تەسکداگەڕانی حەوزی گورچیلە یەکێکە لەو گرفتە تەندروستیانەی زۆرجار بە زگماکی دەست پێ دەکات. د. لاوان توانا، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا زانیاریی ورد لەسەر نیشانەکان، هۆکارەکان و ڕێگاکانی چارەسەری ئەم حاڵەتە دەخاتە ڕوو.
هۆکارەکان و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە
د. لاوان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم تەسکبوونەوەیە زۆربەی کات لەو ئاستەدا ڕوو دەدات کە حەوزی گورچیلە دەگاتەوە میزەڕۆ. بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، لە هەر هەزار کەسدا تەنها یەک کەس تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت.
ئەو پزیشکی پسپۆڕە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم گرفتە زۆرجار لە قۆناغی کۆرپەلە و لەنێو سکی دایکدا لە ڕێگەی ئامێری سۆنەرەوە هەستی پێ دەکرێت. سەبارەت بە هۆکارەکانیش دەڵێت:
• هۆکاری زگماکی: کە باوترین جۆرە و منداڵ لەگەڵ لە نێو سكی دایكیدا تووشی دەبێت.
• ناڕێکی لە ماسوولکەکانی بۆریی حەوز: کە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی ئەو ناوچەیە.
• پەککەوتنی گواستنەوە: لەو بەشەی کە حەوز و بۆرییەکە بەیەک دەگەن، ماسوولکەکان ناتوانن بە دروستی پاڵ بە میزەوە بنێن بۆ دەرەوە.
هەرچەندە ئەم حاڵەتە لە ڕەگەزی نێردا باوترە، بەڵام هەندێک جار لە کەسانی گەورەشدا دەردەکەوێت؛ ئەمەش یان هەر لە منداڵییەوە هەبووە و هەستی پێ نەکراوە، یانیش بە هۆی بەردی گورچیلە لە نزیک شوێنی بەیەکگەیشتنی میزەڕۆ و گورچیلەدا.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن
سەبارەت بە چارەسەر، د. لاوان توانا ئاماژە بە دوو ڕێگای سەرەکی دەکات:
1. نەشتەرگەریی کراوە: بۆ کردنەوەی شوێنە تەسکداگەڕاوەکە.
2. نازوور: کە ڕێگایەکی پێشکەوتووی چارەسەرە.
دوای نەشتەرگەری، پێویستە نەخۆش لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا بێت و پشکنینی سۆنەر و تیشکی پێویستی بۆ بکرێت. دکتۆر لاوان دەشڵێت: “خۆشبەختانە چەند ساڵێکە تیشکە تایبەتەکان بۆ دەستنیشانکردنی وردی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان بەردەستن، لە کاتێکدا پێشتر نەخۆش ناچار بوو بۆ ئەو مەبەستە ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکات.”
ڕێنمایی بۆ دایک و باوکان
لە کۆتایی قسەکانیدا، د. لاوان توانا ڕێنمایی دایک و باوکان دەکات کە ئەگەر لە کاتی دووگیانیدا زانرا کۆرپەکەیان کێشەی تەسکداگەڕانی میزەڕۆی هەیە، پێویستە:
• دەستبەجێ دوای لەدایکبوون سۆنەری بۆ بکرێت.
• پزیشکی پسپۆڕی لێ ئاگادار بکرێتەوە بۆ دەستپێکردنی چاودێری.
• ئەگەر گورچیلەکە زۆر ئاوسابوو، پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرا دەبێت، بەڵام ئەگەر ئاوسانەکە کەم بوو، تەنها لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەهێڵرێتەوە.

