رۆژنامەی ھەولێر

لە شەڕی بێدەنگیی نێوان هەوەس و ویژداندا، زۆرجار هەوەس دەیباتەوە؟

گوهدار شكری ئاكرەیی
لە ناخی هەر مرۆڤێکدا، هەندێک جار دوو دەنگ بەرامبەر یەکتر دەوەستن: دەنگی ویژدان و دەنگی هەوەس. ویژدان ئەو هۆشیارییە ناوخۆییەیە کە مرۆڤ وادەکات بیر لەوە بکاتەوە کە چی دروستە و چی نادروستە، و دەرەنجامی کردارەکەی لەبەرچاو بگرێت؛ بۆیە ویژدان زۆرجار پێویستی بە ئارامی، بیرکردنەوە و خۆگرتن هەیە. بەڵام هەوەس، ئارەزوو و پاڵنەرێکی خێراترە؛ دەیەوێت مرۆڤ شتێک لە ئێستادا بەدەستی بهێنێت و خۆشحاڵ بێت، بێ ئەوەی بیر لە دەرەنجامەکەی بکاتەوە. لەوێوە شەڕە بێدەنگەکە دەست پێ دەکات:

ویژدان دەڵێت: «ئەوە مەکە.» هەوەس دەڵێت: «بەڵام من ئەوەم دەوێت.»

مرۆڤ لەنێوان ئەم دوو دەنگەدا هەڵبژاردن دەکات، و هەر هەڵبژاردنێک بەشێک لە کەسایەتیی ئەو دروست دەکات. ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە: بۆچی زۆرجار لەم جەنگە بێدەنگەدا هەوەس بەسەر ویژداندا زاڵ دەبێت؟ کەچی لە بنەڕەتدا زاڵبوونی بەردەوامی هەوەس بەسەر ویژداندا، نیشانەی لاوازیی خۆڕاگرتن و بێئاگاییی مرۆڤە؛ چونکە شەڕەکە، شەڕی نێوان هەوەسی کاتی و ئەوەیە کە دەیزانین پێویستە ئەنجامی بدەین. بەڵام کاتێک ئارەزوو لە هۆشیاری بەهێزتر دەبێت، هەوەس دەرفەتی ویژدانت لێ دەستێنێت! لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاگایی و ڕاهێنان دەنگی ویژدانی خۆی بەهێزتر بکات؛ شەڕی نێوان ئەوەی دەمانەوێت و ئەوەی دەیزانین پێویستە بیکەین، وە هەر ئارەزوویەک پێویست نییە بەجێی بهێنین، چونکە هەندێک ئارەزوو تەنها بۆ ساتێک خۆشحاڵمان دەکەن، بەڵام دەرەنجامەکەیان دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵمان بمێنێتەوە. لە کۆتاییدا بە گشتی، شەڕی مرۆڤی بەستەزمان هەمیشە لەگەڵ دوژمنێکی دەرەوەدا نییە؛ زۆرجار گەورەترین شەڕ لە ناخی خۆماندا ڕوودەدات: ئای کە بەستەزمانین!