رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژی جیهانی کتێب؛ یادێکی ڕاگوزەر نییە!

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

بۆئەوەی سەفەر بکەین. بۆ ئەوەی ژیارەکان بناسین. بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ نێو مێژوو و چ وێستگەیەکمان ویست تێیدا بحەوێینەوە. بۆ ئەوەی ببینە پسپۆڕ لە بوارێکی دیاریکراودا، کە لە ژیاندا پێویستمان دەبێت. بۆ بە زانست ئاشنا بین و بزانین ڕیشەی ئەو زانستەی ئێستا هەیە لە کوێوە هاتووە؟ بۆ ئەوەی خۆمان و دەوروبەرمان بناسین و نگایەکی قووڵمان بۆ خۆمان و شتەکانی دیکە هەبێت؟ بۆ ئەوەی لە هەسارەکەمان تێبگەین و بزانین چین لەنێو ئەم گەردوونەدا. پێویستە بگەڕێینەوە بۆ لای کتێب. بەبێ کتێب ناتوانین هیچ کام لەم ئەرکانەی سەرەوە کە وەکو مرۆڤێک لەسەرشانمانە جێبەجێ بکەین. بۆیە کتێب خۆی بەتەنها دەرگایەکە، بەڵام توانای کردنەوەی سەدان دەرگای دیکەی هەیە بۆمان.

ڕێکخراوی یونسکۆ، وەکو ڕێزلێنانێک لە گرنگی کتێب و مافی نووسەران، ڕۆژی 23ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەکو ڕۆژی جیهانیی کتێب و پاراستنی مافی نووسەران دیاری کردووە. ئەمساڵ لەم یادەدا لە کوردستان هیچ بۆنەیەک، یان تیشکخستنەسەرێک بۆ ئەم ڕۆژە بەدی نەکرا، وەک ئەوەی ئەم ڕۆژە لە ڕۆژژمێردا دەرهێنرابێت و چیتر پێویستمان نەبێت. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا گلەییمان لەوە هەبوو کاتێک ئەم یادە دەکرێتەوە یادێکی نمایشییە و هەنگاوی جیدی بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و دەرخستنی ڕۆڵ و کاریگەریی کتێب نانرێت و تەنها ئەم یادە لە بۆنەیەکی نمایشیدا کورت دەکرێتەوە، ئەوا ئەمساڵ ئەو بۆنە نمایشیەشی پێ ڕەوا نەبینرا و وەکو رۆژێکی ڕاگوزەر تێپەڕی.
کتێب کە تا هەنووکەش سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفەیە و هیچ جێگرەوەیەکی نییە ناکرێت لە یادێکی لەم چەشنەدا فەرامۆش بکرێت. ئەگەر پێمانوابێت لە ئێستادا بەدیلی بۆ دروست بووە و چیتر پێویستمان بە کتێب نییە ئەوە دیسان لە هەڵەداین، چونکە بەدیلی کتێب تەنها کتێب خۆیەتی. هەموو سەرچاوەکانی دیکەی دەستکەوتنی زانیاریی نابنە بەدیلی کتێب، هەروەها ئەوەشی پێیوایە “ژیری دەستکرد” دەبێتە بەدیلی کتێب دیسان لە هەڵەدایە، ژیری دەستکرد بە پشتبەستن بە کتێبەکان زانیاریی کۆ دەکاتەوە و دووبارە دەیداتەوە بە خوێنەر. کەواتە ئەوەی سەرچاوەی هەمیشەیی مەعریفە و زانیارییە و ڕەسەنترینە تەنها کتێبە، بەڵام بۆچی لای ئێمە ئەم ڕۆژە فەرامۆش کراوە؟
ئەمساڵ دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە قەیرانێکی سەختی سیاسی و ئابووریی و دەروونیدا تێدەپەڕێت و بەو هۆکارانەوە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب نەکرایەوە و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، کە ئەمە تەنها پەکخستنی چالاکییەک و پێشانگەیەک نەبوو، بەڵکو پەکخستنی ئەو وزە نوێیانەی مەعریفە بوون، کە دەکرا لەم پێشانگەیەوە بڵاو بکرێنەوە. واتە ئەو هەزاران ناونیشانە نوێیەی کتێب، کە بڕیاربوو نمایش بکرێن ئەو وزە نوێیانە بوون، کە هەم هەرێمی کوردستانیان لە گۆڕانکارییە نوێکانی دونیای زانست و فیکر و ئەدەب نزیک دەکردەوە و هەم دەشبوونە وزەی نوێ بۆ بونیادنانی پاشخانی مەعریفی کۆمەڵگەکەمان.
دەکرێت بە کەمێک ڕەهاییەوە بڵێین هیچ کۆمەڵگەیەک پێشناکەوێت، ئەگەر دوور بێت لە کتێب و چالاکییە کولتوورییەکان، ئەوەی وزەی نوێ بە ژیان و مرۆڤەکان دەبەخشێت چالاکییە کولتوورییەکان و پێشانگاکانی کتێبە، کاتێک دۆخە سیاسی و ئابووریی و دەروونییەکان هاوکاری کردنەوەی پێشانگەی کتیب نەبن، دەشێ ڕۆژی جیهانی کتێب ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو لەدەستچوونە و بە چالاکی نوێ و جۆراوجۆر یادی ڕۆژی جیهانی کتێب و مافی نووسەران بکرێتەوە، نەک دیسان ئەو یادەش فەرامۆش بکرێت.
یادی ڕۆژی جیهانی کتێب، یادێکی ڕاگوزەر نییە، کە بتوانین بە ئاسانی دەستبەرداری بین، بەڵکو یادێکە پێگەی ئێمە وەکو نەتەوە لە ژیار و شارستانییەتی جیهانیدا دیاری دەکات. گەلێک کە دووربێت لە کتێبەوە کەواتە دوورە لە ژیار و شارستانییەت و ماڵئاوایی لە پێشکەوتن کردووە و دەرگاکانی ئاگاداربوونی لە جیهانی نوێی لەسەرخۆی داخستووە. کەواتە نابێت ئەو دەرگایانە دابخەین، بۆ ئەوەی ببینە ئەندامی کارای نێو ژیارەکان و ڕۆڵمان لە بەرەوپێشبردنی هەسارەکەماندا هەبێت.
ئەگەرچی یادی ڕۆژی جیهانی کتێب نەکرایەوە، بەڵام ئێمە لەم رۆژنامەیەدا بە بەردەوامی یادی کتێب دەکەینەوە و لەڕێی ناساندنی کتێب و ژیان و بیرکردنەوەی نووسەران و دەقەکانیانەوە پێگەی بەرزی کتێب هەر لە بەرزیدا دەهێڵینەوە، چونکە ئەوەی دەمانگەیەنێت بە مەعریفەی ڕاستەقینە تەنها و تەنها کتێبە.