رۆژنامەی ھەولێر

بێدەنـــــــگی وەک فۆرمێکی کاریگەر

بژار حەکیم

 

ئۆشۆ: [ھیچ مۆسیقایەک ھێندەی بێدەنگی ئاوازی تێدانییە]

دەکرێت (بێدەنگی) وەک فۆڕمێکی گرنگی قسەکردن و تێگەیشتن ببینین، چونکە بێدەنگی پڕە لە ئاڵۆزیی قسەکردن و لێکدانەوەی نەگوتراو، هەروەها بێدەنگی لقێکی گرنگی زانستی زمانەوانیشە. بە تەنیشت بێدەنگییەوە، زۆر جاریش قسەکردن سووکایەتی کردنە بە زمان و بێبایەخکردنی وشە دەربڕاوەکانە، لە بەرانبەردا لە حاڵەتی بێدەنگیدا زمان وەزیفەی گلدانەوەی وشەیە، ئەرشیفی وشە و ڕستەکان ڕێکدەخات و بەهێزەوە هەڵیان دەگرێت. زمان لەلای ئێمه‌ هێشتان كردە یان پرۆسەیەکی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، وه‌ك ئەوەی (سووسێر) پێناسەی کردووە، چونکە ئێمە زمانمان نەخستووەتە گەشەی پێوەندیی کۆمەڵایەتیی گشتگیر و لە زۆر باردا زمانمان لە بێدەنگیدا چەسپاندووە.بێدەنگی سەدایەکی گەورەی هەیە، لە بەرانبەردا قسەکردن بێسەدایە، کەواتە ئێمە دەتوانین زۆر مانا لە بێدەنگیدا دەستبخەین و بەباشی تێیبگەین وەک فۆرمێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ بکەین. لە فۆرمی گشتیدا لەلای تاک، بێدەنگی بابەتێکی بەسوودە و کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە بۆ ئاسوودەیی و ئارامی مێشک، دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە و چڕی و داهێنانی تاک زیاد دەکات، ئەگەر بێدەنگی لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا بێت، بەدڵنیاییەوە ئەنجامی دەبێت. بێدەنگی ڕێگری لە زۆر ڕوودانی ناخۆش دەکات، مەبەستێکی سەرەکی هەیە، ئەویش بە ئاگا هینانەوەی هۆشیارییە، سوودەکانی بێدەنگی بۆ مێشک زۆرن، لەوانە نۆژەنکردنەوەی مێشک، دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی مێشک، نەهێشتنی گرژی و چالاککردنی تۆڕی مێشکی گریمانەیی. هەروەها ئارامی و بەرگەگرتن لە تاکدا زیاد دەکات بەشێوەیەک ئەگەر لەڕۆژدا پلانێکی دیاریکراو دابنێیت بۆ بێدەنگی و خەڵوەتکردن لەگەڵ خۆتدا، دەتوانیت کارامەیی و چالاکی مێشکت بۆ ئاستێکی بەرزتر بەرز بکەیتەوە، هەڵبەت بێدەنگی سوودی بۆ مرۆڤ دەبێت ئەگەر لەگەڵ بیرکردنەوە و داناییدا بێت، چونکە ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت لە کۆتاییدا هیچ شتێک نەماوەتەوە جگە لە پەشیمانی. هەندێک پێیان وایە بێدەنگی مرۆڤ نەبوونی زانیاریە بۆ شتەکان یان هەندێک نەزانییە، چونکە ڕەنگە جیاواز بێت، یەکێکیان دەڵێت: بێدەنگی من مانای نەزانی من نییە لەوەی لەدەورمەوە هەیە، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەوەی لەدەوروبەری مندایە شایەنی باسکردن نییە. کەسانێک هەن کە بڕوایان وایە بێدەنگی جۆرێکە لە هەڵهاتنی قسە و گوفتار کە ئیش ناکات و سودی بە خاوەنەکەی ناگەیەنێت بۆیە پێمباشە قسەکان بوەستێنم، بۆیە بێدەنگی لێرەدا لەبەر دوو هۆکارە یەکەم ئەوەیە کە ئەو شتانەی شایەنی بەفیڕۆدانیان نییە و دووەم ئەوەیە کە بێدەنگی هەیە کە خاوەنەکەی پێی وایە وشەکان کارناکەن. جبران خەلیل جبران، باسی بێدەنگی و قسە دەکات و دەڵێت:[ ڕەنگە لە گوتاردا هەندێک ئاسوودەیی هەبێت و لە بێدەنگیشدا زەرووریەتەکەی.] کەواتە بێدەنگی پەیامەکانمان دەردەخەن و زۆرینەی پەیامەکانمان لەڕێی بەرز و نزمی دەنگ و زمانی جەستە و ڕوخسارمانەوەیە، چونکە بێدەنگی پەیوەست نییە بەوەی خۆت دابڕێنیت، بەڵکو واتا باش گوێگرتن و تێگەیشتنە لە لایەنەکەی بەرامبەرت، هەوڵ بدەیت تێبگەیت پێش ئەوەی بازبدەیت بۆ پێشبینیەکانت. بێدەنگی لە خۆیەوە روونادات، بەڵکوو سەرچاوەی بێدەنگی لە مەعریفەتەوە بازدەداتە نێو کەشفکردنی ناو بێدەنگی، واتە لە بێدەنگی بۆ بێدەنگییەوە کار دەکات و ناوەوە بۆ دەرەوە ئاشکرا دەکات. لە هەموو بارەکاندا مرۆڤ لە بێدەنگییەوە دەڕوانێتە دەورووبەر و نهێنییەکانی چنگ دەکەوێت. بێدەنگی ناوەڕۆکی قسەکردنە و گوتنی نە گوتراوەکانە، ئەو ژێیە هەستدارەیە کە ماناکەی هەندێکجار لە چاودا بەدەر دەکەون و بەرانبەرەکەت بەبێ بیستنی هیچ پەیڤێک لە مەبەستەکەت دەگەن.