محمد لادێ – ههولێر
لە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا، پڕۆژەی “باخچەکەی نێمۆ” لە وڵاتی ئیتاڵیا سەرکەوتنی گەورەی لە چاندنی ڕووەک لە ژێر ئاوی دەریادا بەدەست هێنا. ئەم پڕۆژەیە پشت بە چەند شووشەگومەزێکی شەفاف دەبەستێت کە لە قووڵایی دەریادا جێگیر کراون.
ئەم کێڵگە دەریاییانە سوود لە پلەی گەرمای جێگیری ژێر ئاو و پرۆسەی هەڵمکردنی سروشتی دەگرن بۆ دابینکردنی ئاوی شیرین، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ئاودێری یان بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەری کیمیایی هەبێت، چونکە ژینگەی ژێر دەریا لە مێرووە زیانبەخشەکان پارێزراوە.
پسپۆڕانی کشتوکاڵی پێیان وایە ئەم داهێنانە دەبێتە فریادڕەس بۆ ئەو ناوچانەی خاکی بەپیتیان کەمە یان گیرۆدەی وشکەساڵین. ئەم سەرکەوتنە زانستییە دەریخست کە دەریاکان تەنها سەرچاوەی ماسی نین، بەڵکو دەتوانن ببنە گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەی پاکوپوختە بۆ لەمەولا.

