شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “دڵشاد تۆفیق” وەک کانییەکی سازگار بەرهەمی نوێی ئامادەیە و جار جارەش خۆی لە قەرەی حەیران دەدات و پڕ بە دڵ بەسەر قەڵات و هەولێر و باژێڕ و مەچکۆ و منارەی سەرکەشدا هەڵدەڵێت.
“دڵشاد تۆفیق” لە ڕۆژانی ڕابردوودا نوێترین بەرهەمی خۆی گەیاندە “هەولێر” و دەشڵێت: ئەو بەرهەمە تێکستی “زیاد کەریم”ـە و چیرۆکێکی ڕاستەقینەی لە پشتە، بۆیە منیش بڕیارمدا بیکەم بە گۆرانییەک، کە ببێتە جێی ڕەزامەندی هەوادارانی گۆرانی کوردی و دەشڵێت: لە پشت بەشێکی زۆری تێکستەکانی گۆرانی چیرۆکێک هەیە، بەدڵنیاییەوە لە پشت ئەم گۆرانییەش (حەلی نیە)، کە لە بنەڕەتدا گۆرانییەکە ناوی (مەیلی)ـیە، کە ناوی خوازراوی کچێکە. هەروەک مامۆستا زیاد کەریم، کە تێکست و ئاوازی گۆرانییەکەی داناوە بۆی باس کردم: عەشقێکی پاک و بێگەردی کوڕە هەولێرییەک هەوێنی ئەم گۆرانییە، بەڕێکەوت لە شارێکی تر کچێک دەبینێت و هۆگری دەبێت تارادەیی عاشق بوون، کچەکە دەزانی ئەو کوڕە بەو ڕادەیە شەیدایی بووە، پێگەی کۆمەڵایەتیان جیاوازە، هەستی پێ دەکات، بەڵام ناچێتە شەڕگەی ئەو عەشقەوە، لە بازنەی خۆشەویستی یەک لایەنە دەیهێڵتەوە، بی مەیل دەبێ و دەمێک سۆزو خۆشەویستی لێ وەردەگرێ و دەمێک قومێ ئاوی سۆزی پێنادا،ئیتر کوڕەکە دەزانێ هەرچی بۆ بکات دەرئەنجام بێ هودەیە، پێی ناگات، بۆیە باسی دڵی خۆی بۆ شاعیر دەکات و دانی پێدا دەنێت، کە خۆشەویستی ئەو لە دڵیدا چەکەرە کردووە، بەڵام ئەو باکی نیە، چیرۆکی ئەو خۆشەویستیە بەوە کۆتایی دێت، کوڕەکە بێ ئومێد دەبێت وەک هەموو ئەو گەنجانە، نیشتمان بەرەو تاراوگە بەجێدێڵێت و خۆشەویستی (مەیلی) و خەمی نیشتیمان لەگەڵ خۆی دەبات، بۆ غوربەتی سارد و سەهۆڵبەندان، کچەش شوو دەکات و دواجار لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە، بەڵام کوڕەکە تا ئێستاش هاوسەرگیری نەکردووە،دەیان چیرۆکی لەو شێوەو جیاواز تر هەیە، نە شاعیر فریا دەکەوێت بیاننووسێتەوە، نە ئاوازدانەر و گۆرانیبێژیش دەتوانن هەر هەموویان ئاوێزانی نەغمەی گۆرانییەکان بکەن.

