ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
رۆژێكی چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوەیە، بە ئەگەرێكی زۆر ئەمڕۆ چارەنووسی یانەی هەولێر لە نێوان بەدەستهێنان و بێبەشبوونی لە بلیتێكی یارییە نێودەوڵەتییەكان یەكلایی دەبێتەوە. لە لایەكی دیكەیشەوە، لە یاریی دێربی كوردستان نەورۆز میوانداریی زاخۆ دەكات، لە بەغداش یارییەكی كلاسیكۆ و ئاگرین لە نێوان قوە جەوییە و زەورا بەڕێوەیە.
یارییەك بە تامی كلاسیكۆی عێراق
لە گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی شورتە گەشتی بەغدای كرد و یارییەكە ئەمڕۆ چوارشەممە لە كاتژمێر 08:00ـی شەو دەكرێت.
هەولێر لە قۆناغی یەكەم لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بە تاكە گۆڵێكی شێرزۆد تێیمیرۆڤ شكستی بە شورتە هێنا.
لە دوایین 5 یاریی نێوانیان، شورتە چوار یاریی بردووەتەوە و هەولێر تەنیا یەك سەركەوتنی تۆمار كردووە.
شورتە بە كۆكردنەوەی 76 خاڵ لە خانەی دووەمی ریزبەندی دێت، لە بەرامبەردا هەولێر بە 70 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دەبینرێت.
هەولێر بە تەواوەتی لە بردنەوەی نازناوەكە بێهیوا بووە، بەڵام بە بردنەوە لەم یارییە بە ئەگەرێكی زۆر بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوە یەكلایی دەكاتەوە، لە بەرامبەردا شورتە هێشتا هیوای بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە لەدەست نەداوە.
شێرەكەی ئۆزبەكستان هەمووانی شۆك كرد
شێرزۆد تێیمیرۆڤ، هێرشبەری ئۆزبەكستانی، سەرەڕای ئەوەی لە دوای یارییەكەی نەورۆز ماڵئاوایی لە هاندەرانی هەولێر كرد و بەرەو ئۆزبەكستان بەڕێكەوت، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، سەفین یاسین سەرۆكی یانەی هەولێر شێرزۆدی رازیكرد لە توركیاوە بگەڕێتەوە بەغدا و پەیوەندی بە راهێنانەكانی هەولێر بكات و بۆ یارییەكەی ئەمڕۆش بەرامبەر شورتە ئامادە دەبێت.
شێرزۆدی تەمەن 27 ساڵ، لە هاوینی ساڵی رابردوو لە یانەی كیچی هۆنگ كۆنگی بە گرێبەستێك بۆ یەك وەرز بە بەهای 255 ملیۆن دینار پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد، لە بڕگەیەكی گرێبەستەكەیدا هاتبوو ئەگەر ببێتە گۆڵكار دەبێت وەكو پاداشت 10 هەزار دۆلاری پێبدرێت.
شێرزۆد ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 33 یاری، 28 گۆڵ و ئەسیستێكی كردووە، لە جامی عێراقیش لە دوو یاریی گۆڵێكی كردووە.
شێرزۆد پێش ئەوەی لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر بكات لە خولی نایابی هۆنگ كۆنگ لە كۆی 52 یاری، 23 گۆڵ و 8 ئەسیستی كرد بوو، لە نێوان ساڵانی 2022 تــا 2023 یاریی بۆ پێرسپۆلیس و پەیكانی ئێرانیش كردووە.
چاوەكان لەسەر یاریی دێربی كوردستانە
ئەمڕۆ چوارشەممە لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە، لە خولی ئەستێرەكان عێراق، نەورۆز لە یاریی دێربی كوردستان میوانداریی زاخۆ دەكات.
ئەم دوویانەیە ئەم وەرزە تاڕادەیەكی زۆر دۆخیان لەیەكتر نزیكە، بەوپێیەی زاخۆ بە كۆكردنەوەی 55 خاڵ لە خانەی هەشتەم دێت، لە بەرامبەردا نەورۆزیش بە 50 خاڵ پلەی نۆیەمی گرتووە.
نەورۆز لە مێژووی خۆیدا نەیتوانیوە لە زاخۆ بباتەوە، لە قۆناغی یەكەمیش، زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی گۆڵبارانی نەورۆزی كرد و یارییەكەی بە 4 گۆڵی بێوەڵام بردەوە.
لە دوایین پێنج یاریی نێوانیان، زاخۆ 3 سەركەوتنی بەدەستهێناوە و دوو یاریش بە یەكسانبوون كۆتایی هاتووە.
یاریی دێربی بەغدا بەڕێوە دەچێت
یاریی نێوان قوە جەوییە و زەورا هاوشێوەی یاریی كۆتاییە، جەوییە بە بردنەوە لەم یارییە بەڕێژەی 90% دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە بەرامبەردا، زەورا زۆر پێویستی بە 3 خاڵی ئەم یارییەیە بۆ ئەوەی پێگەی ریزبەندی سێیەم، بە هەولێر چۆل بكات و بلیتێكی پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە بەدەستبهێنێت.
ئەم یارییە بۆ یانەی زەورا یاریی تۆڵەكردنەوەیە، چونكە لە قۆناغی یەكەم یارییەكەی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بە جەوییە دۆڕاند. لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان زەورا 3 یاریی بردووەتەوە و تەنیا یەك یاریی دۆڕاندووە و یارییەكیش بە یەكسانبوون كۆتایی هاتووە.
قوە جەوییە بە كۆكردنەوەی 80 خاڵ لە پلەی یەكەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت، لە بەرامبەردا زەورا بە 66 خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە.
دوو یاریی دیكە دەكرێن
لە درێژەی یارییەكانی گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی موسڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی مینا گەشتی بەسرەی كردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی كەرخی شاری بەغدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی نەجەف، هەردوو یارییەكەش لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە دەكرێن.

