ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە گەڕی 30ی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، لە نێو یانە کوردستانییەکانی بەشدار لە خولەکەدا، تەنیا یانەی زاخۆ سەرکەوتنی بە دەست هێنا، یانەکانی هەولێر و نەورۆزیش لە بڕیارەکانی ناوبژیوان تووڕەن و پێیان وایە ئەنجامەکانی گۆڕیوە.
یانەی هەولێر لە بەغدا ڕووبەڕووی یانەی جەویە بووەوە، یارییەکە ١-١ گۆڵ کۆتایی هات، بەڵام یانەی هەولێر زۆر لە بڕیاری ناوبژیوانانی یارییەکە (ئەحمەد کازم) ناوبژیوانی ناوەڕاست و واسق محەمەد لە ژووری ڤار تووڕە و نیگەرانە و هەر لەبەر ئەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کردن.
یانەی هەولێر، لە پەیجی فەرمیی خۆیەوە بڵاوی کردەوە: بە شێوەیەکی فەرمی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان، سکاڵایەکی فەرمیی بۆ یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق و لێژنەی ناوبژیوانەکان لە یەکێتییەکە بەرز کردەوە، تێیدا داوای روونکردنەوە دەکات لەو رووداوانەی کە پەیوەست بوون بە بڕیارە هەڵە و زەقەکانی هەردوو ناوبژیوانی ناوبراو و زوڵمێکی روون و ئاشکرا لە یانەکەمان کرا و یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکە بینرا.
هەروەها لە سکاڵاکەدا نووسراوە بە زووترین کات وەڵاممان دەوێت، سەبارەت بەو سکاڵایەی کە بەرزمان کردەوە، لە بەرانبەر بێدەنگبوونتان، ئەمە دوا بەیاننامەیە و دوایین سکاڵا دەبێت بۆلای ئێوە، کە لەسەر ناوبژیوانەکان وەشانی دەکەین.
یانەی هەولێر، هۆشداری دەدا، لە بەرانبەردا بە زووترین کات هەموو بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی ئەم وەرزە بە سکاڵا بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و نێوەدەوڵەتی بەرز دەکەینەوە.
یانەی هەولێر لە نووسینێکدا لە پەیجەکەیان، ئاماژەیان بە ئاستی ناوبژیوانان کردووە و بە “وەرزێکی شووم و لەبیرکراو” ناوی دەبەن و پێیان وایە ئەوەی رووی دا لەم وەرزە بەرانبەر یانەکە، بە هیچ شێوەیەک ناوی نانێین هەڵەی ناوبژیوان، بەڵکوو زوڵمێکی بە ئەنقەست و ئاشکرا بوو بۆ بەرژەوەندیی ئەو یانانەی رکابەری یانەکەمان بوون، هەر لەسەرەتای خولەکەوە تا ئێستا، هەولێر لەم وەرزە نزیکەی ١٥ خاڵی لەلایەن ناوبژیوانەکان لێ دزراوە.
یانەکە دەشڵێ: هاندەرانی خۆشەویستمان دڵنیا دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک لە مافەکانی یانەکەمان خۆش نابین و هەموو رێکارێکی یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی مافە دزراوەکانمان.
لای خۆیەوە ئەحمەد باسم قاسم، کوڕی راهێنەر و ياریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک، ڕەخنەی لە بڕیاری ناوبژیوان گرت و ڕایگەیاند لێدانێکی سزای دروستیان بۆ نەژماردوون و لێدانێکی نادروستی سزایان لەسەر ژمێردراوە. هەروەها رەخنەی لە ناوبژیوان گرت بەوەی پێش کۆتاییهاتنی کاتی یارییەکە، فیکەی کۆتایی لێ داوە و ئەوەی بە مەترسیدار ناو برد.
یاریی داهاتووی یانەی هەولێر لەگەڵ یانەی تەڵەبە سبەی دووشەممە کاتژمێر ٠٧:٣٠ی ئێوارە لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
لە یارییەکی دیکەی گەڕی ٣٠ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ بە ئەنجامی ٢-١ گۆڵ لە یانەی کارەبای بردەوە، دوو گۆڵەکەی زاخۆ، یاریزانان هادی کەریم و محەمەد سۆلا تۆماریان کرد.
یاریی داهاتووی یانەی زاخۆ، سبەی کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە لەگەڵ یانەی نەفت دەبێت.
لە یارییەکی دیکەیشدا، یانەی نەورۆز لەگەڵ یانەی تەڵەبە دوو ٢-٢ گۆڵ یەکسان بوو، گۆڵەکانی نەورۆز مەڕوان حوسێن و محەمەد ڕەزا تۆماریان کرد. یانەی نەورۆزیش هاوشێوەی هەولێر، ڕەخنەی لە بڕیاری ناوبژیوان گرت، بەوەی لێدانێکی سزای نادروستی لەسەر ژمێردراوە.
سبەی دووشەممە، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە، لە گەڕی ٣١ی خولی عێراقدا، یانەی نەورۆز میوانداریی یانەی جەویە دەکات.
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی دهۆک لەگەڵ یانەی غەڕڕاف بە ئەنجامی ١-١ گۆڵ یەکسان بوون.
یاریی داهاتووی یانەی دهۆک سبەی دووشەممە کاتژمێر ٠٧:٣٠ی ئێوارە دەبێ لەگەڵ یانەی نەجەف لە دەرەوەی یاریگەی خۆی.
بە گشتی دوای کۆتاییهاتنی گەڕی ٣٠ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی جەویە بە ٧٠ خاڵ لە خانەی یەکەمە، شوڕتە بە ٦٣ خاڵ لە خانەی دووەمە و یانەی هەولێر بە ٦٠ خاڵ خانەی سێیەمی گرتووە. پەیوەند بە یانەکانی دیکەی کوردستان، زاخۆ بە ٤٧ خاڵ خانەی حەوتەم و نەورۆز بە ٤٣ خاڵ خانەی نۆیەمی گرتووە. یانەی دهۆکیش بە ٣٨ خاڵ لە خانەی ١٢ـیەم دێت.
شێزۆرد تێمیرۆڤ، یاریزانی یانەی هەولێر بە ٢٣ گۆڵ، سەرلیستی گۆڵکەرانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.

