کەڵەشاخ بۆچی گرینگە؟

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

کەڵەشاخ بریتییە لە دەرهێنانی خوێنی پیسبوو لە لەشی نەخۆشەکە بە کۆمەڵە کەرەستە و ئامێرێکی گوونجاو لەلایەن کەسی پسپۆڕ و شارەزاوە. پێویستە ئەنجامدانی ئەو کارە لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆرەوە بکرێت، ئەگەر بە جوانی کارەکە نەکرێت ئەوا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی شوێنەواری برین و هەست کردن بە ئازار و سووتاندنەوەی پێست.

د. کامەران میران باس لە گرینگی ئەنجامدانی کەڵەشاخ دەکات و دەڵێ: چۆنییرەتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ، لە کۆمەڵە شووشەیەکی ناو بەتاڵی شێوە کوپ پێکهاتوون، سەرەتا سەر ڕووی پێستەکە خاوێندەکرێتەوە، دواتر دیاریکردنی ناوچەکان، پاشان بریندارکردنی شوێنی دیاریکراو بە دەرزی یان مووس تا خوێنی لێ دێتەدەرەوە، لە دوای ئەو قۆناغە کوپە شووشەکان بە گەرمی لەسەر پێست دادەنرێت بۆ ئەوەی ببێتە هۆی هەڵمژینی خوێنە پیسەکانی لەش لە ڕێگەی قەتیسکردنی هەواکەوە، چو ونکە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی پێست بۆ مەودای ناو کوپەکە، پاشان خوێنە زیاد و پیسەکەی لەش دێتەدەرەوە لەدواییدا سەر پێستەکە ڕەنگی سوور دەبێت بەهۆی ئەو فشارەوە.
دەشڵێت: جۆرەکانی کەڵەشاخ وەکو کەڵەشاخی وشک، بریتییە لەوەی تەنیا کاسەی خوێن وەرگرەکە لەسەر شوێنێکی پشت دادەنرێت و هەوای ناو کاسەکە هەڵدەمژرێت و هیچ شوێنێکی پشت بریندار ناکرێت. کەڵەشاخی تەڕ، بریتییە لەوەی کە کاسەی خوێن وەرگرەکە لەسەر شوێنێکی پشت دادەنرێت و هەوای ناو کاسەکە هەڵدەمژرێت، پاشان چەند شوێنێکی کەم لە پشت بریندار دەکرێت و دووبارە کاسەکە دادەندرێتەوە و بەمەش دوای چەند خوولەکێک بەشێک لە خوێنە پیسەکە دەڕژێتە ناو کاسەکە و ئەو کردارەش وەک پسپۆڕان باسی دەکەن پێویستە هەموو کەسێک ساڵی جارێک ئەنجامی بدات.
ئەو دکتۆرە باس لە سود و زیانەکانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ دەکات و دەڵێ: سوودەکانی کەڵەشاخ یارمەتی چالاککردنی سووڕی خوێن دەدات. پاککردنەوەی خوێن لە ژەهراویبوون و ئاسانکردنی هاتوچۆی خوێن. سوودی هەیە لە چارەسەری چەند نەخۆشییەک وەک (نەخۆشی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن و ڕەقبوون و گرژبوونی دەمارەکان). چارەسەری هەوکردنی جومگەکان و نەخۆشی ڕۆماتیزم و سەرئێشە. بەهێزکردنی بەرگری لەش دژی نەخۆشییەکان. کەڵەشاخ چارەسەر و بەسوودە بۆ بەرزە فشار لە دەمارەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی خوێنی پۆلیکاربۆنات، میزکردنێکی بێ ویستی، یا میزبەخۆداکردن، میزچرکە، لە منداڵاندا کە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ حەوت ساڵیدایە. کەڵەشاخ چارەسەرە بۆ هەندێك نەخۆشی باو لە نێوان منداڵاندا، وەک ئاترۆفی خانەکانی مێشک، ئۆتیزم، شەلەل، کەڵەشاخ زۆر بەسوودە بۆ منداڵانی ئۆتیزم یارمەتی زیادکردنی هۆشیاری و سەرنج و چڕبوونەوە دەدات و تەرکیز زیاد دەکات.کەڵەشاخ یارمەتی لابردنی دەمارگیری و بەرزە فشاری دەروونی و توورەیی و هەڵچوون، هاوسەنگ دەکاتەوە، بەتایبەت لەمنداڵاندا، توانای قسەکردن زیاد دەکات، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی توانای قسەکردنیان کەمە و زۆر بەکەمی قسە دەکەن، یا درەنگتر دێنە قسەکردن. زیانەکانی کەڵەشاخ کە زیانێکی زۆر مەترسیداری نییە، جگە لە هەوکردنی پێست و سووتاندنەوە، بەڵام بۆ خانمانی دووگیان و شیردەر، یان کاتی سووڕی مانگانە زیانی هەیە، لە هەمانکاتدا تووشبووانی شێرپەنجە یاخود ئەو کەسانەی تووشی شکانی ئێسک و گرژبوونی ماسوولکەکان بوون نابێت کەڵەشاخ بکەن. لە هەندێک کاتی کەمدا ئەگەر کەرەستەکان کە بەکاردەهێندرێن خاوێن نەبن، دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون. سەبارەت بە ئەنجامدانی کەڵەشاخ پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (نعم العبد الحجام یذهب بالدم، ویخف الصلب ویجلو عن الابصر) رواه الترمژی واتە: باشترین كەس کەڵەشاخ كارە، چوونكە خوێنی زیادەی خراپ بوو (خوێنی بێ سود) لادەبات، پشت سووک دەكات، ئاستی بینین باشتر دەكات. لەوانەیە کەڵەشاخ هەندێک نیشانە یان ڕووشاندن بەجێ بهێڵێت لەشوێنی دانانی کوپەکانی کەڵەشاخەکە، بەڵام بە خێرایی دەست دەکات بە کاڵبوونەوە لە ماوەی چەند هەفتەیەک دوای کەڵەشاخ کردن، بەڵام بەمەرجێک دوایی ڕێنمایی پزیشکی بکەویت.
هەروەها ڕەنگە مەترسی هەوکردن و مەترسی توشبوون هەبێت لەکاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ، بەڵام زۆرجار مەترسییەکە کەمە و دەکرێت دووربخرێتەوە کاتێک پسپۆرەکە پەیڕەوی شێوازی درووستی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بگرێتەبەر و پاککردنەوەی پێست پێش و دوای ئەنجامدانی کەڵەشاخ.
کەڵەشاخ بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەی پشت ئەنجام دەدرێت و بەم دواییەش ئەم کردارە لە ناوچەکانی ئەورووپا بە زەقی هەستی پێدەکرا کە خەڵکی ئەورووپی بە مەبەستی باشتربوونی تەندرووستییان ئەنجامی دەدەن و ساڵانەش لە کاتە دیاریکراوەکاندا لەلایەن موسوڵمانانەوە ئەنجام ده دریت .

ھەواڵی زیاتر