فەرهاد قادر ئۆمەر
ڕێگاکان تەنیا بە هەنگاو ناپێورێن و سەردانەکانیش بە دووریی مەوداکان، چونکە ئەوەی لە دوای ڕۆیشتن دەمێنێتەوە، ئەو شوێنەوارە ئەبەدیەیە کە لە زەین و یادەوەری مرۆڤدا جێی دەهێڵن. بە هەمان شێوە، هەندێ دانیشتن لە بازنەی کاتژمێر و چرکەکان دەردەچن، ئەوانە ساتگەلێکن مانا و چێژەکانیان هێندە قووڵ و پاراوە، کە دەبنە چەندین لاپەڕەی زیندوو و پڕ لە ئەندێشەی کتێبی تەمەن. ئەو ئێوارەیەش یەکێك لەو ساتە خۆش و بەهادارانە بوو، ساتێك کە ئەدەب و دۆستایەتی، یادەوەری و ئەزموونی ژیان، لە ژوورێکی پڕ لە کتێبدا یەکتریان گرتەوە. ئەو ڕۆژە هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی ماڵی نووسەرو ڕۆماننووس و شاعیری ناسراو، مامۆستا بەهرام محەمەد کاکل هەڵگرت. لەو سەردانەدا، دوو هاوڕێی دڵسۆز و هاوسەفەری ڕێگای ئەدەب و یادەوەری، مامۆستا بەکر کاکۆ و مامۆستا شەعبان، هاوڕێی من بوون. سێ کەس، بەڵام یەك هەست، هەستی خۆشەویستی بۆ وشە، کتێب و ئەو مرۆڤانەی ژیانیان بە مانایەك لە ماناکانی ئەدەبەوە بەستۆتەوە.
کاتێك چووینە ژوورەوە، یەکەم شت کە سەرنجی مرۆڤی ڕادەکێشا، ئەو ڕەفە کتێبانە بوون کە بە ڕێکوپێکی لە دیوارەکاندا ڕیز کرابوون، وەك ئەوەی هەر کتێبێك یادەوەریەکی زیندوو، هەر لاپەڕەیەك چیرۆکێکی نەگێڕدراو و هەر ناونیشانێك دەرگایەك بێ بۆ جیهانێکی تر. لەو ژوورەدا، وێڕای ئەوەی کتێب شتێکی دانراو لەسەر ڕەفە بوو، لەهەمان کاتدا بۆنی ژیان و هەناسەی بیرکردنەوەی لێ دەهات. دانیشتنمان بە گەرمی و دڵخۆشی دەستی پێ کرد. قسەکان لەسەر بابەتێك ڕاوەستابوون، بۆ بابەتێکی تر دەچوون، جارێك باسی ئەدەب و ڕۆمان و شیعرمان دەکرد، جارێك دەگەڕاینەوە بۆ ڕابردوو و یادەوەریە دوورەکان، جارێکیش ئەزموونەکانی ژیان و ئەو ڕێگایەمان دەخستە بەرباس کە مرۆڤ بە هیوایەوە دەیپێوێت، بە خەباتەوە دەیگاتە کۆتایی و بە یادەوەریەوە لە ناخیدا دەپارێزێت. لەو نێوانەدا، خەندەی دۆستانە و پەرداخەکانی چا، وەک هاوڕێیەکی بێدەنگ، لەگەڵمان بوون. هیچ کەس پەلەی نەبوو، چونکە کاتێ مرۆڤ لەگەڵ کەسانی خۆشەویستی خۆیدا دادەنیشێت، کات مانای ئاسایی خۆی لەدەست دەدات. ئەوەی دەمێنێتەوە، چێژی گفتوگۆ و ئارامی دڵە.
لە ناو ئەو هەموو ساتە جوانانەدا، دیاریەکی ئەدەبی و مەعنەویش بووە شەوچەرەی دانیشتنەکە. مامۆستا بەهرام محەمەد کاکل، بە میهرەبانیەکی تایبەتەوە، کتێبی بەهادارو بیرەوەریەکانی مامۆستا عوسمان یابە سنجاوی بە ناونیشانی (ژیانم، خەبات لەپێناو شکۆمەندی) پێشکەش کردین. ئەو کتێبە بۆ ئێمە کلیلێك بوو بۆ کردنەوەی دەرگای یادەوەرییەکانی مرۆڤێك کە ژیانی بە خەبات و خەباتی بە شکۆمەندی مرۆڤەوە بەستۆتەوە. بەرگی سەوزی کتێبەکە، لەو ساتەدا، زیاتر لە ڕەنگێکی ئاسایی بوو، وەك ئەوەی هێمای هیوا و بەردەوامی ژیان بێ. بە تایبەتی، ئەوەی لە پێشەکی و ناوەڕۆکی سەرەتایی کتێبەکەدا هەستمان پێی کرد، ئەو پەیوەندیە قووڵە مرۆیی و هاوڕێیەتیە بوو کە لە پشت ڕووداوەکانی ژیان و خەباتدا شاردراوەتەوە. لەو ساتەدا بیرم لەوە کردەوە کە کتێب هەندێک جار زیاتر لە دیارییەکەی خۆی بەهادارە، چونکە کەسێك بە پێشکەشکردنی کتێبێك، بەشێك لە جیهانی ناوەوەی خۆی، بەشێك لە یادەوەری و ئەزموونی مرۆڤێکی ترمان پێ دەبەخشێت. ئەوەش جوانترین جۆری دیارییە، دیارییەك کە بە خوێندنەوە تەواو نابێ، مەگەر لەگەڵ هەر لاپەڕەیەكی كتێبەکە، دنیا دەرس و دیمەنی زیاتری ژیان. کات بەبێ ئەوەی هەستمان پێ بکات، لە نێوان قسەو خەندەو باسە ئەدەبیەکاندا تێپەڕی، شەو بەهێمنی خۆی پەنجەرەکانی دەرەوەی داگرت، بەڵام ڕووناکی ئەو دانیشتنە لە ناخماندا هەروا درەوشاوە مایەوە. لە دەرەوە شەو درەنگ کەوت، بەڵام لە ناو ئەو ژوورەدا چرای وشە و یادەوەری هێشتا کوژابوونەوەی نەدەزانی. دواجار، کاتێ کاتی ماڵەوە و گەڕانەوە هات، بە دڵێکی پڕ لە خۆشی و دەستێك کتێب و یادەوەری، لە مامۆستا بەهرام کاکل و ماڵە گەرمەکەی ماڵئاواییمان کرد. لەگەڵ مامۆستا بەکر کاکۆ و مامۆستا شەعبان، ڕێگای گەڕانەوەمان گرتەبەر، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە هەندێ شت لەو ژوورەدا بەجێمان هێشتبوو و هەندێ شتیشمان لەگەڵ خۆمان هێنابوو: خۆشی هاوڕێیەتی، چێژی گفتوگۆ، بەهای کتێب و گەرمای دڵی مرۆڤێکی ئەدیب. لە کۆتاییدا، ئەو وێنەیەی لەگەڵ ئەو دوو هاوڕێیەی ڕێگا و مامۆستا بەهرام کاکل چرکێنرا، تەنها تۆمارکردنی ساتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وێنەیەك بوو لە هاوڕێیەتیەکی پڕمانا، لە دیدارێکی ئەدەبی و لە ساتێك کە دواتر دەبێتە یادەوەرییەکی شیرین، چونکە ژیان تەنها بەو ڕۆژانە ناپێورێت کە تێیدا دەژیین، بەڵکو بەو ساتانە پێورێت کە دوای تێپەڕبوونیان، هێشتا لە دڵماندا زیندوون. ڕاستە دیدارەکە کۆتایی دێت، بەڵام هەرگیز لە یاددا کۆتایی نایەت.
