رۆژنامەی ھەولێر

(نیکۆڵسن بەیکەر). ئەو نووسەرەی وتارە مێژووییەکانی لە ویکیپیدیا خوێنەرێکی زۆریان هەیە

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(نیکۆڵسن بەیکەر ـ Nicholson Baker)، نووسەری ڕۆمانی نوێی (ئاوپرژێنە گەڕۆکەکە – Traveling Sprinkler)، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە کتێبی (پەنجا سێبەری خۆڵەمێشی – Fifty Shades of Grey) و، ویکیپیدیا و نووسین لە ناو ئۆتۆمبێل دەکات.

ـ لە کوێ گەورە بوویتە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: کە تەمەنم دوو ساڵان بوو، لە نیویۆرکەوە گواستمانەوە بۆ (ڕۆچێستەر – Rochester)ی نیویۆرک. لەوێ چوومە قوتابخانە حکومییەکان و بەردەوام خەریکی پایسکیللێخوڕین بووم. دواتر ساڵێکم لە قوتابخانەی مۆسیقای (ئیستمان – Eastman) بەسەر برد؛ لەوێ ئامێری (باسوون – Bassoon)م دەژەند و چەند پارچە مۆسیقایەکی کورتم نووسی – ستایلێکی مۆدێرن بەڵام ئاوازدارانە.
ـ لە کوێ دەژیت و بۆچی؟
نیکۆڵسن بەیکەر: من و هاوسەرەکەم (مارگرێت – Margaret) لە شارۆچکەیەکی بچووک لە ویلایەتی (مەین – Maine) دەژین، نزیکەی ٢٠ خولەک لە کەناراوەکانەوە دوورین. درووشمی ویلایەتی مەین بریتییە لە “ژیان دەبێت بەم شێوەیە بێت”، و بە ڕاستیش وایە.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
نیکۆڵسن بەیکەر: خواردن دەدەمە سەگ و پشیلەکەمان. گوێ لە دەنگی ئامێری قاوە دروستکەرەکە دەگرم، قسە لەگەڵ مارگرێت دەکەم، دواتر بە ئۆتۆمبێل دەچم بۆ لای تاڤگەیەکی نزیک و لەوێ دەخوێنمەوە و چەند شتێک تایپ دەکەم.
ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتت هەیە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: کاتێک بیر دەکەمەوە، بە هێواشی دەست دەهێنم بە سەرمدا.
ـ جلی دڵخوازت چییە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: تیشێرتێکی ڕەنگی شینی تۆخە کە لە لۆکەی ئەستوور دروست کراوە. هەمیشە دڵخۆشم کاتێک لە ناو کۆمەڵە جلە خاوێنەکان، هەڵواسراوە.
ـ لە گۆڤاری (The New York Review of Books) وتارێکی ناوازەت نووسی بە ناوی (سیحرەکانی ویکیپیدیا – The Charms of Wikipedia.”). بۆچی ئەوەندە ویکیپیدیات خۆش دەوێت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: ویکیپیدیا گەورەیە، چونکە دەتوانێت زەبەلاح بێت بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت. دەتوانێت وەک بەربەستە مەرجانییەکانی ژێر دەریا گەشە بکات، کە مارماسییەکان لە بنخۆی و سێبەرەکەی حەشار داوە. ویکیپیدیا سەلماندی کۆمەڵگە جیاواز و هەندێکجار توڕەکان دەتوانن بێ بوونی سەرکردە شتێکی شۆڕشگێڕانە و باشترکەری ژیان ئەنجام بدەن.
ـ ئایا سەرسام بوویت بەو کاردانەوە توندانەی بەرامبەر کتێبەکەت لەسەر جەنگی جیهانی دووەم (دووکەڵی مرۆیی – Human Smoke) هەبوو؟
نیکۆڵسن بەیکەر: ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بیر لە جەنگی جیهانی دووەم بکەیتەوە، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ یان تووڕەیی یان هەردووک دەبیت. هەندێک جار ئاسانترە خەڵک لە مێژوونووسێکی ئاماتۆری وەک من تووڕە بن تا ئەو تاوانبارە ڕاستەقینانەی کە من قسەکانیان دەگێڕمەوە.
ـ تۆ چەندین کتێبێکت هەن کە وەک بەرهەمێکی ئەدەبیی ئیرۆتیک دادەنرێن. ڕای تۆ چییە لەسەر ئەو هەموو دەنگۆیانەی کە کتێبی (پەنجا سێبەری خۆڵەمێشی) دروستی کرد؟
نیکۆڵسن بەیکەر: نەمخوێندوونەتەوە. مێشکی من بۆ بابەتی باڵادەستی یان خۆبەدەستەوەدان دروست نەکراوە – پێم وایە تەنها سەرلێشێواندنە. بە هەڵە بەکارهێنانی بۆینباخە [ئەمە وەک پەندێکە کە بۆینباخ بۆ جوانییە کەچی هەندێک جار بۆ دەست و چاوبەستنەوە بەکار دەهێنرێت].
ـ باسی پلان و بەرنامەکەت بکە کاتێک بیر لە نووسینی کتێبێک دەکەیتەوە، ئایا پێشوەختە نەخشەی بۆ دادەڕێژیت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: هەندێک جار پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەم، ڕیزبەندییەکی ڕێکخراو لە دیمەنەکان و ئەو تێبینییانەی دەمەوێت تێیدا بن، ئامادە دەکەم، بەڵام جێبەجێی ناکەم. ڕیزبەندییە ڕاستەکە تەنها ئەو کاتە دێت کە لە ناوەڕاستی پەڕەگرافێکدام و کڵاوی گڵۆپدارم لەسەرە و بە دوای ئەوەدا دەگەڕێم هەنگاوی دواتر بۆ کوێ بنێم.
ـ دەبێت چی لە لاپەڕەی یەکەمدا ڕوو بدات بۆ ئەوەی کتێبەکە سەرکەوتوو بێت ش خوێنەرەوە بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی؟
نیکۆڵسن بەیکەر: کتێبی سەرکەوتوو دەبێت لە لاپەڕەی یەکەمیدا، وێنەی ئاوێنەیەک بێت کە لە ناو بارهەڵگرێکی گواستنەوەدا دادەگیرێت. نا، بە ڕاستی نازانم. یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەر کتێبێک ئەوەیە کە چەندە دەتوانێت لە کتێبەکانی تر جیاواز بێت. هەندێک ڕۆمان زۆر بە خاوی دەست پێ دەکەن.
ـ باسی شێوازی نووسینت بکە، ئایا هیچ ڕێوڕەسمێکی نامۆت هەیە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: کاتێک خەریکی پێداچوونەوەم و کارەکە باش دەڕوات، دەست دەکەم بە هەناسەدانی بەهێز لە ڕێگەی لوتمەوە. حەز دەکەم لە چێشتخانە قەرەباڵغەکان، پێداچوونەوە بکەم، چاویلکەکانم لادەدەم و لە نزیکەوە سەیری نووسینەکان دەکەم. هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کاتێک پاکەتێکی پۆستی (FedEx) مۆر دەکەم و دەینێرم.
ـ ئایا هیچ شتێکی نامۆ لە شوێنی کارەکەتدا هەیە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: لەم دواییانە کە خەریکی نووسینی (ئاوپرژێنە گەڕۆکەکە) بووم، لە ناو ئۆتۆمبێلدا دەمنووسی، بۆیە ئەوەی دەیبینم بریتییە لەوەی لە پشت جامەکەوە دیارە – زۆرجار گەڵای دار، ئۆتۆمبێلەکانی تر، یان کرمەئەستێرە (شەوشەوقە)یە- و داشبۆردی ئۆتۆمبێلەکە مێزی کارەکەمە کە پڕە لە پەڵەی قاوە.
ـ بەرنامەی ئێوارانت چۆنە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: شیڤ دەخۆین – ڕەنگە مەعکەرۆنی لەگەڵ زەیتوونی ڕەش و زەڵاتە بێت – دواتر سەیری فیلمێک دەکەین. کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەین، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەم پێڵاوەکانم بە قوونکەپێ دادەکەنم. کاتێک ددانەکانمان دەشۆین، باسی فیلمەکە دەکەین. لە ناو جێگەدا دەخوێنینەوە. کە خەوم دێت، خوێندنەوە دەوەستێنم و دەخەوم.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
نیکۆڵسن بەیکەر: ناوی هەسارەی (ئۆرانۆس – Uranus)، بەهۆی ئەوەی لە زمانی ئینگلیزی و لە دەربڕیندا ناشیرین دەردەکەوێت.
ـ چی دەتخاتە گریان؟
نیکۆڵسن بەیکەر: فیلمەکانی (ساندرا بوڵۆک – Sandra Bullock) دەمکووژن، لەنێوم دەبەن.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: هەندێکجار لە نیوەشەوا، هەست دەکەم منداڵەکانم دڵتەنگن یان نەخۆشن، بەڵام زۆربەی کات هەستەکەم هەڵەیە.
ـ شتێک هەیە کە بەردەوام پێت بێت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: سێوێک لە ناو جانتاکەم هەڵدەگرم – فڵچەی ددانی سرووشتییە – هەمیشە نا، بەڵام زۆربەی کات.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: لە ناو گەرماودا، دەستەواژەی (کاڵا گۆڕاوەکان – fungible commodities) زۆر دەڵێمەوە.
ـ چیرۆکی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چی بوو؟
نیکۆڵسن بەیکەر: بەرەو کارەکەم لە شاری (مانسفیڵد – Mansfield)ی ویلایەتی (ماساچوسێت – Massachusetts) ئۆتۆمبێلم لێدەخوڕی، کارێک کە خەریک بوو شێتم بکات، چونکە زریانێکی بەفری بەهێز هەبوو. لە ڕێگەی گەڕانەوەشم بۆ ماڵەوە کەوتمە ناو قەرەباڵغیی هاتووچۆ زۆرەوە. لەو بەینەدا دەستم کرد بە بیرکردنەوە لە چیرۆکێک کە تازە نووسیبووم؛ چیرۆکێک دەربارەی جووتێک قەیتانی پچڕاوی پێڵاو. لە دڵی خۆمدا گوتم: نا، ئەمە چیرۆک نییە، ئەمە ڕۆمانە.
ـ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەبوو کە هەستت کرد نووسەریت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: کاتێک تەمەنم ٢٣ ساڵان بوو، دوو گۆڤار چیرۆکیان لێ وەرگرتم. نامەی وەرگرتنەکەی هەردووکیان لە یەک ڕۆژدا گەیشت، منیش چووم بۆ چێشتخانەیەک و پارچە ستەیکێکی گەورەی گۆشتم داوا کرد.
ـ دەبێت ڕۆژانە چەند بنووسیت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: زۆربەی ڕۆژەکان بەرهەمدار نین: ٪٩٥ی ئەوەی دەینوسم هەرگیز بڵاو ناکرێتەوە، بەڵام کاتێک شتێک دەخەمە ناو پەڕەگرافێکی تەواوکراوەوە کە پێشتر گومانم هەبوو تێیدا جێگەی ببێتەوە، هەست بە باشی دەکەم.
ـ چیرۆکێکی کۆمیدیمان بۆ بگێڕەوە دەربارەی ناساندنی کتێبەکانت و ئەو گەشتانەی دەیانکەیت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: ساڵانێک لەمەوبەر لە فلۆریدا، خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکەم بووم تەنها بۆ دوو کەس؛ پیرەژن و پیرەمێردێک لە ناو دونیایەک کورسی چۆڵ. چەند خولەکێک دوای ئەوەی دەستم پێکرد، هەردووکیان سەریان شۆڕ بووەوە و خەویان لێکەوت. منیش بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بۆ ئەو دوو خەوتووەم خوێندەوە، دواتر گوتم سوپاس و بە بێدەنگی ڕۆیشتم.
ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرانی تازە هەیە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: ئەگەر دەقێکت بینی کە پێت جوان بوو، لە دەفتەرێکدا بینووسەوە. ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی فێربیت زمان و پەخشان چۆن کار دەکات – لە ناوەوە بۆ دەرەوە.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
نیکۆڵسن بەیکەر: من حەزم لە نەریتی کۆنی (کوایەکەر – Quakers)ەکانە کە گۆڕی بێناوونیشانیان هەبوو.
ـ شتێکمان پێ بڵێ کە کەس لەبارەی تۆوە نایزانێت و سەرسوڕهێنەریشە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: ساڵانێکی زۆرە دەمەوێت لە نزیک ماڵی خۆمان کارگەیەکی دروستکردنی قاپ و قاچاخی سیرامیکی ستایل کلاسیک دابمەزرێنم.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
نیکۆڵسن بەیکەر: شتێکی تاریک و بریقەدار و حاشاهەڵنەگر، بەڵام پڕ لە نادڵنیایی. یان ڕەنگە کتێبێک بێت دەربارەی بەکرێگرتنی بەرزکەرەوەیەکی هایدرۆلیکی و بۆیەکردنی خانوو. هێشتا زووە بۆ گوتنی.

تێبینی:
ـ ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.
ـ (کوایەکەر – Quakers)ەکان کە بە فەرمی بە (کۆمەڵەی دۆستان – Religious Society of Friends) دەناسرێن، بزووتنەوەیەکی ئایینی و مەسیحین کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم (دەوروبەری ساڵی ١٦٥٠) لە ئینگلتەرا دروست بوو. دامەزرێنەری سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە پیاوێک بوو بە ناوی (جۆرج فۆکس – George Fox). کوەیکەرەکان بەهۆی تێڕامانە جیاواز، ئاشتیخواز و مرۆییەکانیانەوە، مێژوویەکی زۆر تایبەتیان لە ئەوروپا و ئەمریکادا تۆمار کردووە. گەورەترین جیاوازیی کوایەکەرەکان لەگەڵ کەنیسە تەقڵیدییەکانی تری مەسیحی، ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە”پشکۆیەک لە ڕووناکی و ڕوحی خودا لە ناو ناخی هەر مرۆڤێکدا هەیە، بۆیە پێویستیان بە قەشە، پیاوی ئایینی، یان کەنیسەی پۆشتە و ڕازاوە نییە. پێیان وایە هەر مرۆڤێک دەتوانێت ڕاستەوخۆ و بەبێ ناوەندگیری پەیوەندی بە خوداوە بکات. لە کۆبوونەوەکانیاندا بە بێدەنگی لە چوارگۆشەیەک دادەنیشن و بیر دەکەنەوە؛ ئەگەر ڕوحی پیرۆز ئیلهامی بە هەر یەکێکیان (پیاو بێت یان ژن) بەخشی، ئەو کەسە هەڵدەستێت و قسە بۆ ئەوانی تر دەکات. ئەوان لە یەکەمین گروپە ئایینییەکان بوون لە ئەمریکا و بەریتانیا کە بە توندی دژی کۆیلایەتی وەستانەوە و یارمەتیی ڕاکردنی کۆیلە ڕەشپێستەکانیان دەدا بۆ باکوور. لە کۆمەڵەی ئەواندا، ژنان لە سەرەتاوە خاوەن مافی یەکسان بوون و دەیانتوانی وتاری ئایینی پێشکەش بکەن. کارێکی زۆریان کرد بۆ بە مرۆییکردنی ڕەفتاری ناو بەندیخانەکان لەگەڵ زیندانیان.