رۆژنامەی ھەولێر

هێڵنج و ڕشانەوە لە ماوەی دووگیانیدا

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

هێڵنجدان و ڕشانەوە یەکێکە لە نیشانە باوەکانی سەرەتای دووگیانی، کە زۆربەی خانمان لە نێوان هەفتەی ٤ بۆ ١٦ی دووگیانیدا هەستی پێ دەکەن. هەرچەندە ئەمە دیاردەیەکی بێزارکەرە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نیشانەی گۆڕانکارییە سروشتییەکانی جەستەی دایکە بۆ گونجان لەگەڵ بارودۆخی نوێیدا.

لەو بارەیەوە، دکتۆر سارا ئیسماعیل مەحمود، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون، تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارە سەرەکیانەی دەبنە هۆی پەیدایشی هێڵنج و ڕشانەوە:
1. گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان
لە کاتی دووگیانیدا، ئاستی هۆرمۆنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی هۆرمۆنی (پرۆجسترۆن). ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی پڕۆسەی هەرسکردن و شلبوونەوەی ماسولکەکانی کۆئەندامی هەرس، کە دەرەنجامەکەی بە شێوەی هێڵنج، ڕشانەوە و هەندێکجار گرژداگەڕانی سک دەردەکەوێت.
2. فراوانبوونی منداڵدان
لەگەڵ گەشەکردنی کۆرپەلە و کشانی منداڵدان بۆ جێکردنەوەی، فشارێکی زیاتر دەکەوێتە سەر ئەندامەکانی دەوروبەری وەک گەدە و ڕیخۆڵەکان. ئەم فشارە فیزیکییە یەکێکی ترە لە هۆکارە باوەکانی هێڵنجدان لە لای خانمانی دووگیان.

ئایا ڕەگەزی کۆرپەلە کاریگەری هەیە؟
هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جیاوازی هەیە لە نێوان خانماندا؛ بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت ئەو دایکانەی کۆرپەلەکەیان کچە، ئەگەری هێڵنجدانی بەیانیانیان زیاترە، هەرچەندە ئەمە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
دکتۆر سارا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زیادبوونی هۆرمۆنەکان دیاردەیەکی ئاساییە بۆ ئامادەکردنی جەستەی دایک، و پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت لە ڕێگەی چارەسەری دیاریکراوەوە هاوکاری دایکان بکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم نیشانانە. بەڵام دەبێت دایکان ئاگاداری ئەوە بن کە:
“مەرج نییە هەموو ڕشانەوەیەک بەهۆی دووگیانییەوە بێت، بۆیە لە کاتی توندبوونی نیشانەکاندا، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بارودۆخی تەندروستیی دایک و کۆرپەلە.”