رۆژنامەی ھەولێر

د. هێمن فەخرەدین: پڕخەی منداڵان نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە پشکنینی پزیشکی هەیە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

پڕخە، زۆرجار وەک تەنها دەنگێکی بێزارکەر لە کاتی خەودا سەیر دەکرێت، ڕەنگە نیشانەی کێشەیەکی تەندروستیی قووڵ بێت کە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسە و دڵ هەبێت. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەم حاڵەتە، بەتایبەت لە منداڵاندا، پێویستە بەهەند وەربگیرێت.

دکتۆر هێمن فەخرەدین حامید، پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ، لەبارەیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە:پڕخە کاتێک دروست دەبێت کە هەوا بە بۆری قوڕگدا تێپەڕ دەبێت و شانەکانی دەلەرێنێتەوە. هەرچەندە زۆرینەی خەڵک لە قۆناغێکی تەمەنیاندا تووشی دەبن، بەڵام لە هەندێک کەسدا دەبێتە حاڵەتێکی درێژخایەن و مەترسیدار.
لە بارەی پڕخە و هەناسەبڕکێی شەوانە دکتۆر هێمن فەخرەدین ئاماژە بەوە دەدات کە پڕخەی بەرز زۆرجار لەگەڵ حاڵەتی هەناسە وەستانی شەوان (Obstructive Sleep Apnea) دەبێت. لەم حاڵەتەدا کەسەکە بۆ ماوەیەک پڕخەی بەرز دەکات و دواتر بێدەنگییەکی کورت دروست دەبێت کە نیشانەی وەستانی هەناسەیە، ئەمەش ڕەنگە زیاتر لە ٥ جار لە کاتژمێرێکدا دووبارە ببێتەوە.
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لە:
• هەناسەبڕکێ و نائارامی لە کاتی نوستندا.
• خەواڵوویی زۆر لە ماوەی ڕۆژدا و کەم‌تەرکیزی.
• سەرئێشەی بەیانیان و ئازاری قوڕگ لە کاتی هەستان لە خەو.
• بەرزبوونی پەستانی خوێن و ئازاری سنگ لە شەواندا.
پڕخەی منداڵان؛ کەی مایەی نیگەرانییە؟
ئەم پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە کە نابێت پڕخەی منداڵ پشتگوێ بخرێت. ئەگەر منداڵ پڕخەی هەبوو، پێویستە پزیشک بیبینێت، چونکە ڕەنگە هۆکارەکەی گەورەبوونی لەوزەتێنەکان، کێشەی لووت، یان قەڵەوی بێت کە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی بۆری هەوا. ئەم حاڵەتە لە منداڵاندا دەبێتە هۆی توڕەیی، گۆڕانی هەڵسوکەوت و دابەزینی ئاستی خوێندن.
هۆکارەکانی تووشبوون بە پڕخە:
دکتۆر هێمن چەند فاکتەرێکی سەرەکی دەستنیشان دەکات کە دەبنە هۆی دروستبوونی پڕخە:
1. پێکهاتەی جەستەیی: شێوازی دەم و جیوبەکان، مەڵاشووی نزم و بۆرییەهەوای تەسک.
2. کێشەی لووت: گیرانی درێژخایەنی لووت یان شکانی کۆڵەکەی لووت.
3. شێوازی ژیان: قەڵەوی و کەمخەوی.
4. فاکتەری بۆماوەیی و ڕەگەز: بوونی پڕخە لە خێزاندا مەترسییەکە زیاد دەکات، هەروەها ڕەگەزی نێر زیاتر تووش دەبن.
مەترسییە درێژخایەنەکان
جگە لە بێزارکردنی کەسانی دەوروبەر، پڕخەی درێژخایەن مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر تەندروستی:
• زیادبوونی ئەگەری جەڵتە و کێشەکانی دڵ.
• بەرزداگەڕانی فشارخوێن.
• تووڕەیی و تێکچوونی باری دەروونی بەهۆی خەوزڕانەوە.
ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی پڕخە
لە کۆتاییدا، دکتۆر هێمن فەخرەدین چەند ڕێنماییەکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتە دەخاتە ڕوو:
• گۆڕینی شێوازی ژیان: دابەزاندنی کێشی لەش و دوورکەوتنەوە لە کحوول.
• شێوازی خەوتن: باشترە کەسەکە لەسەر “لا” بخەوێت نەک لەسەر پشت.
• چارەسەری پزیشکی: خۆشبەختانە ئێستاکە ئامێری تایبەت و نەشتەرگەریی پێشکەوتوو بە نازوور بەردەستن بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە توندەکان.