ئارام كۆشكی – سلێمانی
بەر لە چەند ساڵێک هاوڕێیەکی ڕۆماننووسم باسی سەختی نووسینی ڕۆمانی کرد و ئەو گوتی “هیچ هونەرێک نییە هێندەی نووسینی ڕۆمان سەخت بێت”، من دەمزانی سەختە، بەڵام بەو ڕادەیە نا، کە ئەو لەنێو قووڵایی ئەزموونی خۆیەوە قسەی دەکرد. لە دوای ئەو بۆچوونەی هاوڕێ ڕۆماننووسەکەمەوە ئیدی وردتر تێکستەکانم خوێندەوە و بە سەرنجەوە لە هەموو پنتەکانی گێڕانەوە و چنینی ڕۆمانەکان ڕامام. لەوێدا زیاتر هەستم بە سەختی هونەرەکە کرد، بەڵام لەگەڵ ئەم سەختییەدا هاوڕێ ڕۆمانووسەکەم ڕستەیەکی دیکەشی گوت و باسی لەوە کرد “کارکردن لە نووسینی ڕۆماندا چێژێکی بێکۆتاییشی هەیە، ئەم چێژە منی زیاتر پەیوەستی ئەم ژانرە کردووە.” من نەمتوانی درک بە چێژەکەی بکەم تا خۆم ئەزموونێکم بۆ فێربوون و تێگەشتن لەم هونەرە نووسی.
لە دوای قسەی ئەو هاوڕێ ڕۆماننووسەمەوە ناتوانم سەرسام نەبم بە هەموو دەقێکی گێڕانەوەیی نووسەرە داهێنەرەکان، ئەگەرچی چێژیشیان لێ نەبینم، بەڵام سەرسامم بەو وزە و چێژەی لەکاتی نووسینی تێکستەکە پێی گەیشتوون. کاتێک ڕۆمانی “کتێبی ڕەش”ی ئۆرهان پاموکم خوێندەوە، نەمتوانی سەرسام نەبم بە شێوازی نووسین و گێڕانەوەکەی، دوای چەندین کاتژمێر ڕامان بەدیارییەوە لە سەرسامییەوە پەڕیمەوە بۆ حەپەسان و درکم بەوە کرد ئەو تێکستە لە دۆخی ئاساییدا نەنوسراوە، چونکە لە چەشنی ئەو تێکستانەیە، نەک خوێنەر ون دەکات، بەڵکو نووسەریش لە دۆخی ونبووندا نووسیویەتی، بۆ ئەوەی لە جێگەیەکدا خۆی بدۆزێتەوە، کە خوێنەریش ئەگەر بیەوێت دەتوانێت خۆی بدۆزێتەوە.
جۆرج پلیمپتن؛ نووسەر و سەرنووسەری پاریس ڕیڤیوو، وەک هاوڕێ ڕۆماننووسەکەم باس لە دۆخی سەختی نووسین دەکات و دەڵێت: “بۆ نووسین بەردەوام دەست و دڵم دەلەرزێت، وەک سەرنووسەر زیاتر باوەڕم بەخۆم هەیە تا نووسەر.” لێرەدا دەکرێت پرسیاری ئەوە بکەین بۆ دەنووسین؟ ئەگەر نووسین هێندە سەختە بۆ دەستبەرداری نابین؟ ئایا نووسەران دەتوانن نەنووسن؟
ئارام کاکەی فەلاح؛ نووسەر و چیرۆکنووس لەبارەی پەیوەندی خۆی بە نووسینەوە باس لەوە دەکات لە سەرەتاکانی ئەزموونی نووسینییەوە پەیوەندی ئەو بە نووسینەوە پەیوەندییەکی ئاسایی بووە، بەڵام دوای ئەزموونێک لە نووسین ئەو پەیوەندییە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و نووسین لە ژیانی ئەودا بووەتە پێویستی و تاڕادەی ئەوە ئیدی ناتوانێت نەنووسێت. نووسین هونەری هەڵڕشتنی وشە و ڕەشکردنەوەی لاپەڕەی سپی نییە، بەڵکو بەرلەوەی پێویستییەکی فیکریی و خودنووسینەوە بێت، گەشتێکی ڕۆحی و پێویستییەکی ژیانەکییە، یان جۆرێک لە هەناسەیە بۆ نووسەر، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ژیان بدات. نووسەرە داهێنەرەکان نانووسن لەپێناو نووسەربووندا، بەڵکو دەنووسن لەپێناو خودی نووسیندا.
دوای چارەکە سەرەدەیەک لە ئەزموون و وردبوونەوە لە بەشێکی زۆر لە نووسەرانی کورد، ئێستا دەتوانم ئەو نووسەرانە پۆلێن بکەم کە لەپێناو نووسیندا دەنووسن و ئەوانەشی تەنها لەپێناو ینووسەربووندا دەنووسن. هاوکێشەکە قورس نییە، بە خوێندنەوەی چەند وتارێک، یان کتێبێک دەتوانین لەوە تێگەین کێ شەڕی نووسەربوون دەکات و کێش دەجەنگێت لەپێناو خودی نووسیندا.
ئۆرهان پاموک لە وتارێکدا باس لەوە دەکات “نووسەر نابێت سڵ لە دڕاندن و فڕێدانی ئەوە بکاتەوە کە دەینووسێت تا دەگاتە باشترین.” نووسەرە داهێنەرەکان بەردەوام دەدڕێنن، بەردەوام فڕێ دەدەن، بەڵام نووسەرانی دیکە دەنووسن بەبێ هیچ کونجکۆڵییەکی وجوودی، نووسەرە ڕاستەقینەکان خاوەنی کونجکۆڵییەکی وجوودی بەردەوامن و نووسین تیمارکەری ئەو کونجکۆڵییەیە.
ئەگەر بمانەوێت وەڵامێکی ڕاستەقینەی بۆ دەنووسین بدەینەوە؟ دەشێ وەڵامە دروستەکە بەمشێوەیە بێت؛ لەبەرئەوەی ناتوانین نەنووسین، چونکە نووسین ئەو گەشتە ڕۆحی و ئەو هەناسەیە کە پەیوەستیمان بە بوونەوە زیاتر دەکات. ئەی بۆ لەنێو ئەو سەختیانەدا دەستبەرداری نابین؟ ئەم پرسیارە گەلێک جەوهەری و گرنگە، نووسەرە ڕاستەقینەکان ناتوانن دەستبەرداری نووسین بن تا ئەوکاتەی نووسین دەستبەرداریان دەبێت. بەڵام (نووسەرانی شەیدای نووسەربوون)، یان دروستترە بڵێم نووسەرە ڕاگوزەرەکان (ڕەخنە سەختیش بێت بە نووسەری ساختە ناویان بەرم) ئەوانەن کە وازهێنان لە نووسین لایان ئاساییە، ئەگەرچی بەشێکی زۆریان هەرگیز دەستبەرداری نابن وەکو ئەوەی پەیمانێکیان هەبێت لەگەڵ نووسەربووندا بەستبێت و نەتوانن دەستبەرداری بن.
بە کەمێک ڕەهاییەوە دەڵێم لە ژیانی نووسەرە ڕاستەقینەکاندا هیچ پەیمانگەلێک لەگەڵ نووسیندا لە ئارا نییە، بۆیە دەتوانن نەنووسن و نەنووسین لایان کردەیەکی ئاساییە. ئەگەر یەک کتێب، یان چەند شیعرێکی کەمیش بنووسن بۆیان ئاساییە دەستبەرداری نووسین بن، چونکە ئەوان پەیماننامەیان نییە تا لە ژیاندا بن بنووسن و هاوکات خەمی پێگەی نووسەربوونیان نییە، بەڵکو ئەوە نووسەرە ساختەکانن (ڕاگوزەرەکانن) کە ترسی لە نووسەربوونی خۆیان هەیە، بۆیە بەردەوام دەنووسن لەپێناو نووسەربووندا تا بیسەلمێنن نووسەرن، چونکە لە واقیعدا نووسەر نین، چونکە نووسەری شتێک نییە بەزۆر بسەلمێنرێت، بەڵکو نازناوێکە خۆڕسکانە لەگەڵ بەرهەمدا لەدایک دەبێت و لەگەڵ گەورەبوونی بەردەمەکاندا گەورەدەبێت.

