کاریگەری نه‌رێنی به‌ مانشێتکردنی ڕووداوە دڵتەزێنه‌كان

ڕێژین قاسم محمود

سۆشیال میدیا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە خەڵکە جیاوازەکانی جیهان کۆدەکاتەوە و توانای کارلێک کردنیان پێدەدات،هەروەها ڕێگە بەپەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی نوێ دەدات، ئێستا سۆشیال میدیا دەتوانێت وەک بەشێکی جیانەکراوەی ژیانمان لەگەڵمان بێت لە هەموو شوێنێک. وەک ئامرازێکی بەکاریدەهێنین بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکانی جیهان، بۆ گەیشتن بە ناوەڕۆکی چێژبەخش، بۆ هاوبەشکردنی ژیانمان، بۆ سەیرکردنی ژیانی کەسانی دیکە نزیکەی نیوەی ژیانی ڕۆژانەمان لە سۆشیال میدیا بەسەر دەبەین. کاتێک دەڵێین هاوبەشکردنی وێنە لە ئینستاگرام، باسکردنی کارنامە لە تویتەر، قسەکردن لەگەڵ هاوڕێیان لە فەیسبووک، سەیرکردنی ڤیدیۆ لە یوتیوب، دەتوانین نزیکەی ١٨ کاتژمێر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە سۆشیال میدیا بەسەر ببەین لە ڕۆژێکدا.لە ئەنجامدا سوود و زیانەکانی سۆشیال میدیا دەبێتە بابەتی مشتومڕ. لە کاتێکدا هەندێک لە توێژینەوە زانستییەکان باس لەوە دەکەن کە سۆشیال میدیا سوودی هەیە، هەندێکی تر دەڵێن سۆشیال میدیا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە.

لێکۆڵینەوەی بێشومار هەیە لەسەر کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر ئێمە لە ڕوانگەی جیاوازەوە. ئەو ڕاستییەی کە ناتوانین ئینکاری بکەین ئەوەیە کە سۆشیال میدیا بووە بە بەشێکی حەتمی ژیانمان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وازهێنان بۆ زۆربەی دانیشتوانی مرۆڤ بژاردەیەک نییە، بژاردەی ماوەتەوە ئەوەیە کە فێری چۆنیەتی بەکارهێنانی ببن.
بەڵام هەندێک جار دەتوانین لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیادا زۆر دوور بکەوینەوە،چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونمان جێدەهێڵێت. ڕۆژانێک نەبووە کە تۆ پێش خەوتن پشکنینێک نەکەیت بە سۆشیال میدیادا، هەواڵێکی ناخۆش کە دەیبینیت وا دەکات خەوت لەدەست بدەیت، یان کاتێک بەیانیان یەکەم شت لە خەو هەڵدەستیت و بە سۆشیال میدیادا سێرچ دەکەیت لەکاتی گەڕان بە سۆشیال میدیا، کاتژمێرەکان تێدەپەڕن. باشە کاتێک ئێمە زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا دەکەین،ئایا تائێستا بیرت لە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لەسەر تەندروستی دەروونیمان کردۆتەوە،سۆشیال میدیا بەتایبەت کاتێک زۆر بەکاردێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونیمان دەبێت.
هەرچەندە لە ئێستادا ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن تا دێت ڕوو لە زیاد بوون دەکات و بەتایبەت کوشتنی ئافرەتان و ناچارکردن بەخۆکوشتن لە ئاستێکی بەرز دایە،ڕووماڵکردنی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن بوون بە سەردێر و مانشێتی هەموو ڕۆژێکی هەواڵەکان لە کوردستان لە سۆشیال میدیادا بە فراوانی بڵاو دەکرێنەوە ئەم هەواڵانە کاریگەریەکی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر تەندروستی دەروونی و هاندانێک بۆ تاوانی کوشتی و کردەی خۆکوژی بەداخەوە کە لەم ڕێگایەوە کاریگەریەکە دەگوازرێتەوە بۆ بینەری ئەم جۆرە هەواڵانە دەبنە هۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن، ڕێگە بۆ تاکەکانی تری کۆمەڵگا خۆش دەکات و بەرچاوڕوونیان پێدەدات بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە،هەروەها لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ئافرەتان دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و گرنگی بە تەندروستی دەروونی تاکەکان بدەن، ناوەڕۆک و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکان دەبێت نیشانی کۆمەڵگە نەدرێت بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەداخەوە هەواڵی ناخۆش خەریکە دەروونمان تێک دەشکێنێت.
توێژینەوەیەک کە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە ئاشکری کردووە کە ئەو هەواڵە ناخۆشانەی لە مانشێتی هەواڵ و ڕۆژنامەکاندا بڵاودەکرێنەوە، کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە.توێژینەوەکە لەسەر گروپێک ئەنجامدراوە کە هەمان بارودۆخی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەی مەزاجیان هەبووە،بە سەیرکردنی سەردێری هەواڵی ١٥ خولەکی دەرکەوت کە هەواڵی ناخۆش کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دەروونی کۆمەڵگا هەبووە.
هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تری هەواڵی گۆڤاری تەندروستی،کە لە توێژینەوەکەدا لەسەر گروپێکی تر ئەنجامدراوە لە هەمان بارودۆخی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەی میزاجیان هەبووە،بە بەراوردکردنیان لە سەردێری هەواڵی ١٥ خولەکی، دەرکەوتووە کە باری دەروونی خەڵک بەپێی سروشتی هەواڵەکان جیاوازە جا هەواڵی کوشتن،یان ڕووداوی هاتووچۆ یان هەواڵێکی تری ڕاچڵەکێنەر.. لە کاتێکدا توێژەران هەواڵەکانی وەک کوشتن، ڕفاندن، دزی، ئاگرکەوتنەوە، ڕووداوی هاتووچۆ، برینداربوون، دەستدرێژی بە “خراپ” وەسفکردووە، دەڵێن ئەو هەواڵانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر مرۆڤەکان هەبووە.
توێژینەوەکە ئەو ڕاستییەی دەستنیشانکردووە کە هەندێک کەس کە کێشەی دەروونییان هەیە، بەکاریگەریی هەواڵە بڵاوکراوەکانیش مامەڵە دەکەن واتە دووبارەی دەکەنەوە.
لە لێکۆڵینەوەکانی زانایانی بەریتانیادا، ئەو جۆرە هەواڵانەی کە مرۆڤ دڵخۆش دەکات ئاماژەی پێکراوە، هەواڵەکان لەسەر بابەتەکانی وەک داهێنان، سروشت، سەفەر، بۆنە کولتوورییەکان، فێستیڤاڵەکان و خۆشەویستی ئاژەڵان کاریگەری ئەرێنییان لەسەر مرۆڤەکان هەبووە و ڕێگەیان بە مێشک داوە پشوو بدات.
تەنانەت کۆمێنت و زمانی زبری هەواڵ داڕشتن کە شەرعیەت دەدەن بە توندوتیژی ئەو زمانەی کە بەکاری دەهێنین، پڕۆژەی بیرکردنەوەی دەروونمانە. بەکارهێنانی زمانێکی دروست لە ڕاگەیاندندا، ڕێگەیەکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی. لەکاتی دروستکردن و داڕشتنی هەواڵدا پێویستە هۆشداری لە زمانی هەواڵەکان لەبەرچاو بگیرێت. زۆرگرینگە میدیاکاران و ڕۆژنامەوانان ووریاتر و بەرپرسیارانەتر ڕەفتاربکەن لە داڕشتن و ڕووماڵکردنی ڕووداوە خوێناویەکان،چونکە بەکارهێنەران لە هەردوو ڕەگەزن و لە تەمەنی جیاوازدان و ئاستی ڕۆشنبیریان جیاوازە دەبنە بینەری ڕووداو و هەواڵەکان، بۆیە گرینگە ووریاتر بن. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕێگەخۆش نەبێت بۆ زیاتر بوونی ڕووداو و تاوانەکان. زۆرپێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەگشتی کاربکەن و بەدواداچوونی جدی بکەن بۆ بابەتەکان و لەگەڵ کەیسەکاندا بڕۆن و کێشەی هەموو تاکێک هەموو ئافرەتێک بە کێشەی خۆیان بزانن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکەن. ئەرکی هەموو لایەنێکە ئەم تەوژم و ڕووداوە خوێناوی و جەرگ بڕەکان کۆتایی پێبهێنین و کاریان لەسەر بکەن ئەمەش بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خۆبەرپرسکردن لەم تاوانانەیە، نەک بێدەنگ بوون لێیان،چونکە بێدەنگی وای کردوە، کە تاوانەکان ساڵ بەساڵ لە ھەڵکشان و بەرزبوونەوەدابن، ئەو بێدەنگییە وایکردووە تاوانەکان ئاسایی ببنەوە و رۆژانە داھێنان لە سوکاتی و کوشتنی ئافرەتاندا دەکرێت و بە ئاسانی و ئاسایی تێدەپەڕن!

ھەواڵی زیاتر