رۆژنامەی ھەولێر

ڕێنماییە بنچینەییەکانی پاکوخاوێنی لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

پاراستنی پاکوخاوێنی کەسی لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا، تەنها ئەرکێکی ئایینی و شارستانی نییە، بەڵکو گرنگترین مەرجی سەلامەتییە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان. بەهۆی قەرەباڵغی و تێکەڵاوبوونی ملیۆنان حاجی، پێویستە میوانانی ماڵی خودا پابەندی ئەم ڕێنماییە گشتیانە بن

یەکەم: پاکوخاوێنیی دەستوپل
دەستوپل سەرەکیترین هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆس و بەکتریایە، بۆیە پێویستە هەمیشە بە ئاو و سابوون (یان سابوونی بێبۆن لە کاتی ئیحرامدا) یان پاککەرەوە کحولییەکان پاک بکرێتەوە، بەتایبەت لەم کاتانەدا:
• پێش و دوای نانخواردن.
• دوای هاتنەدەرەوە لە ئاودەست
• دوای کۆکە و پژمین
• دوای دەستدان لە هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک
• دوای گەڕانەوە لە هەر ڕێوڕەسمێک بۆ شوێنی نیشتەجێبوون

دووەم: خۆپارێزی لە نەخۆشییە هەناسەییەکان
بۆ ئەوەی حاجی تووشی پەتای وەرزی و هەوکردن نەبێت، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات:
• بەستنی دەمامک: بەتایبەت لەو شوێنانەی قەرەباڵغییەکی زۆریان لێیە.
• دوورکەوتنەوە: خۆپاراستن لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی نیشانەکانی پەتایان تێدا دەرکەوتووە.
• ئەتەکێتی کۆکە: لە کاتی کۆکە و پژمیندا کلێنس بەکاربهێنە، ئەگەر دەست نەکەوت، ئەوا بە بەشی سەرەوەی قۆڵ یان شان دەمت بگرە نەک بە دەستەکانت.

سێیەم: کەرەستە کەسییەکان و خاوێنڕاگرتنی جەستە
• بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت: هەرگیز کەرەستەی کەسۆکی وەک (خاولی، شانە، فڵچەی ددان، هەویری ددان و ئامێری ڕیشتاشین) بە هاوبەشی لەگەڵ کەسانی تر بەکار مەهێنە.
• خۆشۆردنی ڕۆژانە: پێویستە حاجی ڕۆژانە و بەتایبەت دوای تەواوکردنی هەر ڕێوڕەسمێک جەستەی بشوات.
• گۆڕینی جلوبەرگ: ڕۆژانە جلەکانت بگۆڕە و هەوڵبدە جلوبەرگی لۆکەیی و فراوان لەبەر بکەیت کە ئارامبێت بۆ جوڵە.
چوارەم: ژینگە و شوێنی نیشتەجێبوون
• پێویستە ژووری نیشتەجێبوون و ئەو شوێنانەی زۆر دەستیان لێ دەدرێت، ڕۆژانە پاک بکرێنەوە.
• پاشماوەی خواردن و زبڵەکان بە هیچ شێوەیەک فڕێ مەدەرە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، بەڵکو ڕاستەوخۆ بیخەرە نێو سەلەی خۆڵەوە.