رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە بڕیاری ڕاگرتنی تێلیگرام ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند، بە فەرمی نووسراوی حکوومەتی عێراقی فیدراڵیان پێگەیشتووە سەبارەت بە ڕاگرتنی کاتیی پلاتفۆرمی “تێلیگرام”، و سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت (ISP) لە هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکە ئاگادار کراونەتەوە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، نووسراوەکەی بەغدا لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتووە و تێیدا ڕوونکراوەتەوە کە هۆکاری ڕاگرتنی کاتیی تێلیگرام، بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی دەگەڕێتەوە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕق و کینە.
بەپێی بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵ، دەرفەتێکی 30 ڕۆژە دراوەتە ئەو کۆمپانیایەی پلاتفۆرمی تێلیگرام بەڕێوە دەبات تاوەکو پابەندی یاسا و ڕێنماییە فەرمییەکان بێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بە نووسراوێکی فەرمی داواکارییەکەی بەغدای ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت (بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتی وەزارەتیان هەیە) کردووە، تاوەکو بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، ڕێکاری پێویست بگرنە بەر