پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق نا دەستوورییە و ئەگەر لایەنێک خۆی نا دەستووری بێت، شەرعییەت بە لایەنەکانی دیکە نادات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، د. محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق کە خۆی دادگایەکی نا دەستوورییە، ئێستا شەرعییەت لەسەر بابەتەکان دەدات و بڕیاری دەستووری بوون و نا دەستووری دەدات، بەڵگەش بۆ ئەم گوتەم هەیە. چونکە زۆربەی شارەزایانی بواری دەستوور و شارەزایانی بواری یاسایی دەزانن.
ئەو دەڵێت: “لەبەر ئەوەی ئەم دادگایە لە دوای دەرچوونی دەستووری 2005 دەبوایە بەپێی ماددەی دەستوور پێکبێندرێت، یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربچێت و بە پێی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، بەداخەوە لێرەدا نەتواندرا لایەنی زۆرینەی لایەنی باڵا دەستی عێراق کە نەیان توانی دوو لەسەر سێ بە دەست بێنن، توانییان بەزۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان هەموواریی یاسایی پێشوو بکەن بە پێچەوانەی دەستوور”.
د. محەممەد دەشڵێت: “لە ماددەی 130 دەستووردا دەڵێت، ئەو یاسانەی کە لە پێشوودا کارییان پێکراوە دەمێننەوە، پووچەڵدەکرێن یان هەمووار دەکرێن دەمێنێتەوە بەپێی یاساکانی دەستوور، واتە دەبێت هەر یاسایەک کە دەردەچێت دەبێت بە پێی یاسای دەرچووی ساڵی 2005وە دەرچێت”.
ئەو پسپۆڕە گوتیشی، دادگای فیدڕاڵی دەستەی پێشوو خۆی بڕیارێکی هەیە، دەڵێت: “نابێت هیچ یاسایەک بۆ دادگای دەستووری دەربچێت، جگە لە یاسای ساڵی1992 نەبێت، رەتیشی کردووەتەوە کەوا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان یاسا دەربچێت یاخود هەمووار بکرێت، ئیستا دادگای فیدڕاڵی بنەمای یاسایی نییە، پرسیاریش ئەوەیە ئەگەر لایەنێک خۆی یاسایی نەبێت چۆن شەرعییەت بە لایەنەکانی دیکە دەدات؟.”