حەسەن حەمەد ئاندێکی
گەشتی بەهاران، کاتێک سروشت لەخەو هەڵدەستێت و رەنگاوڕەنگ دەبێت، تەنها هەڵفرینێک نییە بۆ دەرەوەی شار، بەڵکو گەشتێکی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤ، کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر بارودۆخی دەرونی و فکریی دادەنێت. لە رووی زانستییەوە، ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییان هەیە بە ژینگەی دەوروبەر و کاریگەریی ئەو ژینگەیە لەسەر کیمیای مێشک و ئاستی هۆرمۆنەکان.
شیکاری زانستی کاریگەرییەکان
زیادکردنی رێژەی سیرۆتۆنین (Serotonin)؛ یەکێک لە دیارترین کاریگەرییەکانی وەرزی بەهاران، ئەوەیە کە رووناکی زیاتر دەبێت. تیشکی خۆر کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر زیادکردنی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین لە مێشکدا، کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشی ناسراوە. سیرۆتۆنین رۆڵی سەرەکی لە رێکخستنی باری دەروونی، هەستەکان، خەو و، هەندێک بەرچاوکردنیدا دەگێڕێت. کاتێک ئاستی سیرۆتۆنین بەرز دەبێتەوە، مرۆڤ هەست بە ئارامی، کامەرانی و، گەشبینی زیاتر دەکات. گەشتکردن لەم وەرزەدا، بەهۆی رێژەی بەرزی تیشکی خۆر و جووڵەی زیاتری دەرەوە، ئەم کاریگەرییە زیاتر دەکات.
کەمکردنی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل (Cortisol)؛ کۆرتیزۆل بریتییە لە هۆرمۆنی سترێس. مانەوە لە ژینگەیەکی شاری قەرەباڵغ و قورس، دەبێتە هۆی بەرزهەڵکشانی ئاستی کۆرتیزۆل، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشک و جەستە دادەنێت. گەشتی بەهاران، بە تایبەتی ئەگەر لە شوێنە سروشتییەکان بێت وەک باخچە، دارستان، یان کەنار دەریا، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەم هۆرمۆنە. پەیوەندی لەگەڵ سروشت، گوێگرتن لە دەنگی مەل و تەیروتوار و، بۆنکردنی گوڵ و گژوگیا، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی خەم و سترێس.
بۆن و دەنگ و رەنگەکانی سروشت: بەهار کاتێک دێت، دیمەنێکی جیاواز دەخاتە روو. دەنگی جووڵەی ئاو، بۆنی گوڵ و گیای نوێ، بینینی رەنگەکانی سەوز و پەمەیی و سوور، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ وروژاندنی سێ هۆشیاری سەرەکی مرۆڤ. ئەم وروژاندنە کاردەکاتە سەر ناوچەکانی تایبەت بە هەستەکان لە مێشکدا، کەواتە مرۆڤ هەست بە هێواشی و خۆشی زیاتر دەکات. لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە پەیوەندی چاودێرکردنی رووەکەکان، دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی مێشک و کەمکردنەوەی بیرکردنەوەی نەرێنی.
زیادکردنی چالاکی جەستەیی: لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی بەهاراندا، رێژەی چالاکی جەستەیی مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی زیاد دەکات. رۆیشتن، کارکردن لە باخچە، یاریکردن لە دەرەوە و، گەشتکردن، هەموو ئەم کارانە دەبنە هۆی چالاکاندنی جەستە و پەرەسەندنی لایەنی دەروونی. چالاکی جەستەیی، جیا لە دابینکردنی تەندروستی، یارمەتی دابەشکردنی باشتر و هەناسەدانی فراوانتر دەدات، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی ماندوویەتی و زیادکردنی چالاکی مێشک هەیە.
پەیوەندیی کۆمەڵایەتی: زۆرجار گەشتی بەهاران، بریتییە لە سەردانکردنی خزم و دۆستان، یان گەشتکردن لەگەڵ هاوڕێیان. ئەم جۆرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، یان بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە کۆنەکان، دەبێتە هۆی باشترکردنی باری دەروونی و زیادکردنی هەستکردن بە خۆشەویستی و بایەخ. گەشتەکانی وەرزی بەهار، تەنها پشوو نین، بەڵکو زانستێکی قووڵیان لە پشتەوەیە کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە ژینگەی دەورووبەری بۆ باشترکردنی تەندروستیی دەروونی و فکریی خۆی سوود وەربگرێت. ئەم وەرزە فرسەتێکە بۆ تازەبوونەوە، هێواشی و، خۆدۆزینەوە لەناو دڵی سروشت و لەژێر کاریگەرییە بێهاوتاکەی رووناکی و رەنگەکانی بەهاردا.
سەرچاوەی بیانی:
1.www.health.harvard.edu/mind-and-mood/spring-fever-and-your-mood
2.www.verywellmind.com/the-effects-of-spring-on-mental-health-4161753

