مەشخەڵ كەوڵۆسی
پێشتر كەس باسی شینژنی نەدەكرد، ڕەنگە دەگمەن بن ئەو كەسانەی ئەو وشەیانی بەرگوێ كەوتبێت، یان بەلایانەوە گرنگ بێت. چیرۆكی شینژن، چیرۆكی نەتەوەیەكی كۆڵنەدەرە، كە تەنها لەماوەی حەفتا ساڵدا، جیهانی گۆڕی، ئاڵوگۆڕێكی وا گەورەی بە پێگەی وڵاتان كرد، ئەستەمە بۆ هەر نەتەوەیەكی تر بیریشی لێ بكاتەوە.
شینژن، ئەدرەسی سەركەوتنی گەلێكە بەرەو لوتكە. ناونیشانی دابەشكردنی جیهانە بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی گوندێك كە جگەلە ڕاوە ماسی داهێنان و داهاتی دیكەیان نەبوو، كەچی ئێستا لەسەر سفرەكەی خۆی، زلهێزەكانی جیهان كۆدەكاتەوە و، ڕكابەری مێژووی یاڵتا وماڵتا دەكات.
شینژن، تەنها گوندێكی زۆر بچوك بوو، ئەو دەمەی چەرچڵ بەیەك نوكە قەڵەم جیهانی دابەشكرد و، بڕیاریدا بەشێك لەهێزەكانی ڕووسیا سنورەكانی چین ببەزێنن و بێنە ناو خاكی چین و سەرجەم بەندەرەكانیشی بەكاربهێنن، نەپرسی بەخەڵكی چین كرد و، نە گوێیشی ئەوە ئەدا ئایا ئەم بڕیارە چەندە لەخزمەتی ئاشتی جیهاندایە.
كاتێك ئەمریكا پێشنیاری ئەوەیكرد چینیش وەكو وڵاتێكی گەورە لە كۆبوونەوەی یاڵتا بەشدار بێت، چەرچڵ لە یادەوەرییەكانیدا دەڵێت: ئەو بیرۆكەیە هەربۆ پێكەنین باشە.
كەچی دوای نزیكەی زیاتر لە حەفتا ساڵ، ئیتر گوندێكی بچوكی وەكو شینژن، عەرشی بەریتانیا دەلەرزێنێت و، سفرەیەك ڕێكدەخات، كە نەك هەر بەریتانیا بەڵكو تەواوی ئەورووپا دەخاتە پەراوێزێكی قووڵ و ترسناك، كە چیتر قسەیان لە ئایندەی جیهان بۆ ناكرێت.
لەدوای ئەو كۆنگرەیە، كۆماری میللی چین دادەمەزرێت و، ئیدی چیرۆكی سەركەوتن و گەشەو پێشكەوتنی ئەو كۆمارە، تادەگاتە ئاستی هێزێكی سۆپەرپاوەر و ئیمپراتۆریەتێك كە قسە لە ڕێكخستنەوەی جیهان بكات، دوور ودرێژە و، ناگەڕێینەوە سەری، تەنها لێرەدا دەڵێم: گوندێكی بچوكی وەكو شینژن كە وەك گوتمان پێشتر تەنها داهاتی ڕاوەماسیی هەبوو، لەئێستادا داهاتی ساڵانەی 540 ملیار دۆلارە و، بەتەنها داهاتی ئەو شینژن زیاترە لە داهاتی هەموو وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا!.
یەكەم پەیامی سەرۆك شی لە هەڵبژاردنی شینژن بۆ ئەو كۆنگرە هەرە گرنگەی كە 19ی تشرینی دووەم بەسترا، ڕوو لەخودی چەرچڵە لەناو گۆڕەكەیدا ودەیەوێت بڵێت: تاكە گوندێكی بچوكی ئەو وڵاتە گەورەیەی ئێوە بەمایەی پێكەنینتان زانی، توانی سەرجەم كیشوەری ئەورووپا بسڕێتەوە.
شینژن، لەبەرانبەر هۆنگ كۆنگ ڕاوەستاوە و خۆی بۆخۆی بووەتە پایتەختی تەكنەلۆژیا و پێشكەوتن. دیسانەوە بایەخدان و دانانی پلان بۆ پێشخستنی شینژن، بۆ ئەوەبوو نەتەوەی چینی هەستی بە شەرم دەكرد كاتێ هۆنگ كۆنگی جاران لەژێر دەستەڵاتی بەریتانیادا پێشكەوتوو بێت، بەڵام لەبەرانبەریدا شینژن لەژێر دەستەڵاتی كۆماری میللی چیندا دواكەوتوو بێت، ئیدی پلانی نەتەوەیی فراوان بۆ پێشخستنی ئەو گوندە دەستپێكرد.
هەروەها یەكێك لە پەیامە هەرە گرنگە كردەییەكانی دیكە، كە دەكرێت بە زیرەكانە ترین پەیامی تیمی پرۆتۆكۆلی چینی پێناسەی بكەین، ئەو پەیامە بوو كە بەكامێرایان سپاردبوو. ڕاستە لە نەریتی دیپلۆماتیدا مێزی خڕ نیشانەی هاوسەنگی و هاوشانی ئەوانەیە كە كۆدەبنەوە، مانای وایە هیچیان لەهیچیان پێگەیان زیاتر نیە، بەڵام تیمی پرۆتۆكۆلی چین، لەپاڵ مێزە خڕەكەدا كامێرای بەجۆرێك دانابوو، كە ڕووی لە سەرۆك شی بێت و، گۆشەكانی كامێرا ئەو پەیامەی گەیاند كە سەرۆك شی كۆبوونەوەی بە ترامپ و پۆتین كردووە، هاوكات جێگەی ئاڵاكانیش ڕاستەوخۆ لەپشتی شییەوە بوون و، دووانەكەی دیكە لەو ئیمتیازە بێبەش بوون.
ئینجا ئێمە هەڵەی وا ناكەین پێمان وابێت ئەوەی بینراوە هەڵەی پرۆتۆكۆلییە، یان لەبێئاگایی تیمی ڕووسی و ئەمریكیدا كراوە، بەپێچەوانەوە، ئەوە بەشێكە لەو پەیامەی كە كۆنگرەی لوتكەی شینژن لەپێناویدا و بەڕەزامەندی هەردوو زلهێزەكەی تر گەیەنرایە جیهان. بەكورتی و پوختی لەشێوازی دانیشتنەكەوە ئەوەمان زانی كە: جیهانی تاك جەمسەر كۆتاییهاتووە، بگرە تای ترازووی هێز و قودرەتی ستراتیژی تاڕادەیەكی زۆر لەبەرژەوەندی چین لارەسەنگە.
بۆ هەر شیكەرەوەیەكی سیاسی و چاودێرێك ئەم پرسیارە دەبێتە پرسیارێكی میحوەری: ئەگەر ئەمریكا و ڕووسیاش دانیان ناوە بەوەی جیهانی تاك جەمسەر كۆتاییهاتووە، كەواتە جیهانی فرەجەمسەر چۆن دەبێت؟ چی دەگۆڕێت؟ كاریگەری شینژن لەسەر كۆی كایەكانی جیهان و ناوچە جیاجیاكان چۆن دەردەكەوێت؟.
بەلای منەوە دوو خاڵ زۆر گرنگن:
یەكەم: سڕینەوەی ئەورووپا وەك هێزێك كە قسە لەئایندەی جیهان بكات. مانای سڕینەوەی ئیرسی ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسیشە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دابەشكردنی كوردستان، دۆخەكە بەم شێوەیەی لەسەد ساڵی ڕابردوودا هەیە، بەشێكە لە ئیرسی ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسی، مۆدیلێكە و بەسەر چووە و، زۆر شت دەگۆڕێت و، بواری ئەوەش هەیە زۆر كارەكتەری نوێ بێنە پێشەوە. ئەگەر كوردیش بتوانێت لەم ئاڵوگۆڕە تێبگات، دوور نیە ئاڵوگۆڕەكە بیگرێتەوە.
دووەم: چاكسازی لە نەتەوە یەكگرتووەكان. هێنانی ئەم خاڵە وەك مەخرەجێكی كۆبوونەوەی لوتكەی شینژن، دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە بۆ جیهان، چونكە ئەو ڕێكخراوە نەیتوانیوە ئەركەكانی خۆی ڕاپەڕێنێت و، پێویستی بە چاكسازی و دووبارە ڕێكخستنەوەیە لە ئاستی ئەرك و پەیام و دامەزراوەكانی و لەهەموو سێكتەرەكانی تریش.
دەبێ گەلانی بێ دەوڵەت لە ئێستاوە وەخۆ بكەون و ئەم پرسیارانە لە پەكین و واشنتۆن و مۆسكۆ بكەن: ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێتە ڕێكخراوی هەموو نەتەوەكان؟ یان تەنها ڕێكخراوی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەكان دەبێت؟.
هاوكات كۆمەڵێك بابەتی هەستیار بۆ واقیعی نێودەوڵەتی ئیزافە كران، بۆ نمونە: كاتێك دەڵێت: دابینكردنی نەوت، یان سنوردانان بۆ دادگای نێودەوڵەتی، یان ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی زیاتری چەكی ئەتۆمی.
هەریەك لەو كۆدانە مانایەكی گەورەی هەیە و، ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر چەندین وڵات دادەنێت. سەیركە: مەسەلەی تەدەفوقی نەوت، پێویستی بەكایەیەكی تایبەتی نێودەوڵەتی هەیە، یان سنوردانان بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی، ڕاستە بەمەبەستی ڕازیكردنی پۆتینە، بەڵام لێكەوتەی قووڵی لەسەر سەرجەم ئەو دەستەڵاتدارانە هەیە كە دەیانەوێت سیاسەتی پۆلیسی پراكتیزە بكەن. ئەڵبەت دەستیان واڵا دەكات و بێ ترس لە لەلێكەوتەی یاسا “پیاوانی دەوڵەت” سیاسەت دەكەن و، جیهانێك چاوەڕوانمان دەكات كە سیاسەتی پۆلیسی ئامادەیی ڕوونی دەبێت لە زۆربەی ناوچەكانی جیهانی فرەجەمسەردا.
