بەرپرسانی عێراق ناهێڵن هەڵەبجە ببێتە پارێزگا

دوێنێ شەممە ١٦ی ئادار سی و شەش ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێپەڕی بەڵام هێشتا قوربانیانی ئەم تاوانە گەورەیە قەرەبوو نەکراونەتەوە. ساڵانە بەرپرسانی عێراق بە دروشم و قسەی بریقەدار یادی هەڵەبجەیان کردووەتەوە، بەڵام بەکردەوە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ ئەوەی چۆن قەرەبووی خەڵکی ئەو شارە بکەنەوە، تەنانەت لەمپەریان خستووەتە بەردەم پارێزگابوونی شارەکە.

ئەوەی بەرانبەر بە هەڵەبجەییەکان کرا کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوو کە دەکرا زۆر زووتر لە ئێستا وێڕای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان، حکوومەتی فیدراڵی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی بکردبایەوە.
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣ەوە هیچ هەوڵێکی جیددیان بەرانبەر بەو تاوانە نەداوە و پشتیوانی و قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە تەنیا لە چوارچێوەی دروشمە سیاسییەکاندا خولاوەتەوە و ساڵانە جگە لە ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە قوربانیان هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتە بەر و ڕێوڕەسمەکانی دوێنێکەی بەغداش لەمە زیاتر نەترازا.
هەڵەبجە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس کیمیاباران کرا و ئەرکی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقە وەک میراتگر هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و قەرەبووی ئەو قوربانییە گەورەیە بکاتەوە. حکوومەتی عێراق بۆ ئەو تاوانەی بەرانبەر کوێت کرا و کاتی خۆی سەدام داگیری کرد لانی کە پەنجا ملیار دۆلاری بەو وڵاتە دا لە کاتێکدا قەبارەی قوربانیدانی هەڵەبجە بەراورد بە قەبارەی قوربانیدانی کوێت زۆر گەورەترە و جگە لەمە خەڵکی هەڵەبجە هاووڵاتیی عێراقین کەچی قەرەبوو نەکراونەتەوە.
لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨بەهۆی هێرشی کیمیایی بۆ سەر هەڵەبجە سەرووی پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان شەهید بوون و بە هەزارانی تریش بریندار بوون. زۆرێک لە برینداران تا ئەم ساتەش بەدەست ئازاری ئەو چەکە مەترسیدارە دەناڵێنن و هێشتا کێشە دەروونییەکانیان سارێژ نەکراوەتەوە. هێرشەکە تەنیا نەبووە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاووڵاتیان بەڵکوو ژینگەی شارەکەی پیس کرد و کاریگەری خراپی بۆ سەر تەندروستی خەڵکی شارەکە جێهێشت.
دوێنێ شەممە سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بەڵگەی ستەمكاری و عەقلیەتی نامرۆڤانەی نەیارانی گەلی كوردستانە و دوای تێپەڕینی سی و شەش ساڵ بەسەر كارەساتی هەڵەبجەدا مایەی شەرمەزارییە هێشتا لەناو دەوڵەتی عێراقدا حەزی سڕینەوە و ئینكاركردنی مافەكانی گەلی كوردستان دەبینرێت.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان و ته‌واوی قوربانییانی جینۆساید و ئه‌نفال و تاوانه‌كانی ڕژێمی پێشوو له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، له‌ هه‌موو بواره‌كانیشدا باشترین خزمه‌ت بكرێن. ئەو داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان و دادپه‌روه‌ری بۆ قوربانییان جێبه‌جێ بكات.
چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجەییەکان لە حکوومەتی عێراق بریتییە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقییانە و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵکەکە و ژینگەکەی، بەڵام کێشە لەوە دایە بەرپرسانی عێراق بە قسە لەگەڵ پرسەکەن بەڵام کە دێتە سەر کردەوە نەک هەنگاو نانێن بگرە لەمپەریش دەخەنە بەردەم بەدیهاتنی مافە ڕەواکانی هەڵەبجەییەکان و خەڵکی کوردستان.
بۆ نموونە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت کەچی لەم لاوە بەرپرسانی عێراق قسەیەک دەکەن کە لە گەڵ کردەوەکانیان یەک ناگرێتەوە.
دوێنێ شەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بۆ یادی هەڵەبجە گوتی هەوڵەکانی حکوومەت بەردەوام دەبێت لە دادپەروەریی بەرامبەر ڕۆڵەکانی گەل، کە ڕووبەرووی ستەم بوونەتەوە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە پشتیوانی لە مافەکانیان دەکات. سەرۆکوەزیران باسی لەوە نەکرد لە دوو دەیەی ڕابردوودا خۆی و حکوومەتەکانی پێشوو چییان بۆ هەڵەبجەییەکان کردووە.
هاوکات قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەغدا بە پێویستی زانی قەرەبووی کەسوکاری ئەو شەهیدانە بکرێتەوە کە تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە و پشتیوانی لەوەش کرد کە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، ئەوەش وەک ڕێزگرتنێک لە شەهیدان. موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراقیش پشتیوانی لە دەرکردنی هەر یاسایەک کرد کە گەرەنتی دەستەبەری دادی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە بکات.
تا ئەم ساتە ئەوەی لە بەغدا هەبووە تەنیا قسە بووە و تاکە خەمخۆری هەڵەبجەییەکان خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی بە ئەرکی سەرەکیی خۆی زانیوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی لە شارەکە جێبەجێ کردووە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم یادەشدا ئەوەی بیر هێنایەوە کە لە لە كاتی سەردانیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواكارییانە دا كە لەلایەن پارێزگار و بەرپرسانی كارگێڕی دەڤەرەكە خرانەڕوو .

ھەواڵی زیاتر