ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
کێشەی قەبزی یەکێکە لەو گرفتە باوانەی کە زۆرجار دایکان و باوکان تووشی نیگەرانی دەکات. شارەزایانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە پێویستە منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێر جارێک پیسایی بکات، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی پیسایی و دروستبوونی ئازار و قڵیشان لە ناوچەی کۆمدا.
لەو بارەیەوە، د. ئاکۆ کەریم جەلال، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەری قەبزی تەنها بە دەرمان نابێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە لە سیستەمی ژیان و خواردنی منداڵەکەدا.
سیستەمی خۆراک و چارەسەر
بە گوتەی د. ئاکۆ، ئەگەر تەنها دەرمان بەکاربهێنرێت و جۆری خواردن دەستکاری نەکرێت، کێشەکە بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە. ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی قەبزی بریتین لە:
• زۆر خواردنی شیر و بەرهەمەکانی، لەگەڵ زۆر خواردنەوەی چا.
• خواردنی وشکە وەک برنج و نانی بێ شلە و زەڵاتە.
• خواردنی شیرینی، نەستەلە، جپس و خواردنەوە گازییەکان پێش ژەمەکان.
بۆ چارەسەر، پێویستە منداڵ ئەو خۆراکانە بخوات کە دەوڵەمەندن بە فایبەر و جوڵەی ڕیخۆڵە چالاک دەکەن، وەک: (قەیسی، هەنجیر، خورما و هەرمێ). هەروەها بۆ منداڵانی شیرە خۆر كە شیری قوتو دەخۆن هەندێکجار پێویست دەکات جۆری شیری قوتووی منداڵەکە بە ڕێنمایی پزیشک بگۆڕدرێت.
ڕەفتار و پەروەردەی دروست
پزیشکی پسپۆڕ ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە چەند هەنگاوێکی گرنگ بگرنە بەر:
1. ڕێکخستنی کات: پێویستە منداڵ بەیانیان زوو لە خەو هەڵسێت بۆ ئەوەی ڕیخۆڵەکانی باشتر کار بکەن، و خواردنەکانی بە ژەمی ڕێکوپێک بێت.
2. فێرکردنی سەرئاو: نابێت بە توندوتیژی منداڵ فێری توالیت بکرێت؛ چونکە ترسی منداڵ لە دایبی لێکردنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی پیساییەکەی ڕابگرێت و تووشی قەبزی درێژخایەن ببێت.
3. پشوودرێژی: چارەسەری قەبزی کاتی دەوێت، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە تووشی قڵیشانی کۆم بووبێت.
چارەسەرە پزیشکییەکان
لەو حاڵەتانەی کە منداڵەکە تووشی قڵیشانی کۆم بووە، پێویستە مەڵهەمی تایبەت بەکار بهێنرێت و منداڵەکە لەناو تەشتێک ئاوی شلەتێندا دابنیشێنرێت. سەبارەت بە دەرمانی شلکەرەوەی پیسایی؛ د. ئاکۆ جەخت دەکاتەوە کە: “پێویستە هەر جۆرە دەرمانێک تەنها بە ڕێنمایی و چاودێری پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت.”

