رۆژنامەی ھەولێر

د. نزار گزالی: سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راوێژی دەروونی کۆمەڵایەتی پیشەییە

حەسەن حەمەد ئاندێکی – هەولێر

د. نزار گزالی بەڕێوەبەڕی سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا ئاماژەی بە گرنگی كردنەوەی سەنتەرەكە كرد و گوتی:” سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راوێژی دەروونی کۆمەڵایەتی پیشەییە بۆ مامۆستا و قوتابین و کارمەندانی زانکۆ. ئەوەیشی خستەڕوو:” تائێستا هەماهەنگیەکە زیاتر لەسەر ئاستی تاکەکەسیە، نەک بەشێوەیەکی فەرمی، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئێمە کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەی دەروونی سەردەمیمان هەیە”.

هۆکاری سەرەکی بۆ کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆکەتان چی بوو؟
بەپێی رێنمایی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٢٥ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستی ئەم جۆرە سەنتەرانە دەبێت لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا بونیان هەبێت و پلەی بەڕێوەبەرایەتی وەردەگرن، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریش وەک بەدەنگەوەهاتن و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەت لەگەڵ دەسپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ ئەم بەڕێوەبەرایەتییەی بەفەرمی کردەوەو بەندە وەک بەڕێوەبەر دەستبەکار بوو، بەشێوە گشتیەکەشی هۆکارگەلێک لە پشتکردنەوەی ئەم جۆرە سەنتەرانەن و دەکرێت وەک بە پێویستیەکی هەنووکەییانە ناوزەدی بکەین، چونکە هەرکاتێک ژیان بە ئامرازەکانیەوە رووەو پێشچوونە، کێشە و گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان روو لە زیادبوونە، هەروەها پرسە هەنووکەیاکانی ژیان و دۆخی ئابووری و سیاسی ناوچەکە، لە لایەکی دیکە هەڵکشانی گوشارەکانی ژیان و ئالینگارییە بەردەوامەکان، وایانکردووە خەڵکێکی زۆر دەروونیان شەکەت و ماندوو بێت، نێوەندەکانی زانکۆش وەک چەقی پیشکەوتن و زانست، پێویستە ئەم پرسانەی لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردن پشتگوێ نەخەن، بۆیە ئەم جۆرە سەنتەرانە کارێکی گرنگ و سەردەمین و پێویستە گرنگییەکی زیاتریشیان پێ بدرێت.

ئەم سەنتەرە چ جیاوازییەکی هەیە لە خزمەتگوزارییەکانی پێشوو؟
جیاوازییەکان زۆرن، گرنگترینیان وەک لە رینماییەکانی وەزارەتدا هاتووە ئەم سەنتەرە لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە دەبێت بەڕێوە ببردرێت، بەدەر لەوە پێشتر هەوڵ تاکەکەسی هەبوو، نەک سەنتەرێکی فەرمی و لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا، وێرای ئەمانە شوێنێکی تایبەت و دیاریکراوی دەبێت بۆ ئەوەی سوندەمەندان بتوانن بەئاسانی سەردانی بکەن.
ئامانجی ستراتیژی سەنتەرەکە چییە؟
ئامانجی سەرەکی سەنتەرەکە وەک لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا هاتووە، پێشكەشکردنی راوێژی دەروونی کۆمەڵایەتی پیشەیی دەبێت بۆ قوتابیان و مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆ، بەئامانجی باشترکردنی تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی و کارکردنی کۆمەڵایەتییان. بۆ پەروەردەکردنی ژینگەیەکی زانکۆیی پشتیوان کە سەرکەوتنی ئەکادیمی و گەشەکردنی کەسی و خۆڕاگری بەرەو پێشەوە ببات، ئیدی هەر زانکۆیەو بەرپرسیارییەتی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی دەکەوێتە ئەستۆ، لە رووی چۆنیەتیی کاراکردنی سەنتەرەکەو هەڵبژاردنی کەسانی پسپۆڕ و جەختکردنەوە لەسەر پرۆفیشناڵیەتی کارکردن.
چ جۆرە خزمەتگوزارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکرێن؟
ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانەی کەپێشکەش دەکرێن، بەهەمان شێوە لە چوراچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتدا هاتووە، بریتین لە راوێژی تاکەکەسی، راوێژکاری گروپی، هەماهەنگی لە کاتی قەیرانەکاندا ئەویش بریتییە پشتگیری دەستبەجێ کە پیشکەش بەو کەسانە دەکرێت کەتووشی قەیرانی دەروونی یان کۆمەڵایەتی دەبن،پێشکەشکردنی رێنمایی سەرەتایی بۆ قوتابیان لە لایەن (رێنماییکاری هاوتا) مەبەست لێیی ئەوانەیە کە لە بەرنامەی سەنتەرەکەدایە چەند قوتابییەک وەک رێنماییکاری هاوتا ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بتوانن رینمایی سەرەتایی و رۆشنبیری دەروونی بە هاوڕێ و هاوپۆڵەکانیان ببەخشن، خاڵێکی دیکە راهێنان و پەرەپێدانە، هەروەها خاڵێکی دیکەی زۆر گرنک بریتیە لە بابەتی (بەرنامەکانی خۆپارێزی) کە برییتیە لەو بەرنامە چالاکانە کە بۆ چارەسەر و دروستی دەروونی و ئاستنەگە کۆمەڵایەتییە باوەکان لە زانکۆدا دارێژراون و ئەم بەرنامە بریتین لە (وۆرکشۆپ و سیمنار و هەڵمەتی هۆشیاری) لەسەر بابەتەکانی وەک تەندروستی دەروونی و فشار و تواناکانی پەیوەندیکردن و گەشەپێدانی کەسی، لەم بارەیەوە ئیمە وەک سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سەلامەتی و تەندروستی زانکۆمان، زنجیرە سیمینارێکمان راگەیاندووە لەژێر ناونیشانی (گوشارەکانی ژیان و گرنگیدان بە دروستیی دەروونی) بۆ سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بەزانکۆکەمان، تا ئێستا پێنج سمینارمان بەڕێوە بردووە، هەر بەوە نەوەستاوین بەڵکو کۆلێژ هەبووە سەر بەزانکۆیەکی دیکە بووە، داوایان کردووە سمیناریان بۆ بکەین، خۆشبەختانە بۆمان ئەنجام داون. تائێستاش پرۆسەکە بەردەوامی هەیە. هەموو ئەمانەو لەگەڵ رەچاوکردنی بابەتی ئاکارەکانی کارکردن و رێزگرتن لە تایبەتمەندی ئەوکەسانەی کەداوای چارەسەر و پاڵپشتی دەروونی کۆمەڵایەتی دەکەن.

ئایا خزمەتگوزارییەکان بەخۆڕاییە یان بە بەرامبەر پارەیە؟
سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بێ بەرانبەرن.
پسپۆڕانی سەنتەرەکە لە چ بوارێکن و چ بڕوانامەیەکیان هەیە؟
وەک لە رێنماییەکانیشدا هاتووە بەڕێوەبەر دەبێت پسپۆڕ بێت، رێنماییکارەکان دەبێت پسپۆڕییەکەیان لە بواری دەروونی یان بەشەکانی کۆمەڵزانی و کاری کۆمەڵایەتی، یان تەندروستیی کۆمەڵ و تەندروستیی گشتی بێت، بەپیی قەبارەی کێشەکان لە داهاتوودا سەنتەر بۆی هەیە پزیشکێکی پسپۆڕی دەرونیشی هەبێت.

ئایا ڕاوێژکاران ڕاهێنانی تایبەتیان بینیوە بۆ کار لەگەڵ گەنجان؟
من بەردەوام لەگەڵ بەکارهێنانی وشەی راوێژکاردا نیم، زێتر وشەی رێنماییکارم بەلاوە پەسندە، چونکە راوێژکار زۆرجار تێکەڵ دەبێت لەگەڵ پلەی راوێژکاری دامودەزگا میرییەکان، زۆرجاریش بۆ هەندێک تازە دەرچووی بەشەکانی دەروونزانی بۆ هەڵخەڵەتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی ناوی راوێژکار خراپ بەکاردەهێنن، سەبارەت بە پرسیارەکەشت، ئێمە لە سەروبەندی رێکخستن و ئامادەکردنی ئەو رێنماییکارانەداین، چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە تازەیە، بەڵام داوامان کردووە سەرجەم و کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆکەمان کەسێکی میلاکی خۆیان دەستنیشان بکەن لەو پسپۆڕیانە نزیک بێت کە لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردن، بۆ ئەوەی ئێمە لە سەنتەرەکەی خۆماندا راهێنانی پێ بکەین و بڕوانامەی شیاندنی پێ بخەشین بۆ ئەوەی بتوانێت وەک رێنماییکاری هاوتا، یان وەک نوێنەری سەنتەرەکە لە کۆلێژەکەی یان لە پەیمانگەکەی ئامادەگی ئەوەی هەبێت لە کاتی هەر کەیسێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی فریاگوزرایی سەرەتایی دەروونی پێشکەش بە چارەسەرخوازەکە بکات، ئەگەر هەستیشی کرد لە توانای ئەودا نییە، دەکرێت کەیسەکە و بابەتەکە بەرز بکاتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان.

هەماهەنگی لەگەڵ دکتۆر و پسپۆڕانی دەرەوەی زانکۆ هەیە؟
تائێستا هەماهەنگیەکە زیاتر لەسەر ئاستی تاکەکەسیە، نەک بەشێوەیەکی فەرمی، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئێمە کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەی دەروونی سەردەمیمان هەیە، بەڵام ئەو حاڵاتەنانەی کە هەست دەکەین، بەتەنیا چارەسەری رەفتاری یان چارەسەرکردن بە مانا و بەبێ داودەرمان بەس نییە، ئەوەی لە رێگەی نووسراوی رەسمییەوە رەوانەی بنکەی تەندروستی زانکۆیان دەکەین و لەوێش بۆ ئەوانەی رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی بکرێن.

زۆرترین کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان چییە کە قوتابیان ومامۆستایان بەهۆیانەوە دێن؟
جارێ کیشەکان زۆرن، هۆکارەکانیش ئالنگارییە هەنووکەییەکانن، وەک نەبوونی و بێ‌مووچەیی، کێشەی خێزانی و بابەتی خراپ بەکارهێنانی سۆشیال‌میدیا، ئالودەبوون بەهەموو جۆرەکانیەوە، خەوزڕان و پرسی کاتژمێری بایۆلۆژی لە نووستن، شەکەتی و دەروونی و تادوایی.

چۆن قوتابی و مامۆستایان دەتوانێت هەنگاو بنێن بۆ وەرگرتنی ڕاوێژکاری؟
لەسەر راسپاردەی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆمان و بۆ کەمکردنەوەی رۆتینیات، هەر مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک یان قوتابیەک ئەگەر پێویستی بە سەردانی سەنتەری راوێژکاری دەرونی کۆمەڵایەتی بێت، ئەوە تەنها نووسراوێک لەلایەن بەرپرسی یەکەمی خۆی راستەوخۆ بۆ سەنتەر دێنێت ئەگەر فەرمانبەر بوو، مامۆستا و قوتابیان بەهەمان شێوە نووسراوێک لە سەرۆک بەشەکەی خۆیانەوە دەهێنن و بەم شێوەیە.

ئایا هێڵی تەلەفۆنی یان ئۆنلاین بۆ یارمەتیکردنی خێرا هەیە؟
یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانە، تائێستا راماننەگەیاندوە، بەڵام لە پێشینەی کارەکانمانە و خەریکین کاری بۆ دەکەین.
چۆن ئەم سەنتەرە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی لە ناو زانکۆ دروست بکات؟
لەم قۆناغەدا ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین، سەنتەرەکە تەواو بناسێنین لە رێگەی وۆرکشۆپ و سمینار و راهێنانەکان، بۆ ئەم مەبەستە بەسوپاسەوە هەموو لایەک لە سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی تا سەرەجەم بەڕێوەبەرەکانی نێو سەرۆکایەتی زانکۆ زۆر هاوکارن، هەروەها راگرە بەرێزەکانی سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆ، هەموویان ئامادەباشیان نیشانداوەو بەپۆرشن بۆ بەرەو پێشبردنی سەنتەرەکە، هەروەها هەوڵمان داوە لە رێگەی راگەیاندنەکان سەنتەرەکە بناسرێت و ئیش لەسەر ئەوە بکەین وەک بنچینە و قۆناغێکی سەرەتایی رۆشنبیری دەروونی بڕوێنین و ئەوە نیشان بدەین کە پەنا بردنە بەر داواکردنی چارەسەر و پاڵپشتی دەروونی کارێکی عەیبە و نەنگی نیە، دواتر پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی پرۆفیشناڵ، هەروەها دریژەدان بە زنجیرە سمینار و چالاکیەکان، سەرۆکی زانکۆش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەمیشە کار لەسەر بابەتی باشکردنی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابیان بکەین.

چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخە هەستیارەکان وەک بیرکردنەوەی خۆکوژی دەکرێت؟
لە بابەتی دەروونزانی شتێک هەیە پێی دەگوترێت جیاوازی تاکایەتی، ئێمە زۆر بەوردی رەچاوی ئەمە دەکەین و هەر کەیس و هەر پرسێکی دەرونی هەستیار بەپێی جۆر و کەسایەتی و دۆخی کەسەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، لەگەڵ پاراستنی کەسایەتی کەسەکە و رەچاوکردنی ئتیکی کاری چارەسەری دەروونی، بۆیە هەر کەیسە و بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە پێویستە.

ئایا هەماهەنگی لەگەڵ خێزانەکان دەکرێت کاتێک پێویست بێت؟
بێگومان حاڵەتی هاوشێوەشمان هەبووە، چونکە هەندێک دۆخی دەرونیمان هەیە، بەتایبەت ئەو بارە دەروونیانەی کە چارەخواز لە واقع دابڕاوە و دۆخەکەی ئاڵۆزە، ئەوە بەپێی بنچینەکانی دەروونی ئەو کەسانە ئیدی لە دەسەڵاتی خۆیاندا نەماون و بوونەتە بەرپرسیاریەتی خاو خێزان و کەسی بەخێوکەر، لەو حاڵەتە ئێمە بە فەرمی بانگهێشتی کەس و کاریان دەکەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بن و هاوکاربن بۆ باشترکردنی دۆخی کەسەکە

پلانتان چییە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان لە داهاتوودا؟
ئێمە زۆر بە گوڕوتینەوە کار دەکەین، لە سەرەتاداین و بەردەوام دەبین، بەرنامەو پلانمان زۆرە، هەر لە پێگەیاندنی کەسانی رێنمایکار لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بەزانکۆکەمان تا دەگاتە ئامادەرکردنی باڵەخانەی تایبەت و گونجاری تایبەت بەسنتەرەکە و پرسە دەروونییەکان، لە هەمانکاتدا بەردەوامین و زێتریش کار لەسەر بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری دەروونی دەکەین، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە جیاوازی هەیە لەنێوان پاڵپشتی دەروونی و چارەسەری دەروونی، رەنگە هەموو کەسێک پێویستی بەچارەسەری دەروونی نەبێت، بەڵام هەموومان بەبێ جیاوازی ئاستی خوێندن، بەبێ جیاوازی پلە و پۆست پێویستمان بە پاڵپشتی دەروونی هەیە. بۆیە سەردانکردنی پسپۆڕی دەروونی کارێکی تەواو مۆدێرن و هیچ عەیبە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو هۆشیارییە بڵاوبکەمەوە کەخەڵکی نەکەونە تەڵەی بەناو چارەسەرکار و کەسانی ساختە، کە هیچ لە بوارەکە نازانن و بانگەشەی پسپۆڕی دەکەن.