ڕائیب جادر – هەولێر
بەھاری پڕ بارانی ئەمساڵ دەیان بەرھەمی خۆرسکی بەھاری ھێناوەتە بوون، ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە دەیان گیای بەھاری لێ بەرھەم دێن. بەرپرسانی ژینگەش، دەڵێن: ھەر کەسێک گیای بەھاری لە ڕەگەوە دەربھێنێت سزا دەدرێت.
لە وەرزی بەھار خواردنی سەرەکیی بەشێک لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبێتە گیا بەھارییەکان. کەنگر، مەندۆک، ڕێواس، کاردی، کوڕادە، کوارگ، لووشە و جۆرەکانی دیکەی گیای بەھاری لە ناوچە شاخاوییەکان و بنارەکان کۆدەکەنەوە و بەشێوازی جیاواز دەکرێنە خواردن، ئیدارەی سۆران، یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە وەرزی بەھاردا زۆرترین گیای بەھاری لێ بەرھەم دێت.
ساڵانە، لە سەرەتای مانگی ئادار تا کۆتایی مانگی نیسان بازاڕی گژوگیا بەھارییەکان لە ھەرێمی کوردستان گەرمە، خەڵکانێکی زۆر لەم وەرزەدا حەزیان لەو جۆرە خواردنانە ھەیە و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پێگەیشتنیان دەکەن، لە ھەمانکاتدا کۆکردنەوەی گژوگیاکان لە دەشت و کێوەکان بووەتە سەرچاوەیەکی داھات بۆ خەڵکانێکی زۆر.
بازاڕی گژوگیا بەھارییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جمەی دێت، ھەر جۆرە گژوگیایەکی بەھاری لە کوێستانەکان پێگەیشتبێت و بۆ خواردن شیاو بێت، لەو بازاڕە دەست دەکەوێت، شوێنی ئەو بازاڕە کاتییە ھێندە ستراتیجییە، جیا لە دانیشتووانی دەڤەرەکە سەرنجی ڕێبوارانی ڕێگەکەشی ڕاکێشاوە، ھەر کەسە و لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و بەدوای گژوگیای دڵخوازیدا دەگەڕێت، ئەمە جیا لەوەی خەڵکانێکیش ھەن بە تایبەت بۆ ئەم بازاڕە و کڕینی گیا بەھارییەکان چەندان کیلۆمەتر ڕێگە دەبڕن.
لەگەڵ ئەو بەفر و بارانە زۆرەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باریوە، بەرھەمەکانی زیاتر کردووە و ئەو بازاڕەشی باشتر بووژاندووەتەوە، نرخەکانیش بە گوێرەی جۆرەکانی گژوگیا بەھارییەکان دەگۆڕێن، لە نێویاندا دەسکێک سەوزەی ھەندرێشە نرخەکەی لە نێوان حەوت ھەزار بۆ دە ھەزار دینارە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە سەرەتای پێگەیشتنێتی و خەڵکێکی زۆر نۆرەی بۆ دەگرن.
ھاووڵاتییان بە ڕاز و نیازی جیاوازەوە ڕوو لەو بازاڕەی ئیدارەی سۆران دەکەن، ھەندێکیان گژوگیا بەھارییەکان بە دەرمان و بۆ تەندروستی بە باشی دەزانن، ھەندێکی تریش بە ژەمێکی بەچێژ دەیخۆن.
کشتوکاڵی سرووشتی ھەم لەڕووی ژینگە و ھەمیش بۆ جوانی دەشت و کێو، وێرای ئەمانەش بۆ خواردن و ھەروەھا وەک دەرمانێکی میللی بەکاردێن، چونکە سرووشت لە ژینگەیەکی پاک و زەویەکی بەپیت و بەرەکەت ئەنجامە بەرووبوومەکە دەھێنێتە بەرھەم.
جا لە کوردستاندا کشتوکاڵییە سرووشتییەکان بەتایبەتی لەو باژێڕ و شارانەی ھەوای پاک و بێگەردیان ھەیە کاردی و کەنگر و تۆڵەکە و ڕێواس و دۆمبەڵان و ھتد، زۆر بەکاردێن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ھەم بە تامە، ھەمیش تەندرووستە.
ئەم خواردنە سرووشتیانەی ئاماژەی پێکراوە، کە بۆ لەشی مرۆڤ لەڕووی تەندرووستییەوە سوودێکی باش و ئەرێنی ھەیە، ھاووڵاتی شاکر محەممەد، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەگەڵ ھاتنی بەھار کاسبکارانی میوەفرۆش زیاتر سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی گیا بەھارییەکان دەبن، خەڵکی لە بەرەبەیانی زووەوە دەچنە چیاکانی وەک زۆزک، کارۆخ و ھەندرێن، لەولاشەوە بۆ دەڤەری بارزان و باڵەکایەتی و سیدەکان لەوێ گیا بەھاریەکان دێنن بۆ شار و لێرەش خەڵکی بەتامەزرۆوە دەیکڕن.
ئەو ھاووڵاتییە، گوتیشی: خواردنی گیا بەھارییەکان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بێجگە لە لەزەتەکەی، سوودی زۆرییش بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەیە.
سەفین ئەحمەد، فرۆشیارێکی گژوگیا بەھارییەکانی بازاڕەیەکە و بە دڵخۆشییەوە شوکرانەی خوا دەکات و بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە خوای بە زیاد بێ فرۆشیار و کڕیاری چاکیان لەسەرە، کەنگر کیلۆی بە ٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ دینار دەڕوات، کاردی ھەر کیلۆیەکی بە ٣٠٠٠ تا ٣٥٠٠ دینار دەکڕینەوە و بە پێنج ھەزار دیناریش دەفرۆشینەوە.
خدر کەریم، ھاووڵاتییەکی دیکەیە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەبەر ئەوەی تازە گژوگیا بەھارییەکان پەیدا بوونە، ھاووڵاتییان ھەڵپەی خواردنی دەکەن، ئەمساڵ بازاڕی گیا بەھارییەکان گەرمە و خواستێکی زۆریان لەسەرە، ڕۆژانە ئەو جۆرە گیا بەھاریانەی بۆمان دێن بە ھاووڵاتییان دەفرۆشینەوە، کە ھەم بۆ خواردن خۆشە، ھەمیش لەڕووی تەندروستییەوە ئەو جۆرە گیانە سوودێکی زۆریان بۆ مرۆڤ ھەیە.
شێوازی دەرھێنانی ئەو گیا بەھاریانە لە زەوی بۆتە جێگەی نیگەرانی و مەترسی لەسەر ئەو سامانە خورسکە، بەرپرسانی ژینگە لە شار و شارۆچکەکان، دەڵێن، ھەر کەسێک گیای بەھاری لە ڕەگەوە دەربھێنێت سزا دەدەین.

