پیرۆزباییەك، بەڵام درەنگ وەخت ڕامان. یان هەقیقەت

شێرزاد عەبدولڕەحمان

هەموو ژمارەیەك كە (ڕامان) دەبینم، دەڵێم ئۆخەی، ئۆخەیەك بۆ ڕۆژنامەنووسیی كوردی كە بووە بە خاوەن گۆڤارێك، بەڵام هەر گۆڤارێكی هاكەزایی نا، گۆڤارێك كە ڕووی هەیە بچێتە بەر باخەڵی كوڕگەلی تامەزرۆی ئەم وڵاتە تێنووە بە عەشقی وشە، گۆڤارێك كە بە قەناعەتەوە دەڵێم: دوای (گەلاوێژ) موژدەبەخشی دنیای بێگەردی كولتوورە.

ئۆخەیەكیش كە كورد گەیشتۆتە ئەو حاڵەتەی شارستانیانە پەرە بە بزاڤی ڕۆشنبیریی خۆی بدات و لە قاوغە تەسك و هەرە تەقلیدییەكان دەرچێت، ئەو قاوغە تەقلیدییانەی مێشك و دڵیان كون كردین و ڕەنگیان هەڵێنا، كەچی ئێمەمانان ناتوانین دەستبەرداری ئەو كڵێشە مۆمیاكراوانە بین!!
بەرانبەر بە (ڕامان) دەڵێم، پێویستی بە كۆڕ و كۆبوونە و ڕا وەرگرتن نییە، چونكە كچێكی هێندە باڵادرێژ و ناسكە كە زۆر بە زەحمەت پیر دەبێت و كارێكی ئاسان نییە جوانییەكەی بە هەزار (پەچە و عەبا) بشاردرێتەوە!
دەترسم لەوە زیاتر بە خۆشەویستیی (ڕامان)دا هەڵبڵێم، ڕقیشم لەو پیاهەڵدانە و هەموو جۆرە پیاهەڵدانێكە، ئەگەرچی پیرۆزبایییەكەم بۆ هەندێ كات دواكەوت، بەڵام هەر دەبوو بیڵێم، هەر دەبوو بڵێم: ڕامان. هەقیقەتە!

  • لە کاتی خۆی خوا لێی خۆش بێت (شێرزاد عەبدولڕەحمان)ی ڕۆژنامەنووس لە سەردانێکیدا بۆ ئۆفیسی گۆڤارەکەمان ئەو کورتە نووسینەی خۆی بۆ هێناین، کە پیرۆزبایی بوو بە بۆنەی دەرچوونی گۆڤارەکەوە، هەر ئەو ڕۆژە دوا ژمارەی گۆڤارەکەمان، کە زۆر نەبوو دەرچووبوو بە دەستەوە گرت و خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی بوو، لەو کاتەدا وێنەی گیرا، چەند ڕۆژێکی پێ نەچوو هاتەوە لام (لە باڵەخانەی سەنتەری میدیا، نهۆمێک لە سەرووی ئێمەوە بوو)، گوتی ئەو کورتە وتارە تێنوێتی ناشکێنێ، بڕیارم دا وتارێکی تێروتەسەلتر لە بارەی گۆڤارەکەتانەوە بنووسم، ئەویان پشتگوێ بخەن، ئەوەبوو ئەو وتارەم لە ئەرشیڤی ڕامان هەڵگرت، دوایی وتارەکەی دیکەی بە ناوونیشانی: (لە ساڵوەگەڕی گۆڤارێک کە پیر نابێت!) بۆمان نارد، کە لە ژمارە (232)ی گۆڤارەکەماندا بڵاومان کردەوە، وا ئەمڕۆش ئەو کورتە وتارە بڵاو دەکەینەوە کە لەوساوە لە ئەرشیڤی گۆڤارەکەماندا هەڵگیرا بوو.

(ڕامان)

ھەواڵی زیاتر