بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان: پڕۆژەی ئاوی بارزان ٨٧%ی کارەکانی تەواو بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی ئاوی بارزان، ئاوی خاوێن بۆ ٥١ گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، پڕۆژەکە لە ھەر کاتژمێرێکدا ھەزار و دوو سەد مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە سی و یەک ھەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات، بەوەش کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە بە تەواوەتی چارە دەبێت. بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: پڕۆژەکە ئێستە لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و ٨٧%ی کارەکانی تەواو بووە و لە مانگی دە کۆتایی بە پڕۆژەکە دێت و ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکات.

پڕۆژەی ئاوی بارزان، دوای سێ ساڵ وەستان دووبارە کەوتووەتەوە کار، سەرچاوەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە کە لە ڕووباری شینە لە ناوچەی باڵندا، بە تەواوبوونی دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی سنوورەکە، پڕۆژەکە ئاوی ڕووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە ڕادەی پاکی و پێکھاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت و پاشان لە ڕێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە بۆ ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، چونکە ئێستە چەند گوندێک کانی تایبەت بە خۆیان ھەیە، ئەوانی دیکە بە تانکەر ئاویان لە ڕووبارەوە بۆ دەچێت، بەڵام بەم پڕۆژەیە ئاوی تەواوی گوندەکانی سنوورەکە دابین دەکرێت.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: پڕۆژەی ئاوی بارزان بە گوژمەی سەد و سی و ھەشت ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، لە پێنج کۆگای سەرەکی و پەنجا و یەک کۆگای لاوەکیی ئاو پێکھاتووە کە لە ڕێگەی زیاتر لە پێنج سەد کیلۆمەتر بۆڕی قەبارە و شێوەی جیاواز، ئاوی خاوێن بۆ پەنجا و یەک گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆکار بۆ نەھێشتنی کێشەی کەمئاوای لە ناوچەکە.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەشڵێ: پڕۆژەکە ئێستە لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و ٨٧%ی کارەکانی تەواو بووە و دوای تەواوبوونی کە بڕیارە مانگی دەی ئەمساڵ تەواو بێت، لە ھەر کاتژمێرێکدا ھەزار و دوو سەد مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە سی و یەک ھەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، گوتیشی: سوپاسی ھەوڵ و ماندووبوونی مەلا مستەفا بارزانی، دەکەین بۆ خەمخۆری جەنابیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکە بەرەوپێشچوونێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت.

ھەواڵی زیاتر