شاعیر و ڕۆژنامەنووس دەریا قادر ناسراوە بە دەریا خۆشناو، لە ڕانیە لەدایک بووە و کچی بنەماڵەی کوردپەروەر و بنەماڵەی شۆڕشەکانی کوردستانە، باوکی بە قادر خۆشناو ناسراو بوو. لەساڵی ١٩٩٩ دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، هەروەها یەکێکە لەشاعیرە دیارەکان کە خاوەنی چەندین شیعری نیشتیمانی و دڵدارییە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە شیعرەکانی خۆی بە هۆکاری تایبەت چاپ بکات. هونەرمەندە لەبواری نیگارکێشان و نواندنی دراما و سینەمادا، هەروەها موزیسیانی ئامێری چەلۆیە. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا لەگەڵ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: هەر نووسێنێک بزانم بۆ وڵاتەکەم سوودی هەیە، لەزمانەکانی ترەوە دەیهێنم و وەریدەگێڕمە سەر زمانی کوردی.
باسێکی ژیان و ئەزموونی خۆت دەربارەی کاری نووسین و میدیایی بکە؟
من ماوەی ٢١ ساڵە کوردستانم بەجێهێشتووە و لەنەرویج دەژیم، ڕاستە لێرە دەژیم، بەڵام دڵ و ڕۆح و گیانم لەکوردستانە. من کەسێکی کوردپەروەر و نەتەوەخواز و سەربەخۆخوازم، من هەموو هەوڵ و تەقەلایەکم بۆ ئەوەیە کە وڵاتێکم هەبێت و لەناو نەخشەکانی جیهاندا بەشانازییەوە بڵێم ئەوە وڵات و ئاڵای منە. نووسینەکانم لەبواری لێکۆڵینەوەیە، گوتارە، هەر شتێک بزانم بۆ وڵاتەکەم سوودی هەیە، لەزمانەکانی ترەوە دەیهێنم و وەریدەگێرمە سەر زمانی کوردی، هونەرمەندم و لەساڵی ١٩٩٤ دەستم بە ژەنینی ئامێری چەلۆ کرد، بەڵام ماوەیەک لێی دابڕام. هەروەها هونەرمەندی بواری نواندنم لە بواری سینەما و درامادا. لە ئێستادا وەکو میوزیکژەن ماوەی ٣ ساڵە دەستم بە ئامێری مۆسیقا کردەوە، لە نەوریج لە زۆربەی کەناڵەکانی ئەو وڵاتە کاری ئەکتەریم کردووە. من ئەندامی حزبی پارێزگارانی نەرویجم، کە تاکە حزبە پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرد، هەر لەبەر ئەوەش بوو کەمن بوومە ئەندامیان، ئەمساڵیش کاندیدیان بووم بۆ شارەوانی. لەساڵی ١٩٩٩ وەکو ڕۆژنامەنووس دەستم بەکارکردن کرد، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانم، ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانیم، ئەو سەفەرەی ئێستاشم بۆ کوردستان بەهۆکاری بانگهێشتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە وەکو ڕۆژنامەنووسێک لەدەرەوە بۆ دیداری ڕۆژنامەوانی ٢٢ی نیسان. من کاری ڕاگەیاندن دەکەم و ماوەیەک بێژەر بووم لەکەناڵێکی ئەنتەرنێتی بەزمانی کوردی، کە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشی ژینا هەڵگیرسا، دیارە ئەو کاتە زۆر کەس هەوڵی خۆی دەدا کە جێپەنجەی دیار بێت، منیش وەکو کوردێک حەزم کرد وەکو خۆبەخشێک بەشداربم، بۆیە وەک خۆبەخش لەو کەناڵەدا هەواڵەکانم دەخوێندەوە. بەر لەوەی بچمە دەرەوەی وڵات لەبواری جیاجیادا کارم کردووە بەڵام وەکو بێژەر کارم نەکردووە. هەروەها لەبواری خوێندندا، من دەرچووی بەڕێوەبەری ئابووری لەزانکۆی ئۆسڵۆ ساڵی ٢٠١٥ تەواوم کردووە، ئێستایش ساڵی کۆتاییمە لە زانستی ڕۆژنامەگەری ڕۆژنامەگەری، هەروەها فۆتۆگرافیش، ئەوە خوێندنێکە کە هەمووی بەیەکەوەیە، دەتوانی تۆ بەتەنیا هەم ڕۆژنامە بخوێنی هەم فۆتۆگرافی بخوێنی، بەڵام من وام کردووە کە پێی دەڵێن پەکە، کە ئەمساڵ ساڵی کۆتاییمە.
کاری ڕۆژنامەنووسی، کاری یەکەمی تۆیە؟
نەخێر، من سەرەتا لە هونەرەوە دەستم پێکرد، من وێنەکێش بووم و تابلۆم دەکێشا، حەزم لەخوێندنەوە بوو هەمیشە لەتەمەنی ٧ بۆ ٨ ساڵی، یەکەم ڕۆمانم خوێندەوە کە ڕۆمانەکە لە توانای خۆم نەبوو، ڕۆمانەکە بەناوی “قەڵای جانەوەران” لەنووسینی جۆرج بوو، چونکە هیچی لێ تێنەدەگەیشتم، بەڵام خوێندمەوە، بۆیە خوێندمەوە چونکە منداڵ بووم و ڕۆمانەکە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، دواتر بۆم ڕوونبووەوە کە ئەو ڕۆمانە لەسەر سیاسەتی ڕووسیای دەکرد، کاتێک گەورەبووم تێگەیشتم کە ئەو ڕۆمانە باسی چی دەکات، لە ئامادەیی نەرویج، ئەوکاتەی لەئامادەیی بووم و ساڵی کۆتاییم بوو، سوتفەیەکی سەیر بوو کە بۆم هاتەوە و دەبێت من لەسەر ئەو ڕۆمانە بنووسم بە ئینگلیزی، ئەوەش بۆمن هەم سوتفەیەکی جوان بوو، هەمیش زانیاریم لەسەر ئەو ڕۆمانە هەبوو کە بە منداڵی خوێندبوومەوە. دواتریش لەبواری هونەردا لەتەمەنی ٨ ساڵی کە وێنەم دەکێشا، دواتر لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستم بە هونەری شانۆ کرد، لە شانۆگەری و چالاکی قوتابخانەکان بەشداریم دەکرد.
ئەو کۆڕە شیعرییەی کە لەلایەن دەزگای کولتووری یاد بۆت ڕێکخراوە، دەتەوێ چی پێشکەش بکەیت؟
دەمەوێ ئەو شیعرانەی نووسیومە لە چوار پێنج ساڵانەی کۆتاییدا پێشکەشی بکەم، نووسینەکانم هەمووی هەستەکانی خۆمە لە قالبێکی شیعریدا، واتە هەموو شیعرەکانم خەیاڵ نییە، بگرە هەم خەیاڵە، هەمیش باس لە هەستەکانی خۆم دەکەم لەقالبێکی شیعریدا، دەکرێ بڵێم نووسینەکانم یەک بەشە لەچوار بەشی تر، من لە ٢٠٠٠ەوە شیعر دەنووسم، بەڵام لەو بڕوایەدام کە پێویستیان بە پێداچوونەوە و ڕێکخستن بێت، چونکە من شیعرەکانم نووسیوە و دامناوە، کاتی ئەوەم نەبووە چاپیان بکەم و بیدەمە کەسێکی شارەزا تا پێداچوونەوەی تێدا بکات، ئینسان کە وڵات دەگۆڕێت، وەکو ئەوە وایە تازە لەدایک دەبێتەوە و لە سەرەتاوە دەست پێدەکەیەوە، ژیانێکی تازە، هەوای تازە، زمانی تازە، تۆ هیچ شتێک نازانیت و دەکەویتە ناو بەحرێک دەبێ خۆت رزگار بکەیت، ئەگەر مەلەت نەکرد دەخنکێیت، بۆیە زۆر سەختە، هەر لەبەر ئەوەشە کە من زۆر پڕۆژە هەبووە لە خەیاڵمدا نەمتوانیوە جێبەجێیان بکەم.
گەر باسی میدیا بکەین،، تۆ حەزی تایبەتی خۆت هەبووە بۆ کاری میدیایی؟
من بەدڵنیاییەوە حەزم لەکاری میدیایی هەبووە، لە دەزگایەکان کەم و زۆر کارم کردووە، بەڵام وەکو دەرکەوتن دەرکەوتنی تەواوم نەبووە، بۆیە زۆرم حەزم لەکاری میدیایی کردووە، هەم وەکو ئەوەی هیوایەتەکانی تێدا بەرجەستە بکەم، هەمیش حەزی خۆم بووە.
وەکو چاپکراو چیت هەیە؟
من وەکو پێشتریش گوتم نەمتوانیوە چاپ بکەم، چونکە تەواوی ئەو چەند ساڵە خەریکی خوێندن بووم، هەروەها ژیانی خێزانیم هەیە، کە ژیانی خێزانیم ژمارە یەکە لای من، من یەک منداڵی کچم هەیە، کە دەبێ زۆرینەی کاتەکانم لەگەڵ ئەودا بەسەر بەرم، چونکە کە ئینسانێک دێتە سەر دونیا تۆ بەرپرسی بەرامبەری، هەتا ئەو ڕۆژەی کە ئینسان لەژیان دایە، من وەکو دایکێک بەرپرسم بەرامبەری، بۆیە هەموو شتێک ئارەزوو و حەزە، تۆ کە حەزت لە شتێک بوو بەرنامەی بۆ دادەنێیت، بۆیە دەبێ هەندێکجار زۆر ماندوو بیت، بەڵام کە ئەنجامێکی پۆزەتیف لەکارەکانت دەبینی ئەوا ماندوێتیەکەت دەڕەوێتەوە، بەبڕوای من هەر شتێک بتەوێ بیکەی بەبەرنامە بێت دەتوانی ئەوەی بتەوێ جێبەجێی بکەیت.
پێت وایە ئەرکی ڕۆشنبیر و ئەدیب و شاعیر و ڕۆژنامەنووس بەرامبەر بەوڵاتەکەی چییە؟
نەک ئەوانەی باست کرد، بەڵکو ئەرکی هەموو تاکێکە بەرامبەر بە وڵاتەکەی خۆی وەفادار بێت، چونکە تۆ گەر وڵاتت نەبێت ئاسمانیشت نییە، گەر ئینسان وڵاتی نەبێت واتە بوونی نییە، هەتا ئینسان نەچێتە دەرەوەی وڵات هەست بەبێ وڵاتی خۆی ناکات، تا لێت نەپرسن تۆ خەڵکی کوێیت کە لەم پرسیارەدا گێژ دەخۆیت نازانی چی وەڵام بدەیتەوە، بۆیە ئەرکی هەموو کەسێکە بەتایبەت ئەوانەی کە خاوەن قەڵەمن وەکو نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند، کە ئەوان ئەرکەکەیان زۆر قورسترە بەرامبەر بەوڵات کە دەبێ پابەند بن بە خاک و وڵات و نیشتیمانی خۆیان، بۆمن گرینگ نییە کێ لێرە کوردستان بەڕێوەببات، بۆمن ئەوە گرینگە کە کوردستان بەڕێوەبچێت بەو پەڕی جوانی وەکو ئەوەی کە ئێستا دەیبینم، ئەو هەموو جوانی و ئەمن و ئاسایشەی کە دەیبینم، هەموو وەفدێک کە دێتە کوردستان بەوپەڕی جوانییەوە وەسفی کوردستان دەکات، بۆمن وەکو کوردێک گەورەترین شانازییە کە دەبینم ڕۆژ بەڕۆژ کوردستان زیاتر پێشدەکەوێت، من وەکو کوردێک گەر کێشەیەکیش لەوڵاتی خۆم ببینم قبووڵی دەکەم، بەڵام بۆ ئەورووپیەک یان وەفدێک کە دێت کوردستان دەبینێت و بەوپەڕی جوانییەوە باسی وڵاتت بکات، بۆ ئێمەی کورد جێگای شانازییە.
ئەو شیعرانەی پێشکەشی دەکەیت لەو کۆرەی بۆت ڕێکخراوە، شیعرەکان سیاسین یان دڵداری؟
هەموو جۆرەکانی تێدایە، خۆی شیعر زمان حاڵی ئەوانی تریشە، کاتێک شیعر دەنووسی مەرج نییە تۆ هەر لەسەر خۆت بنووسی، من ١٥٠ شیعرم هێناوە کە بەنیازم بڵاویان بکەمەوە، دەتوانم بڵێم ٨٠ تا ٩٠ شیعری نیشتیمانین، لەسەر ئاڵا و هەڵەبجە و ئەنفال و ڕێفراندۆم، هەر شتێک کەمنی هەژاندووە لەناو کتێبەکەمدا نووسراوە، من گەر بمەوێ بنووسم ڕەنگە بە سەد کتێبی وا تەواو نەبێت، بەڵام هەوڵمداوە بۆ ئەوەی خوێنەر بێزار نەبێت بەشێوازێکی شیعری بەکورتی دایڕێژم.
وەکو ئافرەتێکی شاعیر و ڕۆژنامەنووس، چی دەڵێی دەربارەی جێندەر؟
من کە ٢١ ساڵە لەکوردستان دوورم، ڕەنگە بۆمن قورس بێت کە بتوانم بەو چەند ڕۆژە هەموو شتێک ڕوونبکەمەوە، بەڵام شتی جوان دەبینم لەڕاستیدا، ئافرەت کە بتوانێت ئەو توانایەی خۆی دەربخات و بێتە پێشەوە زۆر گرینگە، ئاساییە با شەڕ بکات، با تێکۆشان بکات، ڕاستە ڕێگری زۆر هەیە، بەڵام دەبێ ئافرەت ئەو ڕێگریانە نیشان بدات و بڵێت منیش هەم، بەڵام بابەتی جێندەر لە ئەورووپا جیاوازە و ئەو کێشەیە دەمێکە چارەسەر بووە، لە ڕاستیدا گەر مووچە بەنموونە بێنمەوە لە ئەوڕووپاش ئەو کێشەیە چارەسەر نەبووە بەتەواوی، شتەکە هێندە ئاڵۆزە وا نەکراوە کە پۆلێن بکرێت بەتەواوی، لەسەر مەسەلەی جێندەر کەم کەس لەسەری دەدوێ لەڕاستیدا. لەکوردستانیش شتی زۆر جوان دەبینم کە ئەو خانمانە هاتوونەتە پێش و شتی جوان دەکەن، لەو ڕۆژانە چەندین کەسم بینی مامۆستای زانکۆیە، کە من ڕۆشتم بۆ ئەوڕووپا ئەو شتانە نەبوو، کە من ڕۆشتم دەرکەوتن لە میدیا و لە زانکۆدا کەم و دەگمەن بوو، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو خانمی زۆر زیرەک هاتۆتە پێشەوە کە ئەوە زۆر جێگای دڵخۆشییە بۆمن.
لە مینبەری (ڕۆژنامەی هەولێر)، چیت هەیە بۆ خوێنەر و هەوادارەکانت؟
من زۆر سوپاسیان دەکەم، هیوادارم هەمیشە لەشادی و ئارامیدا بژین، کوردستان هەمیشە ئاوەدان بێت، هەوڵبدەن کە بەردێکی وڵاتی خۆمان، بەهەموو دونیا نەگۆڕینەوە، چونکە تا تێنەگەی بێ وڵاتی چییە، نازانی کوردستان چی مانایەکی هەیە.