ئــــاری ئـــــاغۆک
(سواڵکەر)
دایکم دەیگووت
ئەو کاتانەی کە مناڵ بووی
هەرچی کاتێ؛ مناڵێکی جل پینەکراو
پیرەمێردێکی کۆڵ لەپشت، پیرەژنێکی بەرگ دڕاو
بۆ لەتێ نان
بۆ ئاسۆیەک خۆری شادی بدا بە ژیان
لە دەرگای ماڵمانیان دەدا
تۆ دەترسایت و دەستبهجێ، دەرگاکەشت لە ڕوویاندا پێوەدەدا
ئەوا ئەمڕۆش کە گەورە بووم
من بوومەتە سواڵکەری دەرگای دڵەکەت
لەبڕی خۆر، لەبری نان
خۆشەویستی تۆم پێویستە بۆ هەوێنی ژیان
دەتخوا تۆش بە کۆرپەی چاو و دڵت بڵێ
ئەگەر بێ و ڕۆژی چەند جارێ، پەنجەکانم لە دەرگای دڵەکەت بدا
کۆرپەکانی لێم زیز نەبێ و دەرگاکەش لە رووم دانەخا.
لە دنیای ئەدەب دا شیعر وەک گرنگترین لق، هەمیشە هەست و بیرکردنەوە و دیدگا و ڕۆحیانەتی ناخ دەخاتەڕوو، زۆرجار ئەوەی خۆی لە دنیای ئەدەبیات دەدۆزێتەوە سەرەتا بەشیعر دەست پێ دەکات، دواتر بەرەو لقەکانی دیکە، بەڵام ئەوەی بەردەوامی هەیە و لەفۆڕمی نووسین دا شیعر دەکاتە ئامرازێک بۆ بەتاڵبوونەوەی ناخ و کێشە دەروونیەکانی خود، ئەوا دەبێتە سەر مەشق بۆ گێڕانەوەی ڕاستیەکان، بۆیە لەنێوان دەقی زیندوو و دەقی مردوودا جیاوازیەکی ئێجگار زۆر بەدی دەکرێت، دەقی زیندوو هەمیشە و هەموو کات، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت و وا لە خوێنەر دەکات، ووشە بە ووشە چەمک و ڕەهەندەکانی بخاتە نێو تابلۆی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە دەقە شیعری (سواڵکەر) ی شاعیری کۆچکردوو (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) ئەم ڕەهەندە قوڵ و پڕ ئاخانەی هەست پێ دەکرێت (ئەو) وەک کارەکتەر چیرۆکی منداڵی لەسەر زاری دایک دەگێڕێتەوە، کە بە دەرگە لێدانەوە هەوڵی چنینی وێنەیەک لەیادەوەری دەکات، دواتر هاوتای دەکات لەگەڵ گەورەبوون و خەمی خۆی.
لێرەدا شرۆڤە و خوێندنەوەیەک بۆ کۆی گشتی ئەم دەقە ئەدەبیە دەکەین،
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین ئەم شیعرە تەنیا خۆزگە خواستنێکی شاعیر نیە بۆ زەمەنی منداڵی و پاکی و بەرائەت و ترسی کاتی، بەڵکو لەقوڵایی خۆزگەیەکی بەجێماودا وێنەیەک بە لە بیرەوەری دایک و منداڵ دەست پێ دەکات، (ئەو) ی منداڵ لەسەر زاری دایکیەوە ئەو چیڕۆکە دەگێڕێتەوە کە بەمنداڵی لە دەرگادان و سواڵکەر ترساوە، بۆیە ڕاستەوخۆ دەرگا دادەخات، ئەم دەرگا داخستنە کۆمەڵە ڕەهەندێکی هەیە، چونکە نایەوێ ئەو دیمەن و کەسانە ببینێ کە سواڵکەر و هەژارن، لای ئەو ئەو کەسانە کەسی نامۆبوونە.
بۆیە لە دێری سەرەتا دا، بە (دایکم دەیگوت) دەست پێ دەکات، ئەمەش دەمانباتەوە ئەو وێستگەیەی کە لە یادگەی هەر یەکێکمان دا (دایک) پانتاییەکی فراوان و لەیادنەکراوی هەیە، هەمیشە دەنگ و پەیڤی دایک لە گوێچکەمان دەزرینگێتەوە، پاشان وێنەی (منداڵێکی جل پینەکراو)مان نیشان دەدات، ئەمەش راستەوخۆ دەمانباتەوە ئەو جیهانەی کە هەژاری و کەمدەرامەتی یە، بینینی ئەم جۆرە جلانە ئاماژەیە بۆ کەمدەرامەتی و هەژاری و برسیەتی مرۆڤ، دواتر (پیرەمێردێکی کۆڵ لەپشت) لێرەدا کەسایەتیەکە دەگۆڕدرێت بۆ مرۆڤێکی بەتەمەن، هەر لە سیناریۆی لەدەرگادان دا کەسایەتیەکە گۆڕا، بەڵام لای (ئەو) ی منداڵ هەر ترسە دەروونیەکە بەسەری زاڵە و هەمدیس دەترسێ، نەک ڕقی لێیان بێتەوە، بۆیە لەنێوان ترس و ڕق دا ئەو ترساوە و دەرگای هاوسۆزی و هاوکاری داخستوە، لێرەدا جارێکی دیکەش وێنەی دەرگا داخستن و ترسمان نیشان دەدات ئەویش بە دەرگا لێدانی (پیرە ژنێکی بەرگ دڕاو) ئەم وێنەیەش نزیکە لە وێنەی منداڵەکە هی ئەو (پینە) یە، هی ئەمجارەش بەرگ دڕاو، دیارە بەرگ دڕان زۆر گوازرشت لەخۆ دەگرێ، گرنگترنیان هەژاری و پێویستی خۆراک و بژێوی ژیانە، چونکە جل و بەرگ سەرەکیترین پێداویستی جەستەیە بۆمرۆڤ، گەر ئەم پێداویستیە نەبوو، ئەوا دیارە سک برسیەتی! لەم سێگۆشەیەدا وەڵامی هەر سێ دیمەن و کەسایەتیەکانمان بۆ دەخاتەڕوو (منداڵ، پیرەمێرد، پیرەژن) کە هەر یەکێکیان لە تەمەنێک دا، هەر یەکێکیان لەخەون و خەمێکی جیادا، بەڵام لە هەژاری و برسیەتی و نەبوونی دا هەموویان یەکسانن، ئەمەشیان هەمدیس ئەو هێڵە گشتییەی غەدری زەمانەمان نیشان دەدات، کە یەک لەدوای یەک لە دەرگای ماڵەکان دەدەن بۆ یارمەتی و تێربوونی سک.
کە داخوازی هەمووان (لەتێ نانە)، گەر هاوکاری بکرێن ئاوا خۆری شادی ژیانیان بەشێوەیەکی کاتی هەڵدێ، ئەم وێنە شیعریە پێمان دەڵێت، مرۆڤ کەبرسی بوو ناچارە لە هەموو جۆرە دەرگایەک بدات، ئەمە نموونەی وێنەی ئەو کەسانەیە کە بەمنداڵی لەدەرگای ماڵی ئەوانیان داوە، دوای گەورەبوون و هەست کردن بەژیانناسی ئینجا شاعیر ئەو راستیەمان بۆ بەیان دەکات کە ترساوە، ترسی ئەو ترسێکی منداڵانەی پڕ بەرائەت بوە، بۆیە یەکسەر (دەرگاکەی بە ڕوویان پێوەدەدا) ئەم پێوەدانە دەبێتە داخستنی کۆمەڵە پرسیارێک بۆ هەمووان، بەڵام دوای گەورەبوون و بەردەوامی و چەندین هەوراز ونشێوی ژیان، ئەمجارەیان باس لەچیرۆکێکی دیکە دەکات هەمدیس تایبەتە بەخودی خۆی، ئەمجارە منداڵەکەی ساڵانی زوو وا گەورەبوە، بەپێچەوانەوە خۆی لەدەرگا دەدات لێرەدا (جێگۆڕکێی کارەکتەر) دروست دەبێت، بەڵام دەرگا لێدانی ئەو جیاوازە لەهی زەمەمەن و سیناریۆی منداڵی، چونکە ئەمجارەیان خۆی بۆتە (سواڵکەر) لێرەدا ڕۆڵی کارەکتەر گۆڕا بۆ (داواکار و تکاکار ) بۆتە سواڵکەری دەرگای دڵ.
بێگومان لەنێوان ئەم دوو دەرگا لێدانەدا گەورەترین جیاوازی دەبینرێت، هی پێشوو هەژاری و برسی بوون و کەسی جیاجیایە، هی ئەمجارەش خۆی بۆتە سواڵکەر و لەبڕی نان و خۆری شادی و بەختەوەریی ئەوێ ساڵێی تەمەن، ئەمجارەیان شاعیر وەک مرۆڤێکی موحتاج پێویستی بەخۆشەویستی یە، لەم چنینە درامیە گۆڕانی ئەم داواکاریە زۆرجیایە، لێرەدا شاعیر گەر برسیش بێت ئەوا هەستی پێناکات، چونکە خۆشەویستی کەسی بەرامبەر یەکسانە بەنان و شادی و بەختەوەری ئەبەدی!
ئەو خۆشەویستیەش وەک (هەوێن) بۆ ژیان و تەمەن و داهاتوو پێویستیەتی، گەر ئەم هەوێنە دروست بوو ڕاستەخۆ هەموو شادی و جوانیەکان لەدایک دەبن.
پاشان دواندێک لەگەڵ کەسی بەرامبەر دەکات و دەڵێت: (دەتخوا تۆش بەکۆرپەی چاو و دڵت بڵێ) ئەم پاڕانەوەیە زۆر سادەیە بەڵام پڕ لەهەستی قوڵی ئەڤینی و مرۆڤدۆستی لەدڵێکی پاکەوە، بە ریتمێکی زۆر نەرمەوە ئەم داوایە ئاراستەی کەسی بەرامبەر دەکات.
دواجار هەموو داخوازیەکانی لە یەک چەمک کۆکردۆتەوە ئەویش قبوڵکردنە، نەک ڕەفز کردن، بۆیە لەنێو هاش و هوشی ئەم دنیا جەنجاڵەدا شاعیر تەنیا داوای کردنەوەی دەرگا دەکات، وەک سواڵکەرێکی ڕێبواری ڕێگای عەشق و ئەوینی پاک دەیەوێ بگات بە موراد!.
ئەمە یەکێک بوو لەو دەقە پڕ لە وێنە شیعریانەی (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) کە لەنێو گوڵدانی شیعردا، لە ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانە و خەمی ژن دا چەندین دەقی نەمری دیکەی نووسیوە، بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێی نەدا زێتر بنوسێ و بەردەوام بێ، بەڵام بەرهەم و کتێب و نووسینەکانی بوونەتە ئەرشیف و گەوهەری ئەدەبی کوردی.
پرۆفایل:
-کەژاڵ ئیبراهیم خدر.
-ساڵی ١٩٦٨ لە قەڵادزێ لەدایکبووە.
-ساڵی ١٩٨٧ دەسپێکی شیعر نووسینیەتی کە بەچیرۆکی منداڵان دەستی پێکردوە.
-دوای ڕاپەڕین زیاتر شیعر و بەرهەمە ئەدەبیەکانی بڵاوکردۆتەوە.
-خاوەنی ٣٩ کتێبە.
-شیعرەکانی بۆ ١٥ زمانی جیهانی وەرگێڕدراون.
-چەندین لێکۆلێنەوە لەسەر بەرهەم و شیعرەکانی کراوە.
-شیعرەکانی بەکارلیۆس و ماستەری لەسەر وەرگیراوە.
-١٣٥ توێژینەوە لەلایەن نووسەرانی عەرەب لەبەر هەمەکانی کراوە.
-زیاتر لە ٢٠٠ خەلاتی ووڵاتانی عەرەبی بەدەست هێناوە.
– لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، لە ٢٣ ی نیسانی ٢٠١٨ لەتەمەنی ٥٠ ساڵی بەهۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

