ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لە وەرزی بەهار و، کاتی گەشت و سەیران، مەترسییەکانی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بۆ سەر پێست زیاد دەکەن. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە پاراستنی پێست تەنها لایەنێکی جوانکاری نییە، بەڵکو پێویستییەکی تەندروستییە بۆ ڕێگریکردن لە زیانە درێژخایەنەکان.
دژەخۆر؛ قەڵغانێک بۆ هەموو وەرزێک
د. بڕیار تەیب باراوی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە بەکارهێنانی دژەخۆر ببێتە ڕۆتینێکی ڕۆژانە، بەتایبەت بۆ خانمان. ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە تەنانەت لە کەشوهەوای هەوریشدا، تیشکی خۆر کاریگەرییە لاوەکییە زیانۆکەکەی هەر دەمێنێت. ڕێنمایی دەدات کە دژەخۆر دەبێت 15 بۆ 30 خولەک پێش چوونە دەرەوە بەکار بهێنرێت و باشتر وایە لە دەرمانخانەکان یان بە ڕاوێژی پزیشک وەربگیرێت.
د. بڕیار باراوی ڕوونی دەکاتەوە کە دژەخۆرەکان بەپێی کاردانەوەیان بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش دەبن:
1. دژەخۆری فیزیایی (Physical)؛ وەک بەربەستێک کار دەکات و تیشکی خۆر دەگەڕێنێتەوە. ئەم جۆرە ماکی وەک (تیتانیۆم دایۆکساید و زینک ئۆکساید)ی تێدایە. باشترین بژاردەیە بۆ ئەو کەسانەی پێستیان هەستیارە، چونکە هیچ زیانێکی لاوەکیی نییە و، سەدا ٨٠ هەتا سەدا ٩٠ـی تیشکەکە دەگەڕێنێتەوە.
2. دژەخۆری کیمیایی (Chemical)؛ ئەم جۆرە کارلێک لەگەڵ تیشکەکەدا دەکات و دەبێتە هۆی شیبوونەوەی تیشکی زیانۆک و دەیگۆڕێت و، لێناگەڕێت زیان بە خانەکانی پێست بگات.
“باشترین جۆری دژەخۆر ئەو بەرهەمەیە کە ماکە فیزیایی و کیمیاییەکەی پێکەوە تێدا بێت، چونکە بەرزترین ئاستی پاراستن دژی تیشکی سەروو وەنەوش (UV) دابین دەکات.” ئەمەش وتەی د. بڕیار باراوییە. هەر بۆیە ئەو پزیشکی پسپۆڕە ئاماژە بە هەڵەیەکی باو دەکات کە زۆربەی خەڵک تێی دەکەون، ئەویش پێیان وایە یەک جار بەکارهێنانی دژەخۆر بۆ هەموو ڕۆژەکە بەسە. ڕێنماییەکان بەم شێوەیەن:
• لە بەر تیشکی خۆردا: پێویستە هەر دوو کاتژمێر جارێک دژەخۆرەکەت نوێ بکەیتەوە. باشتر وایە پێشتر دەموچاو بشۆردرێت، ئەگەر نەگونجاش، دەکرێت هەر بەسەر دژەخۆرە کۆنەکەدا بەکاربهێنرێتەوە.
•لە ناو ژوور یان سێبەردا: دژەخۆر دەتوانێت 4 بۆ 5 کاتژمێر بمێنێتەوە و پارێزگاری لە پێست بکات.
لە کۆتاییدا، شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە هەڵبژاردنی دژەخۆری گونجاو لەگەڵ جۆری پێست، هەنگاوی یەکەمە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەڵە، چرچبوونی پێشوەختە و نەخۆشییەکانی تری پێست.

