رۆژنامەی ھەولێر

یادی ڕۆژنامەگەریی و گەشەی ئەدەبی کوردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ئەگەر یادی ڕۆژنامەگەریی هەر وڵاتێک بایەخی ڕۆژنامەوانی و زمانیی و ژیاریی هەبێت، ئەوا لای ئێمە پرسەکە جۆرێکی دیکەیە و جگە لەو بایەخانە، کۆمەڵێک لێکەوتی گەلێک فراوانتری هەیە و لە چەندین لایەنی دیکەوە بۆ ئێمەی کوردی گرنگی هەبووە.

هەر بۆیە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی تەنها یادێکی ئاسایی و ڕاگوزەر نییە، بەڵکو یادێکە جگە لە لەدایکبوونی ڕۆژنامەگەریی، هاوکات دەرفەتێکە بۆ گەشەکردنی زمان و ئەدەبی کوردی، دەرفەتێک بۆ کردنەوەی دەرگایەک بۆ لەدایکبوونی پەخشانی کوردی و زمانی پەخشانی کە تا ئەوکاتە زۆر بەکەمی تێکستی پەخشانی کوردی هەبووە. ئەمە بێجگە لەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕۆڵی لە لەدایکبوونی یەکەم چیرۆکی کوردی و ڕۆمانی کوردیدا هەبووە.
میران ئەبراهام لە ڕۆمانی “بانگی ئازادی”دا تیشکێک دەخاتە سەر مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یەکەم چاپخانەی کوردی لە میسر کە ڕۆژنامەی “کوردستان”ی لێ چاپ دەکرێت. ئەبراهام لەو ڕۆمانەدا گەڕاوەتەوە بۆ مێژوویەک، کە کۆمەڵێک مرۆڤ بە عەشقی وشەی کوردی و زمانی کوردییەوە قوربانیان داوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە فەوتان و داگیرکردن بپارێزن. ئەو سەرەتایە کۆمەڵێک مرۆڤی “عاشقەوشە” سەر ڕێیان خست بووە هەوێنی بەردەوامی زمانی کوردی و گەشەکردنی ئەدەبی کوردی و ئەم گەشەکردنە تا هەنووکەش بەردەوامە.
بەر لە لەدایکبوونی ڕۆژنامەگەریی کوردی ئەدەبی کوردی، یان ئەدەبێکی میللی بووە و لەسەرزاری خەڵک بووە، یان ئەدەبێک بووە لەنێو پەڕاو و تیانووسەکاندا لەنێو حوجرە و کتێبخانە تایبەتەکاندا چاوەڕوانی خوێنەر بووە، نەک ئەدەبێک بووبێت بتوانرێت هەموو خوێنەرێک دەستی پێی بگات. واتە لەدایکبوونی ڕۆژنامەگەریی کوردی هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بووژانەوەی ئەدەبی کوردی و گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی تێکستی نووسەرانی کورد و گەیشتنی بە زۆرترین خوێنەر. ئەگەرچی گەشەکردنەکە لەسەرەتاوە کەمێک هێواش بووە، بەڵام بناغەیەک بووە بۆ ئەوەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری جۆراوجۆر بە زمانی کوردی بڵاو بکرێنەوە، کە دیارترینیان هەوڵە گرنگ و بەبایەخەکەی پیرەمێردی نەمر بووە کە ڕۆژنامەی “ژین، ژیان”ی دەرکرد، کە گرنگی زۆر بە ئەدەبی کوردی و بڵاوکردنەوەی تێکستی نووسەرانی ئەو قۆناغە داوە و لەێوە کۆمەڵێک دەنگی نوێی ئەدەبی دەرکەوتن، کە دواتر گەشەی زیاتریان کرد. هاوکات بڵاوکردنەوەی گۆڤاری “گەلاوێژ” لەلایەن “ئیبراهیم ئەحمەد و عەلادین سەجادی”یەوە لە 1939 ـەوە، کە بۆ ماوەی دە ساڵ بەردەوام بوو یەکێکی ترە لە وەرچەرخانەکانی ئەدەبی کوردی لەڕێی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە. لە گۆڤاری گەلاوێژدا جگە لە بایەخدان بە نووسینی کوردی هاوکات پرۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبی سەرڕێ خرا و ئەمەش خاڵێکی دیکەی گرنگە بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی کە دەستی لە پێشخستنی پرۆسەی وەرگێڕاندا هەبووە، هاوکات گۆڤاری گەلاوێژ جگە لە بایەخدان بە شیعر، بایەخێکی زۆر بە بڵاوکردنەوە و وەرگێڕانی چیرۆک داوە، کە ئەمەش خاڵێکی دیکەی درەوشاوەیە بۆ گەشەکردنی هەم چیرۆکی کوردی و هەم زمانی پەخشانی کوردی، کە تا ئەوکات زمانی کوردی زمانێکی شیعریی بووە و کەمتر تێکستی پەخشانی پێ بەرهەم هێنراوە.
یادی رۆژنامەگەریی کوردی، یادێکی مەزن و کاریگەرە و تەنها یادی گەشەکردنی ڕۆژنامەگەریی و زمان و ژیارەکەمان نییە، بەڵکو ئەدەبەکەشمان بە هەموو لقەکانییەوە لە کانیاوی ڕۆژنامەگەریی لەوکاتەوە ئاو دەخواتەوە و لێی بەهرەمەند دەبێت، کە ئەمەش هێزێکە بۆ زیندووهێشتنەوەی زمان و کولتوور و ئەدەبی کوردی.
وەک یادخستنەوەیەک ڕۆژنامەی “کوردستان” یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو، کە ژمارەی یەکەمی لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ بە تێکۆشانی میقداد میدحەد بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرە چاپکرا.
پیرۆزە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕۆحی هەموو ئەوانە شاد بێت کە ڕۆژانێک بە عەشقی وشەی کوردییەوە خزمەتی زمان و ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی کوردییان کردووە.