رۆژنامەی ھەولێر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕێکارە نوێیەکانی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند

ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمەڵێک ڕێکار وڕێنمایی نوێی سەبارەت بە پڕۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران بۆ ساڵی 2026 بڵاوکردەوە، کە تێیدا وردەکاریی تۆمارکردنی نەوە نوێیەکان و گۆڕانکارییەکانی

تایبەت بە دەنگدانی گشتی و تایبەت خراونەتە ڕوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن، ئەم ڕێکارانە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕکراونەتەوە:

یەکەم: تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ، کۆمسیۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەکە هەموو ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە تا ساڵی (2008) لەدایکبوون. هەروەها ئەو دەنگدەرانەشی کە لە دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیان نیشتەجێن، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. ئەمە جگە لەو کەسانەی کە پێشتر ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە یان بۆ یەکەمجارە ناویان تۆمار دەکرێت.

دووەم: ڕاستکردنەوەی زانیارییەکان و سڕینەوەی ناوی مردووان ڕێگە دەدرێت بە چاککردن و ڕاستکردنەوەی ناوی دەنگدەران (ناوی سیانی و ناوی دایک و بەرواری لەدایکبوون) لەسەر بنەمای بڕیاری دادگا. هەروەها بۆ خاوێنکردنەوەی لیستی دەنگدەران، ناوی ئەو کەسانەی کۆچی دواییان کردووە لە لیستەکە دەسڕێتەوە، بە مەرجێک بەڵگەنامەی فەرمیی مردن پێشکەش بکرێت.

سێیەم: گۆڕانکاری لە دەنگدانی گشتی و تایبەت سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی سەربازی، ڕێنماییەکان بەم شێوەیەن:

-کارمەندانی سەربازی دەتوانن دۆخی دەنگدانیان لە “گشتی”یەوە بگۆڕن بۆ “تایبەت” بە مەرجێک ژمارەی ئامارییان هەبێت.

-ئەو سەربازانەی خانەنشین بوون یان لە خزمەت دابڕاون، دەتوانن دۆخی خۆیان لە”تایبەت”ەوە بگۆڕن بۆ “گشتی” بە پێشکەشکردنی ناسنامەی خانەنشینی یان فەرمانی کارگێڕی.

چوارەم: گواستنەوەی شوێنی دەنگدان کۆمسیۆن جەختی کردووەتەوە کە لەم قۆناغەی تۆمارکردنی بایۆمەتریدا، گۆڕینی شوێن لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە یان لە ناوخۆی پارێزگادا ئەنجام نادرێت. ئەم پڕۆسەیە تەنیا لە قۆناغی “نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران” کە پێش هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەردەست دەبێت.

 کۆمسیۆن داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ بنکەکانی تۆمارکردن، ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆیان ببەن:
1. کارتی نیشتمانی (یان ڕەگەزنامە و پێناس)
2. کارتی زانیاری.
3. فۆرمی خۆراک.