رۆژنامەی ھەولێر

سەنتەری پزیشکیی گەلیاوە لە هەولێر؛ خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێبەرامبەر پێشکەش بە زیاتر لە 50,000 نەخۆش دەکات

سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەرژێنەکان لە هەولێر، وەک ناوەندێکی پێشەنگ لە بوارەکانی چارەسەر، فێرکاری و توێژینەوە، خزمەتگوزارییەکانی بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە و هۆرمۆنەکان فراوانتر کردووە.

لە ئێستادا زیاتر لە 50,000 هاووڵاتیی خاوەنی دەفتەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانن لەم سەنتەرە و سەرجەم خزمەتگوزاری و دەرمانەکانیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابین دەکرێت.

سەنتەری گالیاوە کە لە ساڵی 2024 دامەزراوە، لەسەر سێ تەوەری سەرەکی (پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، فێرکاری و پێگەیاندنی پزیشکانی پسپۆڕ، توێژینەوەی زانستی) کار دەکات.

ئاماری سوودمەندانی سەنتەرەکە بەم شێوەیەیە:
– زیاتر لە 43,000 نەخۆشی گەورەساڵ.
– 1,600 منداڵی تووشبوو بە شەکرەی جۆری 1.
– نزیکەی 8,000 ئاوارەی ناوخۆیی.

سەنتەرەکە بەشێوەیەکی بەردەوام جۆرە جیاوازەکانی دەرمانی وەک ئەنسۆلین و حەپی شەکرە و دەرمانی تایبەت بە هۆرمۆنەکان دابین دەکات. هاوکات بۆ ئاسانکاری و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوونی نەخۆشان، پێداویستییە پزیشکییەکان لە ناو سەنتەرەکەوە بەسەر بنکە تەندروستییەکاندا دابەش دەکرێن.

ئەم ناوەندە پزیشکییە لە چەندین بەشی پسپۆڕی پێک هاتووە، لەوانە: ژوورەکانی ڕاوێژکاریی شەکرە و هۆرمۆن بۆ گەورە و منداڵ، ڕاوێژکاریی چاو، بەشی خۆراک، تیشک و سۆنەر، تاقیگەی پێشکەوتوو و دەرمانخانە، کە بە کوالێتییەکی بەرز خزمەت بە هاووڵاتییان دەگەیەنن.