ئیسماعیل بەرزنجی
لە کوێی مامۆ حەمەدەمین
دەمەو عەسرێک
شۆڕبینەوە ناو رەزان
هێشووە ترێیەکی رەشمیریم
بۆ لێبکەیتەوە
کرۆسکم دەرخوارد بدەی
ئینجا بگەڕێینەوە ئاوایی
سەماوەر جۆش بدرێت
دوو دیشلەمە فڕ بکەین
تۆ جغارەکی لەف و
منیش گرێڤنێک بکێشم
لە کوێی مامۆ
شەو لەبن ئاسمان بنووین
نیوەشەو بەئاگابێم
ئەو بادیە ئاوە فڕبکەم
کە بە بای شەماڵ سارد بووە
لە کوێی مامۆ حەمەدەمین
نغرۆم بکەی لە ناو هاوین
سبەینان
ئەستوورک بە کونجی و
ماستی شیرینی چێڵ و
هێلکەو ڕۆنی بە کەرەم دەرخوارد دەی
مامۆ بمبەوە ناو هاوین
چێشتەنگاو دۆ فڕبکەم
ئاخر من لە کوێ و
جیهازی سیپاپی نەفەس و
قیاسی زەغت و سوکەری و
ترپەی دڵ لە کوێ

