ئامادەی قوربانیدانی زیاترین لەپێناو مانەوەی پێگەی هەرێم و ئەم قەوارەیە، چونکە لەم هەرێم تاکی کورد هەست بە بوونی خۆی دەکات و لەمە تێدەگات کە مانەوەی هەرێم مانەوەی کورد و ڕەمزی نەتەوایەتی و هێمایەکە بۆ پیشاندانی توانای تاکی کورد. بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژانەدا لە هەندێک کەناڵی میدیایی کوردی و لە دەمی کەسانی سیاسی و حزبی بە مەبەستی بەرژەوەندی کەسی ئەم باڵۆنە پڕ لە مەترسیە فڕێدەدەنە ناو شەقامی کوردی بۆ ئەوەی ڕای گشتی بۆ دروستبکەن، بەڵام بێ ئاگان دەرئەنجامی ئەم پرسە خەتەرناکە جێگەی مەترسیە بۆ داهاتووی کورد و سەربەخۆیی ئیدارەیی و کارگێڕی کورد. ئەم پرۆژە پڕ مەترسیەی چەند کەسایەتیێکی سیاسی و حزبی جگە لە خزمەتکردن بە دووژمنانی کورد و لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان هیچی تر نیە. لەمەش سەیر تر حاڵەتێکی تر کە خەریکە دەبێتە دیاردە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و تایبەتی و کەسی کە خراوەتە پێشینە لەبری بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی و خاک و نیشتیمان، تەنانەت لایەنی سیاسی هەیە تەنها بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان ئامادەن هەموو کارێک بکەن!
ئەوان وا بیردەکەنەوە لاوازی لایەنێکی کوردی و لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە بەرژەوەندی ئەواندایە، ئەم بیرکردنەوەیەش زۆر نەرێنی و بێ سوودە و دەبێت ڕێگری لە کارکردن لەسەر بنەمای ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بکرێت.
ورووژاندنی پرسی دوو ئیدارەیی کارێکی نا مۆرالانەیە غەدرێکە لە خوێنی شەهیدانی ئەم خاکە دەکرێت. باوک و باپیرانمان و جیلی ڕابردوو باشتر لە حوکمی بێگانە و دووژمن تێگەشتبوون، ڕۆژانێک ئەم چەوسانەوە وێرانکاریەی حوکمی عێراقی بەعس و زیندان و پێشێلکردنی مافەکانیان بینیووە . بۆیە چەندین ڕاپەرین و شۆڕش لەپێناو ئەو ئازادیە و هەبوونی دەسەڵاتی کوردی بەرپا بوو . ناکرێ ئەم قەیرانە داراییە خراپەی لە ئیدارەدان لە هەندێک شوێن و بوونی کەم و کوڕی بکرێتە مەبەست بۆ ئەوەی باسی پرسی نا بەجێیانەی دوو ئیدارەیی بکرێت.
پێویستە سەرکردە و دڵسۆزانی ئەم هەرێمە و کەسانی نیشتیمانپەروەر و ڕۆشنبیران لە هەمبەر ئەم پرسە خەتەرناکە بێدەنگ نەبن و ڕێگە نەدەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی و کەسایەتی حزبی باس لەم پرسە بکەن. چونکە کوردستان موڵکی هەموو کوردانە نەک موڵکی پارتێکی بەرژەوندی خواز. دەبێت هەموومان بەرپرسانە دژی ئەم پرۆژەیە بوەستین چونکە دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە هەموومان دەبینە قوربانی و دەگەینە لێواری لەناوچوون، تاکی کورد لەوە هۆشیارترە و بێ دەنگ نابێت لە هەندێک بابەتی نا مرۆڤانەی وڵاتەکەمان، هاووڵاتیانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوە تاکە شت شانازی پێدەکەن بوونی هەرێمێکی ئازادە کە بۆتە پەناگە و پاڵشت بۆ هەموو کورد ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا باشترین نموونەی ئەم پاڵپشتیەن کە لە زۆر کۆنفرانس و بۆنە و دیدارەکان سەرۆک بارزانی تەئکیدی لە پاراستنی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە و زۆر سەرسەختانە بەرامبەر چەندین پیلانی ترسناکتر وەستاونەتەوە هەرەوها توانراوە خەونی دووژمنان پوچەڵبکرێتەوە، ئەم ئاوەدانیە و ئەم ئازادی و کوردایەتی و سەربەخۆییە دەبێت بە گەورەیی سەیری بکەین، دەبێت ئەم وتەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی خوێندنەوەی بۆ بکەین و بەرپرسیارانە هەموو لایەنێک هەستی بکات چونکە خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بەردەوام لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمە و لە پێناو هەرێمی کورستان بەردەوام لە پەیوەندیدایە بۆ بەهێزتر بوونی ئەم هەرێمە وە ئەم هەوڵانەش بەرهەمی زۆری هەبووە چونکە ئێستا دۆست و هاوپەیمانی باشمان هەیە کە بە چاوێکی پیرۆزەوە باسی ئەم هەرێمە دەکەن و زۆر جاریش بە نموونەی پێکەوەژیان و پێشکەوتنی ناوچەکەیە و بۆتە پەناگەی ژیانێکی ئارام بۆ نەتەوە و ئاین و پێکهاتە جیاوازەکان، هەربۆیە دەبێت ئەم خاکە بە پیرۆز و بە ڕێز و شانازیەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

