رۆژنامەی ھەولێر

سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە

وتەبێژی حەج و عومرە ڕایگەیاند، سبەی یەکەم کاروانی حاجییان دەگەڕێتەوە و 1027 حاجی لە شاری مەدینەوە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی حوزەیران، کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی لە کاتژمێر 5:00ـی بەرەبەیان، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێ دەکەوێت.

کاروان ستونی ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی 1027 حاجی لە ڕێگەی حەوت فڕۆکەوە لە شاری مەدینەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێ دەکەون. یەکەم کاروانی حاجییان کاتژمێر 5ـی بەیانی لە مەدینەوە بەڕێ دەکەون و لە کاتژمێر 7:30 بەیانی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

وتەبێژی حەج و عومرە ڕوونی کردەوە، لە گەشتەکانی سبەی چوار فڕۆکە حاجییانی شاری هەولێرن، دوو فڕۆکە حاجیانی شاری دهۆک و فڕۆکەیەکیش حاجییانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن. هەروەها ئاشکرای کرد، بەپێی خشتەی ڕاگەیەندراو، ڕۆژی دواتر حاجییانی شاری سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش دەگەڕێنەوە.