ماكوان عیزەت -هەولێر
جگەر یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ کە بەرپرسە لە پاککردنەوەی ژەهرەکان و پآلفتەکردنی خوێن، بەڵام کاتێک بڕێکی زۆر چەوریی لێ کۆ دەبێتەوە، تووشی جۆرە نەخۆشییەک دەبێت کە بە “چەوریی جگەر” دەناسرێت. ئەم حاڵەتە ئەگەر پشتگوێ بخرێت، دەبێتە هۆی پەککەوتنی جگەر و دروستبوونی کارەساتی گەورە بۆ جەستە.
د. سەعید عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو، تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە و وردەکارییەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ خوێنەران ڕووندەکاتەوە.
چەوریی جگەر چییە و جۆرەکانی کامانەن؟
بە گوتەی د. سەعید، جگەری هەموو مرۆڤێک بڕێکی کەم چەوری تێدایە، بەڵام کاتێک ڕێژەی چەورییەکە لە سنووری ئاسایی تێپەڕی، دەگوترێت کەسی ناوبراو تووشی ئەم نەخۆشییە بووە. بەگشتی چەوریی جگەر بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش دەبێت:
1. نەخۆشیی جگەری کحوولی (ALD)؛ کە بەهۆی خواردنەوە کحوولییەکانەوە دروست دەبێت.
2. نەخۆشیی جگەری ناکحوولی (NAFLD)؛ کە پەیوەندی بە سیستەمی ژیان و خواردنەوە هەیە.
ئەم پزیشکە ئاماژە بەوەش دەکات کە زیاتر لە 20%ـی خەڵک بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن.
هۆکارەکان؛ کێ زیاتر لە مەترسیدایە؟
هەرچەندە هۆکارێکی ڕاستەوخۆی دیاریکراو نییە، بەڵام د. سەعید عوسمان دەڵێت ئەم حاڵەتە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بەم خاڵانەوە هەیە:
• قەڵەوی و کێشی زیادە: یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
• نەخۆشیی شەکرە: تووشبووانی شەکرە زیاتر ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە دەبنەوە.
• بەرزیی کۆلیسترۆڵ: بوونی چەورییە زیانبەخشەکان لە خوێندا.
• خواردن و جووڵە: خواردنی ناتەندروست و کەمیی چالاکیی جەستەیی.
نیشانەکان و مەترسییەکان
د. سەعید هۆشداری دەدات کە چەوریی جگەر “نەخۆشییەکی بێدەنگە” و زۆربەی کات هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە، بەڵام زیانە درێژخایەنەکانی بریتین لە:
• هەوکردنی جگەر و تێکچوونی فرمانی ئەندامەکە لە داهاتوودا.
• زیادکردنی ئەگەری تووشبوون بە شەکرە یان قورسکردنی کۆنترۆڵکردنی شەکرە بۆ ئەوانەی نەخۆشییەکەیان هەیە.
• لە ئەگەرێکی کەمدا، ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی تووشبوون بە زەردوویی.
پشکنین و دەستنیشانکردن
ئەو پزیشکە پسپۆڕەیە جەخت دەکاتەوە کە چەوریی جگەر لە ڕێگەی تاقیگەوە بە ئاسانی نادۆزرێتەوە، بەڵکو “سۆنار” باشترین و وردترین ڕێگەیە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی چەوریی سەر جگەر.
ڕێگاکانی چارەسەر و خۆپارێزی
لە کۆتاییدا، د. سەعید عوسمان چەند ڕێنماییەک بۆ ڕزگاربوون لەم کێشەیە دەخاتە ڕوو:
• هاوسەنگیی ژیان: ڕێکخستنی خواردن و زیادکردنی جووڵە و وەرزش.
• دوورکەوتنەوە لە شیرینی: کەمکردنەوەی خواردنەوە گازییەکان (پێپسی و کۆلا) و شیرینییە دەستکردەکان.
• خواردنی تەندروست: گەڕانەوە بۆ خواردنە سروشتی و سووکەکان و دوورکەوتنەوە لە کحوول.
• کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی: ئەوانەی شەکرەیان هەیە دەبێت بە وردی ڕێژەی شەکرەکەیان ڕێک بخەن.
• ڕۆڵی دەرمان: دەرمانەکان کاریگەرییان سنووردارە، بۆیە باشترین چارەسەر گۆڕینی شێوازی ژیانە.

