رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ یانە كوردستانییەكان قورسترین رۆژ دەبێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یانە كوردستانییەكان لەبەردەم رۆژێكی سەخت دان، هەولێر بۆ دوو یاریی بەرامبەر قوە جەوییە و تەڵەبە گەشتی بەغدای كردووە، یانەكانی زاخۆ و دهۆكیش بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەكەن و لە نێو یاریگە و بەردەم هاندەرانیان میوانداریی یانەكانی غەراف و كارەبا دەكەن.

ریكۆردەكانی جەوییە و هەولێر بەردەوامە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە یاریگەی مەدینە لە بەغدا لە كاتژمێر 7:30ـی ئێوارە قوە جەوییە میوانداریی هەولێر دەكات، لە قۆناغی یەكەم ئەم دوویانەیە بەبێ گۆڵ یەكسانبوون، بەڵام بۆ ئەم یارییە هیچ لایەك بە خاڵێك رازی نین و شەڕی بردنەوەی 3 خاڵی یارییەكە دەكەن.
ئەم یارییە لە كاتێكدایە قوە جەوییە تاكە یانەیە لە 2026 هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و 113 رۆژە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق نەدۆڕاوە، دوایین شكستی لە دوایین رۆژی ساڵی 2025 بەرامبەر دهۆك بووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هەولێر دووەمین یانەیە لە دوای جەوییە كە زۆرترین ماوەی بەبێ شكست تێپەڕ كردووە و 66 رۆژە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر زاخۆ بووە. هەولێر لە دوای یانەكانی قوە جەوییە و زەورا، سێیەمین یانەیە لەم وەرزە كەمترین یاریی دۆڕاندووە كە تەنیا 4 شكستی هاتووەتە ڕێ، لە بەرامبەردا جەوییە تاكە یانەیە لەم وەرزە تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە.
هەولێر لەم وەرزە بە كۆكردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت، لە بەرامبەردا قوە جەوییە بە 69 خاڵ لوتكەی خولەكەی گرتووە.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ، هێرشبەری ئۆزبەكستانی هەولێر بە 22 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی خولەكەی گرتووە، لە لایەكی دیكەوە جەوییە خاوەنی دوو بەهێزترین گۆڵكارە لەم وەرزە كە پێكهاتوون لە محەمەد جەواد 10 گۆڵی هەیە، عیسام سوبحی هێرشبەری عومانی 9 گۆڵی كردووە.

دهۆك دەیەوێت برینەكانی بە غەراف سارێژ بكات
ئەمڕۆ یەكشەممە دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی لە كاتژمێر 5:00ـی ئێوارە رووبەڕووی یانەی غەرافی نوێنەرەكەی شاری ناسریە دەبێتەوە، ئەم یارییە لە كاتێكدایە لە قۆناغی یەكەم لە یارییەكی دراماتیكی و پڕگۆڵ دا، دهۆك بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەكەی لە هەڵۆیەكانی بادینان بردەوە.
دهۆك لەم وەرزە بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت و 3 راهێنەری گۆڕیوە، لە دوایین حەوت یاری، 5 یاری دۆڕاندووە و تەنیا یەك سەركەوتنی تۆمار كردووە، دهۆك لەم وەرزە لە كۆی 29 یاری 10 بردنەوە و 12 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 37 خاڵ لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت.
لە بەرامبەردا یانەی غەراف لە سەرەتای ئەم مانگە راهێنەرەكەی گۆڕی و لە كۆی 29 یاری، 10 بردنەوە و 13 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 36 خاڵ لە خانەی سێزدەیەمی ریزبەندی دێت.
بەهێزترین چەكی یانەی غەراف، یاریزانی پیشەگەری نێجیری كینگسلی فیدلیس كوكوە كە ئەم وەرزە لە دوای شێرزۆد تێیمیرۆڤ خاوەنی زۆرترین گۆڵە كە تێیدا 16 گۆڵ و 3 ئەسیستی كردووە. لە بەرامبەردا پیتەر گۆرگیس بەهێزترین چەكی دهۆكە و 12 گۆڵی تۆمار كردووە.

زاخۆ دەیەوێت دیسان كارەبای بەغدا ببڕێت
ئەم یارییە ئەمڕۆ یەكشەممە لە كاتژمێر 7:30ـی ئێوارە لە نێو یاریگەی زاخۆ دەكرێت، لە قۆناغی یەكەم كارەبای شاری بەغدا بەرامبەر زاخۆ تووشی شكستێكی گەورە بوو كە تێیدا یارییەكەی (3 ـ 0) دۆڕاند.
یانەی زاخۆ پێش ئەوەی ئەم یارییە بەرامبەر كارەبا بكات لە چامپیۆنزلیگی كەنداو بەرامبەر شەبابی سعوودیە بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان دۆڕا و لە قۆناغی پێشكۆتایی ماڵئاوایی كرد.
زاخۆ ئەم یارییە لە كاتێكدا دەكات 55 رۆژە لە نێو یاریگەی خۆی هیچ سەركەوتنێكی بەدەستنەهێناوە، دوایین بردنەوەی بەرامبەر غەراف بوو پێش نزیكەی دوو مانگ.
زاخۆ بە راهێنەرایەتی ئەیوب ئۆدیشۆ لە كۆی 28 یاری، 13 بردنەوە و 7 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 47 خاڵ لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت و یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر مینا هەیە.
لە بەرامبەردا كارەبا ئەم وەرزە بە دۆخێكی خراپ گوزەر دەكات و هەڕەشەی دابەزینی بۆ خولی نایابی عێراق لەسەرە، بەوپێیەی بە كۆكردنەوەی 27 خاڵ لە خانەی حەڤدەیەمی ریزبەندی دێت.
كارەبا بۆ یارییەكەی ئەمرۆ بەرامبەر زاخۆ یەكێك لە چەكە كاریگەرەكانی لەدەستداوە ئەویش یانیك زاكری ناوەراستكاری كۆتدیڤوارییە.