ڕائیب جادر – هەولێر
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ١٦٠٠ پڕۆژە لە پارێزگای دھۆک جێبەجێ کراون و ڕێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکان لەو پارێزگایە لە ٨٠% تێپەڕیوە، لە کاتێکدا داواکاری ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کراوە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە.
ئیدارەی پارێزگای دھۆک بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی لافاو، ھەڵمەتێکی فراوانی دەست پێکردووە و تێیدا زۆرینەی مەنھوڵ و ئاوەڕۆکانی پاک کردووەتەوە، ھەروەھا ژمارەیەک پڕۆژەی نوێش بۆ ڕێگری لە دروستبوونی لافاو جێبەجێ دەکرێن.
کارەکانی دروستکردنی پارکی نیشتمانیی دھۆک لە ڕۆژئاوای دھۆک بە گوژمەی ١٢٨ ملیار دینار و لەسەر ڕووبەری ملیۆنێک و ٥٧٥ ھەزار مەتر دووجا بەردەوامە. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای “نۆرس لایت” جێبەجێ دەکرێت و ڕێژەی کارەکانی گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥%ـی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەردی بناغەی بۆ پڕۆژەکە دانا و ماوەی چوار ساڵ بۆ تەواوبوونی دیاریکراوە، بە تەواوبوونی پارکەکە، ڕێژەی سەوزایی لە دھۆک بە نزیکەی ٣% زیاد دەکات.
پارکەکە لەسەر ئاستی عێراق دەبێتە یەکەم پارک، چونکە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٦٠٠ دۆنمە و ٨٠%ـی ڕووبەرەکەشی سەوزایی دەبێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ڕێژەی سەوزایی لە دھۆک دەگاتە ستانداردە جیھانییەکان.
جگە لە ڕووبەری سەوزایی، پارکەکە چەندین خزمەتگوزاری وەک ھۆتێل، بەنداو، نافووری ئاو، مزگەوت، خواردنگە، کافێ، یاریگە و شوێنی وەرزشی لەخۆ دەگرێت، کە سیمایەکی نوێ بە دھۆک دەبەخشێت و سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی داوە و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆکەوە ھەنگاوی باش لەو بارەیەوە نراون، ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە دھۆک ١٥%ـە و ھەوڵەکان بۆ گەیاندنی بە ستانداردە جیھانییەکان بەردەوامن، ھاوکات لە دھۆک ١٥٠ باخچە و ١٠ پارکی گشتی ھەن، کە تیمێکی تایبەت بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان تەرخان کراوە.
ماجد سەیدساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، ئاشکرای کرد، لە دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پارێزگای دھۆک، چەندین داواکارییان ئاراستە کراون، کە دیارترینیان بریتی بووە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژە تەواونەکراوانەی بەھۆی نەبوونی نەختینە و خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیای بەڵێندەرەکانەوە کارەکانیان پەک کەوتووە.
جێگری پارێزگاری دھۆک، ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژە وەستاوەکان لە چەندین سێکتەری جیاوازدان، لەوانە پەروەردە، ڕێگەوبان، ئاوەڕۆ و تەندروستی، بەڵام تەواوکردنی چەند قوتابخانەیەک و پڕۆژەیەکی ڕێگەوبان لە پێشینەی کارەکانن و پێویستە پەلە لە تەواوبوونیان بکرێت.
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم لەو پارێزگایە، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کە لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا ١٦٠٠ پڕۆژە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە دھۆک جێبەجێ کراون و زیاتر لە ٨٠%ـی پڕۆژەکان تەواو کراون، ھاوکات چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێ کردندان، لەوانە پڕۆژەی دووسایدی باعەدرێ و ئیتێ کە ٧٠%ـی کارەکانی تەواو بووە، پڕۆژەی پارکی ئالوکایە، پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش کە ئاوی ٨٠ گوند دابین دەکات، جگە لە چەندین پڕۆژەی دیکە لە کەرتی ڕێگەوبان، کارەبا و تەندروستیدا.
