ماكوان عیزەت -هەولێر
سڕی و ئازاری پەنجەکانی دەست یەکێکە لەو گرفتە تەندروستیانەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە مرۆڤەکان پێوەی دەناڵێنن. ئەم حاڵەتە کە زۆرجار بە “تەسکبوونەوەی تونێلی مەچەک” دەناسرێت، کە لە ئەنجامی دروستبوونی پەستان لەسەر دەماری ناوەڕاست (Median Nerve) دروست دەبێت، بەتایبەت کاتێک ئەم دەمارە بە ناو ناوچەی مەچەکدا تێپەڕ دەبێت.
لەو بارەیەوە، د. دێدەوان نامیق ڕەسوڵ، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان، ئاماژە بەوە دەکات کە لە %1 تا %10ـی خەڵک تووشی ئەم گرفتە دەبن. دەماری ناوەڕاست لەگەڵ نۆ ماسوولکەژێی دیکەدا بە ناو تونێلی مەچەکدا تێدەپەڕن و، هەر پەستانێک لەو ناوچەیەدا دروست ببێت، بە یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانی دەمار دادەنرێت کە پێویستی بە چارەسەری ورد هەیە.
کێ زیاتر تووشی سڕبوونی دەست دەبێت؟
هەرچەندە تا ئێستا هۆکارێکی تایبەت و دەستنیشانکراو نییە، بەڵام د. دێدەوان چەند گروپێک دیاری دەکات کە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە، لەوانە:
• ئافرەتان: زیاتر لە پیاوان تووش دەبن، بەتایبەت لە ماوەی دووگیانیدا.
• هۆکارە تەندروستییەکان: قەڵەوی، نەخۆشیی شەکرە، ڕۆماتیزم، تەمەڵیی ڕژێنی دەرەقی و پەککەوتنی گورچیلە.
• شێوازی ژیان: ئەو کەسانەی کارەکەیان پێویستی بە جووڵەی زۆری دەست هەیە، یان ئەوانەی ئارەقەمەنی دەخۆنەوە و جگەرە دەكێشن.
نیشانە سەرەکییەکان
نیشانەی هەرە دیاری ئەم حاڵەتە بریتین لە سڕی و ئازاری پەنجەکانی دەست (جگە لە پەنجە بچوکەکە و نیوەی پەنجەی ئەڵقە). نەخۆشەکان زۆرجار لە کاتی خەودا بەهۆی ئازارەوە بەئاگا دێنەوە و هەست بە بێهێزیی دەست دەکەن لە کاتی ڕاپەڕاندنی کارە ڕۆژانەیاندا.
چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
پزیشکی پسپۆڕ لە ڕێگەی پشکنینی نۆرینگەییەوە وەک (نوشتانەوەی جومگەی مەچەک یان دانانی پەستان لەسەری) دڵنیا دەبێتەوە لە بوونی پەستانەکە. هەروەها هێڵکاریی دەمار و ماسوولکەکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی و یارمەتیدەر بەکار دێت، لە کاتێکدا کە ئەم حاڵەتە زۆربەی جار پێویستی بە تیشکی (X-ray) نییە.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن
چارەسەرەکان بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە دەگۆڕدرێن:
1. چارەسەری بێ نەشتەرگەری: وەک بەکارهێنانی حەبی دژە ئازار، بەکارهێنانی قالبی مەچەک لە شەودا، و کەمکردنەوەی چالاکییە ماندووکەرەکانی دەست. جێی ئاماژەیە زۆربەی ئافرەتانی دووگیان دوای منداڵبوون نیشانەکانیان نامێنێت.
2. چارەسەری نەشتەرگەری: ئەگەر نەخۆش سوودی لە چارەسەرە سەرەتاییەکان وەرنەگرت، پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبرێت بۆ کردنەوەی تونێلی مەچەک. پاش نەشتەرگەرییەکە، نەخۆش پێویستی بە (6 هەفتە تا 3 مانگ) هەیە تاوەکو کار و فەرمانی پەنجەکانی بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

