رۆژنامەی ھەولێر

نەمامێک بچێنە، شارێک جوانتر دەبێ

ئاری ئاغۆک*

 

لە روانگەی ژینگەدۆستیەوە شار تەنیا دروستکردنی خانوو و باڵەخانە و شەقام و ئۆتۆمبێل و جوانی ڕووکەش نیە، بەڵکو لەتەک ئەم بابەتە گرنگانە ڕەهەندێکی ژینگەیی هەیە وەک ڕۆحێکی زیندوو هەمیشە چێژ بە بینین و بیستن و سروشتی ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی کۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەویش گرنگیدانە بە سەوزەڵانی و دار و درەخت و گوڵ و نەمام چاندن، چونکە بەرلێککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ سروشت پەیوەندی بەو هەڵويستە نەگۆڕە هەیە کە لەگەڵ چاندنی هەر دار و درەخت و گوڵ و گوڵزارێکدا، ئەوا پردی ئومێد بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست دەکەین، ئەویش لەڕێگەی پەیمان‌نوێکردنەوە لەگەڵ سروشت و خاک، کە دەبێتە هیوای داهاتوو چونکە چێژە ئینسانی و ئایینیەکەی بۆ ئێمەیە و هەوای پاک و هەناسەی نوێ و سەوزەڵانی هەمیشەیی بۆ نەوەکانمان.
بێگومان ئەو چالاکی و جموجۆڵە ژینگەییە تەنیا گۆڕانکاری سیمای شار نیە بە شێوەیەکی کاتی، بەڵکو چێژ بینینەکە بۆ هەست و دیگای ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە خەمخۆارانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەن، کە بابەتی سەوزکردنی شارە بۆ ئێستا و پاکتر و جوانترەکەی بۆ ئایندە.
گەلێ جار لە کاتی گەشتکردن بۆ شارێکی دیکە و وڵاتێکی تر، یەکەم دیمەن کە سەرنجی گەشتیار بۆ خۆ ڕادەکێشێ بریتیە لە سەوزایی و گرنگیدان بە ژینگە، ئەو شارانەی کە زیاتر گرنگییان بە باڵەخانە و کارگە و کۆگا و جوانکاری ڕووکەشی بیناسازی داوە، ئەوا لە بنەڕەتدا لە شارێکی گەرم دەچن، بەڵام ئەو شارانەی بایەخیان بە گوڵ و گوڵزار و سەوزەڵانی داوە، هەست بە فێنکایی و سروشتی جوان و ژیان و جموجۆڵ و چێژی ژینگەیی دەکرێ، ئەمەش ئەو ڕاستیەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە ئەم بایەخدانە تەنیا بۆ گۆڕینی دیمەنەکان نیە، بەڵکو بۆ هەست و هۆشی بینەرەکانیشە. کەواتە بۆ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو ژینگەیەکی جوانتر جێ بهێڵێن پێویستە بە نەمام چاندن هەنگاو بنێین، چونکە جگە لە جوانیبەخشین ئەوا هەوایەکی پاک بۆ منداڵێکی داهاتوو ئامادە دەکات، دەبێتە سێبەری حەسانەوە بۆ کەسە بەتەمەنەکان، هەروەها ماڵێکی فراوانتری دیکەی ئارامتر بۆ باڵندەکات مسۆگەر دەکات.
ئەمانە هەمووی بە یەک هەنگاوی جوان دروست دەبێت ئەویش نەمامچاندنە، جا ئەگەر ئەو نەمامە بە هەوڵی تاکەکەسی بێت، یان حکومەت و رێکخراوە ژینگەییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوا وەک ئامانەتێکی ئیمانی و نیشتمانی ئەو کارە دەچێتە خانەی پیرۆزی و دەستخۆشی و دڵخۆشی بۆ ئێستا و داهاتوومان.

*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر