رۆژنامەی ھەولێر

دەستەی خولی ئیسپانیا، بە هەواڵێک لە خەمی یامالی كەم كردەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

شوێنگرەوەی پێپ گواردیۆلا ئاشكرا کرا
رۆژنامەنووسێكی ناسراو، بە هەواڵێك شەقامی تۆپی پێی ئینگلیزیی هەژاند، كاتێك ئاشكرای كرد مانچستەر سیتی كەسێك دەباتە شوێنی پێپ گواردیۆلا.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی ناسراو و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، رایگەیاند كە راهێنەر ماریسكا، وەكوو دواپاڵێوراوی كارگێڕیی مانچستەر سیتی دادەنرێ بۆ شوێنگرتنەوەی پێپ گواردیۆلای راهێنەر، جا گەر لە كۆتایی وەرزدا بڕیاری رۆیشتن بدا، یان لەگەڵ كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەیدا لە ساڵی 2027 بڕوات.

مەدرید و مانچستەر ڕكەبەری لەسەر دەستخستنی یاریزانێكی مەغریبی دەكەن
یاریزانێكی مەغریبی دەبێتە جێی تەمای چەند یانەیەكی گەورە و لە سەروویانەوە دوو یانەی گەورەی هەردوو شاری مەدرید و مانچستەر. سەرچاوە مێدیاییە ئیسپانییەكان و تایبەت بەرنامەی چێرنجیتۆ، باسیان لەوە كردووە، كە یاریزانی ناوەڕاستی مەغریبی عزەدین ئۆناحیی تەمەن 26 ساڵان و یاریزانی یانەی جیرۆنا لە خولی ئیسپانی، بووەتە ئامانجی هاوبەشی دوو یانەی گەورەی ئەورووپا، یەكەمیان مانچستەر سیتی و ئەوی تر ئەتلەتیكۆ مەدریدە. هۆكاری ئەو ڕكەبەرییە، ئاستە بەرزەكەی ئەو یاریزانەیە لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا.

بریكاری ئەلڤارێز لەبارەی چوونی ئەو یاریزانە بۆ بەرشلۆنە، قسەی یەكلاكەرەوەی کرد
فێرناندۆ هێالگۆ، بریكاری یاریزان و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید جۆلیان ئەلڤارێز، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاو كرانەوە بەوەی بریگرتەكەی دەچێتە بەرشلۆنە، وەڵامی یەكلاكەرەوەی دا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە: فێرناندۆ هیدالگۆ، ڕەتی كردەوە بە هیچ شێوەیەكی باسوخواسی لەو جۆرە هەبێ ئەلڤارێز بچێتە بەرشلۆنە، تەنانەت هەواڵی گەڕانی ئەو یاریزانە بۆ شوێنی مانەوە لە بەرشلۆنەی بە سەداسەد هەڵە و و ناڕاست ناو برد.
هیدالگۆ، پێداگر بوو لە وەڵامدانەوەی ئەوەی كەناڵی تی ئێن تیی مەكسیكۆ بڵاوی كردەوە و باسی لەوە كردووە كە براكانی هێرشبەرە 26 ساڵانە ئەرژەنتینییەكە رۆژی هەینی لە ناوچەی كاستیلدیفیلیس بووبێتن، كە لەوێ مێسی ماڵێكی هەیە، هروەها لە ناوچەی لیس كۆرتسی نزیك لە یاریگەی سپۆتیفای كامپ نۆ بووبن.
بریكاری ئەلڤارێز رایگەیاند: هیچ كەسێك لە ماڵباتی ئەلڤارێز سەردانی بەرشلۆنەی نەكردووە، دواجار كە لەوێ بوو لە یاریی نێوان یانەكەی و بەرشلۆنە بوو رۆژی دواتر گەڕانەوە مەدرید.

ئمباپێ تووشی پێکان هات و بۆ مۆندیالیش مەترسیی لەسەر دروست بوو
جارێكی تر ریاڵ مەدرید ئەنجامێكی خراپی تۆمار كرد و لە دواساتی یارییەكەی لەگەڵ ریاڵ بێتسدا، گۆڵی یەكسانبوونی لێ كرا و هەلی ڕكەبەری بۆ بردنەوەی لالیگا لە بەردەم خۆیدا هێندەی تر بچووك كردەوە.
ئەوەی لەو یارییەدا وێڕای ئەنجامە خراپە جێی نیگەرانیی مەدریدییەكان بوو، چوونەدەرەوەی كیلیان ئمباپێی هێرشبەری فەڕەنسیی یانەكەیان بوو بە هۆی پیكانەوە. كیلیان ئمباپێ لە خولەكی 82ی یارییەكەدا، دوای هەستكردن بە ئازاری لەناكاوی ماسوولكەی، داوای گۆڕانكاریی كرد و یەكسەر چووە ڕێڕەوی ژووری جلگۆڕینی یاریزانان بێ ئەوەی چاوەڕێی كۆتاییهاتنی یارییەكە بكات، ئەوەیش بووە جێی ترس و دڵەڕاوكێی دەستەی هونەریی یانەكە و ئەلڤارۆ ئەربیلووا، لە كاتێكدا 50 ڕۆژی بۆ دەستپێكردنی مۆندیال ماوە.

دەستەی خولی ئیسپانیا، بە هەواڵێک لە خەمی یامالی كەم كردەوە
هەرچەندە لامین یامال، بە هۆی پێكانەوە وەرزەكەی كۆتایی هات، بەڵام لەلایەن دەستەی خولی ئیسپانیاوە، وەكوو باشترین یاریزانی مانگی ئەپرێل هەڵبژێردرا و خەڵات كرا. لامال لە یاریی نێوان یانەكەی و سێلتافیگۆ لە گەڕی 32ی لا لیگا، تووشی پێكانێكی سەختی ماسوولكەی هات و بە هۆیەوە وەرزەكەی كۆتایی هات، بەڵام لە پای ئەو ئاستە بەرز و ڕۆڵە گەورەیەی لە مانگی چواردا پێشكەشی كرد، خەڵات كرا.
لامال هەرچەندە پاڵەوانی یارییەكە بوو، بەڵام بووە قوربانییش و پێكان پێشوەختە كۆتایی بە وەرزەكەی هێنا.